لەم بۆنە پیرۆزەدا: بانگەشەی گشت لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان، گشت چین و تۆێژەکانی دانیشتووی سەرخاکی داگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، کە با کار بکەین لە پێناوی سەربەخۆیی یەکجاری و تام و چێژی دیکە بە هاتنەوەی بەهارو نەورۆز بدەینەوە.
شاراوە نیە کە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەرکێکی زۆر قورسە و ماندووبوون و باجی دەوێ، و لە هەمان کاتیشدا ئەرکێکی زۆر نەتەوەیی و ئەخلاقی ومافویستیە بۆ هەر کوردێک کە شەرعیەت بە داگیرکاری خاک و نیشتیمان و سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بە داگیرکەر نادات. هەستان بەو ئەرکە نەتەوەییە وەک هەموو فەرزەکانی ژیان پێویستە.
پەیامی نەورۆزانەی عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، با نەورۆز بکەین بە سیمبولی سەربەخۆیی کوردستان.

خەڵکی کۆڵنەدەر و ماندوو نەناس و نیشتیمانپەروەری کوردستان
لاوانی خۆێنگەرم و سەربەخۆ و سەربەستیخوازی کوردستان.
بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز و ساڵی نۆی کوردەواری، واتە ساڵی٢٧١٦.ی کوردی هاوکات لەگەڵ ٢٠ ١٦ی زاینی، پیرۆزبایی خۆم و گشت هەڤاڵانم لە پارتی سەربەستیی کوردستان، ئاراستەی گشت خەڵکی کوردستان و گشت ئەندامان و هاوبیرانی نەتەوەییم دەکەم.
لەگەڵ گەشانەوە و ڕازانەوەی ناوچە جوان و دڵگیرەکانی کوردستان لە وەرزی بەهاردا، هەمیشە ئەو چاوەروانیەمان وەبیردێنێتەوە کە دەبێت لە بەهارێکدا ئاهەنگی٢جار شادی بگێرین، یەکیان رزگاری و سەربەخۆیی یەکجاریمان، ئەوی دیکەش وەک نەریتی ساڵانە بەرەو پیری ساڵی نۆیی گەلە خاوەن فەرهەنگ و مێژووەکەمان.
سەرتاسەری کوردان و کوردستانیان لە سەر خاکی کوردستان و هەندەران بە گەرمی پێشوازی لەم بۆنە نەتەوەیی و کەلتورییە دەکەنەوە. بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێرای گشت ئاستەنگیەکان، بەڵام خەڵکی خۆراگری ئەو بەشەی وڵاتەداگیرکراوەکەمان بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی خۆیان بە داگیرکەرانی فارسی و شۆفینیستی ئێرانی بە خرۆشەوە لە شارو شاخەکان بەرەو پیری نەورۆزەوە دەرۆن.
لەم بۆنە پیرۆزەدا: بانگەشەی گشت لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان، گشت چین و تۆێژەکانی دانیشتووی سەرخاکی داگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، کە با کار بکەین لە پێناوی سەربەخۆیی یەکجاری و تام و چێژی دیکە بە هاتنەوەی بەهارو نەورۆز بدەینەوە.
شاراوە نیە کە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەرکێکی زۆر قورسە و ماندووبوون و باجی دەوێ، و لە هەمان کاتیشدا ئەرکێکی زۆر نەتەوەیی و ئەخلاقی ومافویستیە بۆ هەر کوردێک کە شەرعیەت بە داگیرکاری خاک و نیشتیمان و سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بە داگیرکەر نادات. هەستان بەو ئەرکە نەتەوەییە وەک هەموو فەرزەکانی ژیان پێویستە.
کوردستانیانی وڵاتداگیرکراوی خۆشەویست:
هیچ مافێک بە ئاسانی بە دەستنەهاتووەو بە دەستنایەت، و هیچ نەتەوەیەکیش بە بێ خۆێندان و ئاوارەی ونەهامەتی، نەیتوانیوە داگیرکەر لە سەر خاکەکەی دەربکات، هەرچەند گەلی کورد لە زۆر نەتەوەی دیکەی جیهان خەبات و قوربانی دانی زۆرتر بووە، بەڵام ویستی سەربەخۆیی نەکراوەتەوە ڕەورەوەی خەباتەکان. بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتی خۆمان و مافەکانی خۆمان لە ژێر چنگی داگیرکەر ڕزگار بکەین، پێویستمان بە قوربانی و باجدانە.
با چیدیکە چاورێی خەیر و بەزەیی کەسدا نەبین، و مێژوو پێی سەلماندووین کە تەنیا خۆمان دەتوانین هاورێێ ڕاستەقینەی وڵاتەکەمان بین. دونیای بەرژەوەندی نەوت و ئابوری ڕێگرە لە دروستبوونی پشتیوانی ڕاستەقینەی نەتەوەکەمان لە ئاست دونیای دەرەوەدا. کەوابێت با هەموومان سیستەمی خەبات و پەروەردەی خەباتگێران بکەین بە پەروەردەیەکی نەتەوەیی وسەربەخۆخوازی و دەوڵەتخوازی. با هەموومان بانگەشەی خەڵکی کوردستان بکەین، کە برژێنە سەر شەقامەکان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دروشمی کوردستانی سەربەخۆمان دەوێ داواکارییەکانمان بەرزکەینەوە. با داوا بکەین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکاری گەلی کورد بکەن بۆ ڕێفراندۆمێکی سەرتاسەری کوردستانی، و ببینن کە ئایا گەلی کورد بە زۆر لکێندراوە بەو وڵاتانە یا بە ویستی خۆیان.
با نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی چاودێری جیهانی بەدەنگ و خۆسەپاندن بێنین کە چی دیکە لەئاست گەلی کورد ئەوەندە بێدەنگ و کەمتەر خەم نەبن.
من لەم رۆژە پێرۆزەدا پەیامی خۆم ئاراستەی لاوان و وڵاتپارێزەرانی گشت کوردستان دەکەم، بە تایبەت لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کرماشانی پایتەخت، لە ئیلام بوکی زاگرۆز، لە موکریانی مەکۆی کۆماری کوردستان، لە سنەی قارەمان، لە ورمێ سمکۆکان، لە لورستانی فرە کولتور و جوان. کە یارو یاوەری بیری سەربەخۆیی کوردستان بن تا ئاستی ڕزگاری یەکجاریمان لە ژێر چنگی فارسی داگیرکەر لە تارانەوە.
جارێکی دیکە نەورۆز و ساڵی نۆێی کوردی لە هەموو کوردێکی ئەم جیهانە پیرۆز بێت.
براو خزمەتکاری نەتەوەییتان
عارف باوهجانی/ سهرۆکی پارتی سهربهستیی کوردستان.
نەورۆزی ٢٧١٦ی کوردی ٢٠ ١٦ی زاینی