گیرانی بەرێز عەبدوڵا ئۆجەڵان وەک ڕووداوێکی ناخۆشی ژیانی دەروەمان. کتێبی بیرەوەرییەکان

عارف باوەجانی
گیرانی بەرێز عەبدوڵا ئۆجەڵان وەک ڕووداوێکی ناخۆشی ژیانی دەروەمان. کتێبی بیرەوەرییەکان

لە کتێبەکەم: لە ژێر ناوی ( بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەری نیشتیماندا). گەلێک بەسەرهات و بیرەوەری خۆش و ناخۆشی تێدایە. کە یەکیک لە ڕووداو وبیرەوەرییە ناخۆشەکانی

لە کتێبەکەم: لە ژێر ناوی ( بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەری نیشتیماندا). گەلێک بەسەرهات و بیرەوەری خۆش و ناخۆشی تێدایە. کە یەکیک لە ڕووداو وبیرەوەرییە ناخۆشەکانی ژیانی ئاوارەییم لە وڵات نەرویج، بە سەرهاتی سەردەمی گیرانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەڵان، لە فەبرواری ١٩٩٩.  لە لاپەرەی ١٤٨ تا ١٥٢ی ناوکتێبەکەم کە دەکاتە ٩٦٠  ووشە ئەو بەسەرهاتەم باسکردووە، لێرەدا کە بەرەو ٢١ ساڵەی ئەو ڕووداوە ناخۆشە دەڕۆین بە پێویستم زانی بیخەمە بەر دەستی خوێنەرانی بەڕێز.  

 

بە شێوەی خوارەوەیە لە ناو پەرتووکەکە ئاماژەی پێکراوە.

 



گیرانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەڵان وەک ڕووداوێکی ناخۆشی ژیانی دەرەوەمان.
گیرانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەڵان وەک ڕووداوێکی ناخۆشی ژیانی دەرەوەمان لە ساڵی ١٩٩٩ شەڕی براکوژی لە باشور ڕاگیرابوو، ئیتر خەم و خفەتی کێشە کوردییەکان تا ڕادەیەک لە ناخمدا کەم ببوەوە بەڵام وا دیاربوو کە قەدەر نووسیوێتی کە چارەنووسی ئەم گەلەی ئێمەی کورد، نابێت لانیکەم١٠ ساڵ دوور بێت لە کێشەو ڕووداوی ناخۆش.


لە ناکاو دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، خاکی سوریای بە جێهێشتووەو بەرەو وڵاتانی ئوروپایی بەرێکەوتووە.

پارتی کرێکارانی کوردستان کاتێک کە خەباتی ئاشکرای چەکداریان دەسپێکردبوو، بنکەو بارەگاکانیان گواستبووەوە بۆ ناوچەیەکی سوریا کە هاوسنووری لوبنانە. تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٨بەڕێز ئۆجەلان وەک سەرۆکی گشتی ئەو پارتە لە وڵاتی سووریا بوو، پاش ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو، تورکیا Ú¾ەڕەشەی لە سووریا کرد بە وەی کە پشتگیری لەم پارتە دەکات، بۆیە سوریا ئۆجەلانی ناچار کرد کە وڵاتەکەیان بەجێ بÚ¾ێلێت بێ ئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکی. پاش ئەوە ئۆجەلان ڕوویکردە ڕووسیا، پاشان ڕوویکردە چەند وڵاتێکی تر لەوانە ئیتالیا و یۆنان، لەو کاتەی کە لە یۆنان بوو حکوومەتی تورکی داوای تەسلیمکردنی ئۆجەلانی کرد، بەڵام یونان ئەو داوایەی تورکیای ڕەدکردەوە، ئەوانیش داوایان لە ئۆجەڵان کرد وڵاتەکەیان بە جهێبهێڵێت. بەداخەوە لە ڕۆژی ١٥ / ٢ / ١٩٩٩ بەرێزیان لە لایەن میتی تورکیا، و بە یاوەری موخابەراتی چەند وڵاتێکی دیکە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندرا. لە هەواڵەکانی ئێوارەدا دیتمان بە دەستوچاو بەستراوەی بەرەو تورکیا گوێزرایەوە. بەڕاستی ئەوە ناخهەژێنترین هەواڵی ناخۆشی ژیانی من بوو لەو کاتەی کە ٢ساڵ بوو لە دەرەوە دەژیام. زۆر زۆر پێی بێتاقەت بووم، لەو کاتەدا بەسەرهاتی ناخۆشی هەموو سەرکردەکانی پێشووم بیرهاتەوە کەچۆن مێژوو باسیان دەکات، و مێژوونووسان دەگێڕنەوە کە چۆن ترورکراون یا بەندیکراون. بەڵام ئەوەتە بە سەرهاتی گیران و ڕفاندنی بەرێز ئۆجەڵان بۆ خۆم دەبینم.

