زۆر جار هەوڵدراوە ئەو پڕۆژە نەتەوەییە دروست بکرێت و کاری زۆریشی بۆ کراوە، بەڵام نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان هەنگاوی زۆریان ناوە بۆ ڕێگریکردن و بەربەست دروستکردن لەو بوارەدا، کە لە سەرەوەی هەموویان کۆماری ئیسلامی ئێران دەورێکی سەرەکی هەیە لەو بوارەدا. منیش دەڵێم ناوچەکە بەرەو گۆڕان دەچێت و پێویستە ناوەندێکی بڕیاردانی نەتەوەیی بۆ کوردستانی مەزن دروست بکرێت، کە وەڵامدەری ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا بێت.
بەشى سێیەم: پارتی سەربەستیی کوردستان، عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.

پيشه کى:
ئاماده کارى و سه رپه ره شتى وتوويژه کان: سالار حیسامی
ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە ئەمریکا، زنجیرە وتووێژێکی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانکارییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەو جیهان و کاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پێگەی کورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێکی دیکە ئەنجام داوە، کە لەماڵپەڕی ڕادیۆ دەنگی کوردستان لەئەمریکا، (بەڕەچاوکردنی پێوەری بێلایەنی پیشەیی) بەپێی پیتی(ئەلف بێ)ی ناوی حيزبە بەشداربووەکان بڵاودەکرێنەوە، هەر لایەنێکیش دواتر وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، هەر لە ریزی ئەو زنجیرە وتووێژەدا دادەنرێ.
پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار بکەینەوە کە ئەم زنجیرە وتووێژە لەپێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری ئەنیستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) لەهەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لایەنانەش کە لەو پانێلانەدا بەشدار نەبوون، لەم زنجیرە وتووێژەدا بەشدار کراون.
بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدۆخێکی ئاڵۆزو پڕکێشەی ئەوتۆدایە کە ئەگەری گۆڕانکاری لەئایندەی ناوچەکەدا پتربووە، ئەوەش نکۆڵی لێ ناکرێ کە ملمڵانێی ناڕەوای ئایینی و مەزهەبی بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندڕەوەی و تیرۆریزم، بەجۆرێک کە دەرگای بۆ دەستوەردانی دەرەکی لەئاستی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهاندا کردووەتەوە، کوردیش لەو گۆڕانکارییانەدا پشکی شێری بەردەکەوێ. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ یەکڕیزی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، تەوەری سەرەکیی وتووێژەکانمان لەبارەی زەروورەتی پێکهێنانی بەرە، یان هێزێکی هاوبەش و هەماهەنگیکار بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵدراوە کۆسپەکانی بەردەم ئەو هەنگاوە پێویستە تاوتوێ بکرێ. لەوانەشە زۆر کەس گەورەیی و مێژووی ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی لایەنەکان بەلایانەوە پێوەر بێ، ئێمەش وەک چاودێر و میدیاکار، شرۆڤەی تایبەت و بابەتییانەمان بۆ قورسایی هەر لایەنێک هەیە، بەڵام ئەرکی پیشەیی ناچارمان دەکا، هیچ لایەن و حزبێ نادیدە نەگرین، ئەوەشی وا دوابڕیاردەرە کە کام لایەن جەماوەریترە، ئیرادەی گەلی کوردستانەو ئەو بڕیارە بۆ هاووڵاتییانی کوردستانی بەجێدەهێڵین.
هیوادارین ئەرکی خۆمان وەک میدیاکاری بێلایەن بەباشی جێبەجێ کردبێ.
پرسیاری یەکەممان با ئەوە بێت، ماوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی چەکداری سەری هەڵداوەتەوە و ئەو شێوازی خەباتەش خوێندنەوەى جیاوازی بۆ دەکرێ، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانکاریى ژیوپۆلۆتیکی هەنگاو هەڵدەگرێ، هەڵوێستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە?
ئەوەی من تێيگەیشتووم، هەندێک لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگەیان ناردووەتەوە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک بە مەبەستی شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بگرە بە مەبەستی خەباتی ڕێکخستن و دیدار لەگەڵ خەڵکدا، بەڵام لەو گەشتە سیاسی و ڕێکخستنانەشدا دەکەونە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرگری لە خۆیان دەکەن. بێگومان لەبەر پاراستنی دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی حزووری لە ڕۆژهەڵات دابڕابوون، هەر بۆیەش من ئەو هەنگاوە بە هەنگاوێکی دروست و گونجاو دەزانم. من پێموایە لەم سەردەمەدا کە گۆڕانکاری لە ناوچەکان خەریکە دروست دەبێت، پێویستە لایەنە سیاسيیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانایی و ئامادەیی خۆیان پێشان بدەن، بەگشتی من گەڕانەوەی هێزە سیاسءیەکانی کوردستان بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یاسایی و ڕەوای دەبینم.
