بە بۆنەی ئەم یادە پیرۆزەوە وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی گشت ئەندامان و لاینگرانمان و گشت خەڵکی کوردستانی مەزن. و حیزبەکەی پێشەوای مەزن حیزبی دیمۆکرات دەکەین
پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە بۆنەی ٧١مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.
کوردستانیانی وڵاتداگیرکراو، ئەویندارانی سەربەستیی و سەربەخۆیی یەکجاریی.!
لە سەردەمانێکدا کە زۆر گەل و نەتەوەیی بندەست لە پاش کۆتایی هاتنی شەری دووەمی جیهانی بەرەو سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجاری خۆیان ئامادە دەکرد، گەلی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە قۆزتنەوەی ئەو هەلەدا کەمتەرخەم نەبوون، توانیان ٧١ ساڵ پێش بەڕێبەری پێشەوا قازی موحەممەد یەکەمین کۆماری سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەنن.
بە بۆنەی ئەم یادە پیرۆزەوە وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی گشت ئەندامان و لاینگرانمان و گشت خەڵکی کوردستانی مەزن. و حیزبەکەی پێشەوای مەزن حیزبی دیمۆکرات دەکەین.
ئەو کۆمارە نەتەوەیی و سەربەخۆییەی کوردستان کە توانی لە یەکەم رۆژی دامەزراندنیەوە رەنگ و بۆی گشت کوردستانی پێوە دیاربێت، و هەر بۆیەش بە بەشداری هەزاران تێکۆشەری باشوری کوردستان و بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر، باشترین بەڵگەی کۆماری سەربەخۆیی کوردستانە.
بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە شێوەیەکی فەرمی ئاڵا و لەشکر و سرودی نەتەوەیی کوردستان ڕاگەیاندرا. نێوی ئێران لە سەر سنووری ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان سڕایەوە.
کۆماری کوردستان بە هەموو کەم و کوری و کەمتەمەنییەکەیەوە گۆرانکارییەکی زۆری لە مێژووی گەلی کورددا دروستکرد.
ئیستاش کە ٧١ ساڵ بە سەر ئەو مێژووەدا تێپەردەبێت مخابن نەمانتوانیوە ئەو ڕێرەوە لە دەستچووەی کۆمارە ساواو جوانەمەرگەکەمان بە دەست بێنینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین ڕیچکەی کۆمار بگرینەوە پێویستە بە زووترین کات بەرەیەکی نەتەوەیی کوردستانی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبکەین، کە هەوێنی ئەو بەرەش بە دروستکردنی حکومەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەنفا بێت، هەروەک ئەزموونی سەرکەوتووی پێشووتری دەیان نەتەوەی دیکەی بندەست لە جیهاندا.
بە دڵنیایەوە دروستکردنی ئەم بەرە نەتەوەییە، ڕۆڵەکانی کرماشان، ئیلام، لوڕستان، موکریان، هەورامان، سنەو ئەردەڵان و رمێ دڵخۆش دەکەن، بیرۆکەی سەربەستیی و سەربەخۆیی گەل بەهێز دەکەن.
بەرز و بەڕێز بێت حەفتاو یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.
ئازاد و ئاوەدان بێت خاک و نەتەوەی کورد و کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٦ی کوردی ٢٠ ١٧ ی زاینی.