وا سیساڵ بە سەر شەهیدبوونەکەی نزیک دەبێتەوە، بەڵام ساڵ بە ساڵ کە بە سەر شەهیدبوونی ئەم سەرکردە گەورەیە تێپەر دەبێت، بە پێجەوانەوە! خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و ژیرییە
من بۆ ئەم سەرکردە شەهیدە ( دوکتۆر قاسملو) م هەمیشە خۆش دەوێت.
وا سیساڵ بە سەر شەهیدبوونەکەی نزیک دەبێتەوە، بەڵام ساڵ بە ساڵ کە بە سەر شەهیدبوونی ئەم سەرکردە گەورەیە تێپەر دەبێت، بە پێجەوانەوە! خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و ژیرییەکەی زیاتر بۆ گەلەکەی و نەتەوەکەی و چاودێرانی سیاسی کوردستانی و جیهانی ئاشکرا دەبێت.
جیاواز لە بیروبۆچوونی من یا هەر کەسی دیکە لە سەر سیاسەتی حیزبەکەی شەهیدی ناوبرا، بەڵام ناکرێت و ناتوانرێت لە ڕاستی لێزانی ئەم سەرکردەیە کەمکرێتەوە.
هەرچی پێداچوونەوە بە نووسینەکانی ئەو سەردەمانەی دەکەم، کە هیندێکیان نیو سەدەی بە سەردا تێپەریوە، هەرچی گۆێ لە قسە بە نرخەکانی دەگرم. زیاتر لەوە تێدەگەم کە بە ڕاستی دوکتۆر قاسملۆ کەسێکی گەورە بوو بە مانای ووشە. کە مخابن نەمانەکەشی بۆشاییەکی گەورەی لە نێو جووڵانەوەکانی گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێوە دیارە.
کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد لە ٨ ساڵ، وەزارەتێکی تایبەتی سەرقاڵی پرۆسەی ترورکردنەکەی بووە، زیاد لە ملوێنێک دولاری ئەو کاتەی بۆ پرۆسەکە تەرخانکردوە. دیارە ئەم رێژیمە هەر تەنیا بە هۆی سەرکردایەتی کردنی حیزبێکەوە ئەم هەموو هەوڵەی نەداوە بۆ شەهیدکردنەکەی، بەڵام هەستی بەو ڕاستییە کردوە کە مانەوەی دوکتۆر قاسملۆ، بە هۆی ژیرییەکەیەوە لە سیاسەت و بە هۆی شارەزای و زمانزانییەوە لە دیپلوماتیەتدا، مەترسییەکی گەورە دەبێت بۆ سەر خودی ئەم رێژیمە لە ئاست دیپلوماتیەتی جیهانیشدا. هەر بۆیەش هەوڵێکی یەکجار زۆریان داوە بۆ شەهید کردنەکەی.
یا هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی پێش کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە، وەک خۆێندکارێک و وەک مامۆستایەکی زانکۆی بە تواناش کە ڕۆڵی لە یەکخستنەوەی ماڵی کورد لە تاراوگە و بەشداری چالاکانەی لە تێکۆشانی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات هەبووە. ئەو ڕێژیمەش لە زۆربەی وڵاتاندا لە رێگەی باڵۆێزەکانیانەوە کێشەیان بۆ دروستکردوە، و لە شۆێنی ژیان و کاریدا وەدەر نراوە، بەڵام هەر بە چۆکدا نەهاتووەوە لە تێکۆشاندا نەوەستاوە.
دوکتۆر قاسملۆ: بە هۆی وردبینی و پێگەیشتن و تێگەیشتنی لە سیاسەتی سەردەمیانەدا، لە سەنگەری پێشەوەی کەسە دیارەکانی ئوپۆزوسیونی ئێرانیدا بووە.
هەر بۆیەش زۆر لە سەرکردە بە ناو ئوپوزوسیونەکانیشدا هەوڵیانداوە هەمیشە کێشەی بۆ دروستبکەن، و لە ئاست وڵاتاندا بایکۆتی بخەنە سەر.
بە پێجەوانەی ئەو هەموو فشار و ئاستەنگیانە، بەڵام بە هۆی لێهاتوویی خۆیەوە هەمێشە لە ئاستێکی گەورەدا بینراوەو پێشوازی لێکراوە.
شەهیدبوونیشی تەنیا نەبوو بە شەهیدی حیزبەکەیی و بەس، بگرە بوو بە سەرکردەیەکی شەهیدی نەتەوەیی لە ئاست گشت کوردستاند، ئەوەش هەوێنی کردەوە نەتەوەییەکانی بوو کە دوژمنی بە چۆکدا هێنابوو تا گیانیشی لە پێناودا بەخشی.
.لە کۆتاییدا دەڵێم بەو هیوایە لە یادی ٣٠ ساڵەیدا بتوانرێت کەیسی ترورکەی نۆێ بکرێتەوە، و بکرێتە کەیسکێکی دیاری وەک یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی جیهانی
عارف باوەجانی/ سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
٢٥ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی بەرامبەر بە / ١٥ / ٦ / ٢٠ ١٩ زاینی
پارتی سهربهستیی کوردستان ©