ڕایەک هەیە پێداگری لەوە دەکا، کە لە بەشێکی باشووری کوردستان جۆرێک لە سانسۆری هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێ، لە بەشێکی دیکەشی بایەخی تەواوی پێ دەدەن، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەو ڕایە هەیە?
بەڵێ، بەداخەوە هیندێک لە ڕاگەیاندنەکان زۆر بێدەنگی لە ئاست هەواڵ و سەرکەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەبژێرن. هۆکارەکەشی بۆ نفووز و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەو ڕاگەیاندنانە دەگەڕێتەوە.
پێوەندییەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنە و ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری کوردستانتان لەبەرچاو گرتووە کە کاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەکان لە دژی حکومەتی بەعس لە بەرەیەکدا بوون و ئێستا هەر ئەوان بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە?
پێوەندییەکان لە دوو بەشدا خۆیان دەبیننەوە، یەکەم: پێوەندی لەگەڵ لایەنەکانی نەتەوەکانی بندەست لە ئێراندا، کە بریتین لە نەتەوەکانی عەرەبی ئەحواز، بەلوچ، تورکمەنستان و تورکی ئازەری و هیندێک کەمینەی دیکەش، ئەمانە نەتەوەی بندەستن و وەک ئێمەی کورد لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەچەوسێنەوە. دووەم: پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزيسیۆنی ئێرانیيە، واتە ئەو حزبە ئێرانیيانە کە خۆیان بە حزبی پاراستنی یەکپارچەیی ئێران دەزانن و زۆربەیان پان ئێران خواستن، ئەمانە لە بەرنامەو پڕۆگرامیاندا نییە کە دان بە مافی چارەنووسی گەلی کورد و هیچ نەتەوەیەکی دیکەش لە ناوچەکەدا بنێن. کەوابێت چۆن دەتوانین لەگەڵیان پێوەندی هاوبەشمان هەبێت.
ئەگەر هیندێک لەوان ئیستا لە تاڕاوگە تۆزێک نەرمی لە خۆیان نیشاندەدەن، یا وەک نموونەیەک باس لە مافی خودموختاری دەکەن، بەدڵنیايیەوە بچنە سەر حوکم زۆر لە کۆماری ئیسلامی توندتر دەبن لە بەرامبەر ویستی مافی گەلی کوردا. هەروەک لە پرسیارەکەی بەڕێزیشتاندا هاتووە کە نموونەی زۆرە لەو حزبانەی کە کاتێک لە هەولێر و سلێمانی بوون، بە قسە دانیان بە هەموو مافێکی کورددا دەنا، بەڵام کە چوونەوە بەغدا لە هەموو قسەو بەڵێنییەکی خۆیان پەشیمان بوونەوە. هەر بۆیە ێێمە پێمانوایە کە لایەنە سیاسیيەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت زۆر بە وردبینیيەوە بچنە ناو پرۆسەی دۆستایەتی لەگەڵ لایەنە سەرتاسەری خوازەکانی ئێرانی.
بۆچی لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا لەسەر ئاستی هەموو پارچەکان، پڕۆژەیەکی نەتەوەیی، یان لانیکەم رێککەوتنێک لەسەر رەهەندە گشتییەکان نابیندرێ و بۆچی کۆنگرەی نەتەوەیی پەکی کەوت?
زۆر جار هەوڵدراوە ئەو پڕۆژە نەتەوەییە دروست بکرێت و کاری زۆریشی بۆ کراوە، بەڵام نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان هەنگاوی زۆریان ناوە بۆ ڕێگریکردن و بەربەست دروستکردن لەو بوارەدا، کە لە سەرەوەی هەموویان کۆماری ئیسلامی ئێران دەورێکی سەرەکی هەیە لەو بوارەدا. منیش دەڵێم ناوچەکە بەرەو گۆڕان دەچێت و پێویستە ناوەندێکی بڕیاردانی نەتەوەیی بۆ کوردستانی مەزن دروست بکرێت، کە وەڵامدەری ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا بێت.
دەگوترێ باسی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە پرسێکی سەرزارەکی، لە بەر ئەوەی هەموو حزب و لایەنەکان بە دەیان جار لە بەر دەم مایکی میدیاکاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێکهێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە، کەچی تا ئێستا وەک پراکتیک هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا کە گۆڕانکاری جددی لە ناوچەکەدا رووی داوە و وەرچەرخانی دیکەش بەڕێوەیە، تا چەند هەوڵتان داوە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێ، یان وەک لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم جۆرێک لە هەماهەنگی لە نێوان خۆتان دروست بکەن?
