سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا خەریکی کات کوشتنە ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەهێنێت.
عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمریکا سیاسەتێکی تایبەتی هەیە بەرانبەر بە بەرپرس و سەرکردە و حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە ئەفریقاش زۆرجاران خۆی ماوەیەک کەسانێک دادەنێت و ناڕاستەوخۆش دەیانهێڵێتەوە تاکو ئەو کاتەی مەبەستێتی و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێت لەبەرانبەر وڵاتێکی دیکە.
وتیشی”ئەوەی ئێمە تێیبگەین، ئێستا ئێران بۆ ئەمریکا ئیکسپایەر بووە، بەشێوەیەک ئێران نانی تێدا نەماوە بۆ ئەمریکا و ئەو سودەی ئەمریکا دەیەوێت لە پشتی ئێران بیکات نەیماوە، ئەمریکا بەرنامەی ڕوخانی هەیە، بەڵام ڕوخانەکەی کەی و چۆنە ناتوانین بەروارێک دابنێین”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ساڵی 1991ەوە ئەمریکا وردە وردە بەرنامەی ڕوخانی حزبی بەعسی دانا، بەڵام زۆر بە هێواشی دەستی پێکرد و لەناوخۆ تەپاندی و گەندەڵی و ناپاکی زۆر بوو، زۆربەی بەرپرسان زانیاری هەواڵگریان دەدایە ئەمریکا تا وایلێهات ڕوخاندی، پێموایە ئێرانیش بەرنامەی ڕوخانەکەی لەلایەن ئەمریکاوە مسۆگەر بووە.
ئاشکراشیکرد، ئەمریکا ئەو کەشتیە گەورە و هێزە سەربازییە زۆرەی بۆ کەنداو هێناوە لە خۆڕا نییە، ئەمریکا هیچ کات نەبووە ئەو هێزانەی بجوڵێنێت و مەبەستەکەی خۆی پێ جێبەجێ نەکات.
سەبارەت بە بوونی گفتوگۆ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، باوەجانی ڕایگەیاند، ئەمریکا تەنها کات دەکوژێت، دەیەوێت واینیشان بدات کە جارێ شەر لەگەڵ ئێران ناکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ مێژوو دەیڵێم ترەمپ پێش تەواوبوونی خولەکەی و لەوانەیە خولی داهاتووش بمێنێتەوە تاکو ئێران نەڕوخێنێت ناڕوات، چونکە لە هەڵبژاردنەکان سێ بەڵێنی دا دوانیانی جێبەجێ کرد، یەکەم وتی قودس دەکەمە پایتەختی ئیسرائیل و کردیشی، دووەم وتی جۆلان دەگێڕمەوە بۆ ئیسرائیل، سێهەم وتی ئێران دەڕوخێنم و چەند وڵاتی دیکەش و کۆریای باکوریشی لە بەرنامەدایە و یەکلاییان دەکاتەوە جێیاناهێڵێت بە نیوە و ناتەواوی.