منیش پێموایە زۆربەی حزبەکان لە ڕاگەیاندن و لێدواندا ئامادەیی تەواو پێشاندەدەن لە دروستبوونی بەرەدا، بەڵام لە کاتی کرداردا دەیان بڕوبیانوو بۆ یەک دێننەوە. زۆر کۆسپ و هۆکار دروستکراون، کە ڕێگرن لە دروستبوونی بەرەیەکی هەنووکەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەنگاوێک زیاتر دووری خستووینەتەوە، نموونەش دابەشبوونی هیندێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ دوو بەش و سێ بەش، ئێمە هیچکات دژ یا کۆسپ نەبووین بۆ دروستبوونی بەرە، لە هیچ لایەنێک جیانەبووینەتەوە، تا لایەنی دیکە دژمان بوەستێتەوە، بگرە زۆر بانگەواز و پشتیوانمان بۆ دروستبوونی پێشانداوە، چەندین جار ئامادەیی خۆمان نێشانداوە لەوەی کە لە ئوروپا ئامادەین پێشوازی لە نۆێنەری هەموو لایەنەکان بکەین، بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی باس و خواست لەو بوارەدا. لێرەشەوە دووبارەی دەکەینەوە کە پارتی سەربەستیی کوردستان بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئامادەیی بە کردەوە بۆ ئەو هەنگاوە پێشان دەدەین، دروستبوونی بەرەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لە ئەرکە گرنگ و زەروورەکانی هەنووکەی کوردستان دەزانێن.
کۆبوونەوەی هەندێ لە حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی هەماهەنگی و کاری هاوبەش تا چەند پرۆسەیەکی کارایە و ئەوەش کە دەگوترێ جۆرێک لە تەریکخستن، یان نادیدەگرتنی لایەنگەلی دیکەی لێکەوتووەتەوە، تا چەند ڕاستە?
لەو ماوەیەدا بیستمان کە چەند حزبێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هیندێک خاڵی هاوبەشیان بووە، کۆبوونەتەوە، من لەگەڵ بەرپرسی یەکێک لە لایەنەکانی ڕێکخەری ئەو کۆبوونەوانە پێوەندیم گرت، وەڵامی ئەوەم دەستکەوت کە گوایا ئەوان ئەو لایەنانەن داوایان لێکراوە کە هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵات بکشێنەوەو لەو بوارەوە قسەیان کردووە، ئەگەر کۆبوونەوەکانیان درێژە بکێشێت، ئەوا لایەنی دیکەش بانگهێشت دەکەن.
یەکگرتنەوەی دیموکرات و کۆمەڵەکان تا چەند زەمینەی هاوکاری و خەباتی هاوبەشی گشت حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆش دەکا?
یەکگرتنەوەی دیموکرات و کۆمەڵەکان لە زۆر بواردا هاوکار دەبێت، بەتایبەت گەورەترین ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەمێکە دۆسیێ ناوکی، پرسی دیموکراسی و فایل و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تا چەند بەوە گەشبینن کە ئەو فشارانە ئەگەری ریفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە?
لە ساڵی١٩٧٩ تا ئیستا بە ڕاپۆرتی ساڵانەو مانگانەی ڕێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکوم دەکرێت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی لەو رێژیمە دروست نەکردووە و بگرە ساڵ بە ساڵ زیاتر خراپتر دەبێت. من پێموایە باشترین هەنگاو بۆ سەقامگیری ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارکردنە بۆ ڕووخاندنی رێژیمى دیکتاتۆيی کۆماری ئیسلامی ئێران.
کەواتە وڵاتاتی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا بۆچی بە سیاسەتی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن
دەکرێت بڵێین بەداخەوە ئیدارەی ئۆباما زۆر بە نەرمی لەگەڵ ئێران مامەڵەی کرد، ئەو نەرميیەش وای لە ئێران کرد کە زیاتر لەخۆبایی بێت و خۆی بە سەرکەوتوو بزانێ لە ئاست جیهاندا، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ئەگەری هاتنە سەرکاری کۆماریخوازەکان لە ئەمریکادا گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران دەکرێت، ئەو گۆڕانکاریيەش دەتوانێ کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئوروپا هەبێت.
دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێ، کۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد لە ئێران بکا، ئەگەر وەک رێکخراوێکی ڕێپێدراو مافی چالاکیی سیاسی و مەدەنیتان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ بدرێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەکەن و تا چەند ئەو ئەگەرە بە شتێکی مەحاڵ دەزانن?
تا ئەوەی ئێمە لە کۆماری ئیسلامی ئێران حاڵی بووبین، ئەوە شتێکی مەحاڵە، هەرگیز نیيەتپاکی لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مەسەلەی ئاشتی لەگەڵ گەلی کورد ناوەشێتەوە، چونکە ئەگەر باس لە ئاشتی و وتووێژ بکرێت، دەبێت باس لە دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە بکرێت، کە ئەوانیش هەرگیز ئامادەی ئەوە نابن، سیستەمی ویلایەتی فەقێ یانی سیستەمی دژی دیمۆکراتی و مافی مرۆڤ.