دەنگۆی ڕفاندنی بەرێز ئۆجەلان لە سەرتاسەری جیهان دەنگی دایەوە. هەموو میدیاکانی جیهانی هەواڵەکان بە شێوەی جۆراوجۆر دەگوازتەوە. هیندێک بە دڵی کوردو هیندێکیش بە دڵی تورک، شێوەی گرتن و کەسایەتی ئۆجەلان وپێکاکایان شرۆڤەدەکرد و بڵاویان دەکردەوە. خۆپێشاندانی کوردانی ناوخۆی هەر٤ بەشە داگیرکراوەکە و کوردانی نیشتەجێی وڵاتانی دەرەوە دەستی پێکرد.

کوردانی دەرەوەی وڵات، لە پایتەختی زۆربەی وڵاتانی جیهان هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی تورکیا و لە هیندێک شوێنیش ئەمریکا. هیندێک لەو کوردانەی کە زۆر خۆشەویستییان بۆ بەڕێز ئۆجەلان هەبوو، لە پێشچاوی زۆمی کامیرای میدیا گەورەکانی جیهان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، بەداخەوە بەشی زۆریان شەهید بوون، بە گشتی ئەو ڕووداوە کارەساتێکی زۆر جەرگبر بوو بۆ کورد لە سەرتاسەری گۆیی زەوی .ئێوارەیەکیان لە کاناڵی تێڤی٢ی نەرویجی تەماشای هەواڵەکەمان دەکرد، بە زمانی نەرویجی باسی شێوەی گرتنەکەی وڕفاندنەکەیان دەکرد، ئەو گرتەیەی پێشاندەدا کە پیاوانی میتی تورکی چۆن بێحورمەتییان بەو سەرکردە قارەمانە کوردە دەکرد. من لە بەر ناخۆشی و خەماوی هەواڵەکە بە ڕاستی ئاگام لەوە نەبوو، کە مناڵەکان لە پشتەوەو دانیشتوون و ئەوانیش تەماشا دەکەن. شۆخان کەمنداڵی دووەمەئەو کات تەمەنی ٤ ساڵ و ١مانگ بوو، لە ناکاو بە دەنگی بەرز قیژاندی و پەلاماری تەلەفزوێنەکەیدا و گریا، و بڕێک بە کوردی و نەرویجی جنێوی دا. منیش تووند باوەشم پێداکرد و لە ئامێزم گرت و هێورم کردەوە. زۆر بە کزۆڵی وتی بابە بۆچی ئەو تورکە شێتانە وا لەو سەرۆکە کورد دەکەن، ئەو بە زمانی نەرویجی وتی کوردیسکە لێدەر. منیش وتم کچم تۆ خۆت بەو شتانەوە مەشغووڵ مەکە، ئێستا مناڵی و دوایی گەورە بوویت دەزانیت، لە ماڵ دوورم خستەوەو لەگەڵ خۆم بردم بۆ سۆپەرمارکێتێک، و بڕێک دیاریم بۆ کڕی تا ئەو دیمەنە ناخۆشەی لە بیر بچێتەوە.

 ئەوە٢٠ ساڵ بە سەر ئەو کارەساتەدا تێپەریوە هەر کات گریانەکەی شۆخانم بە بێردێتەوە خۆم پێناگیرێت و گەروم پڕدەبێت.

ڕۆژی دواتر بۆ خۆم لە ماڵەوە بەرێکەوتم بۆ بازاڕی ئوسڵۆ بۆ کاری رۆژانەم، لە نێو جۆرە شەمەندەفەرێکدا بووم کە بە نەرویجی پێێ دەگووترێت ( تریک )، واتە بە سیمی عەموودەوە کار دەکات، و تەنیا بۆ ناوخۆی شارەکان بە کاردێت، لەو جۆرە شەمەندەفەرانەی دیکە نییە کە ڕێگا دوورەکان دەبڕن. ژن و پیاوێک لە پێش منەوە دانیشتبوون، دەمزانی پیاوەکە لە ئەسڵدا ئوروپی نییەو بە سەر و شکڵ و ناشارەزایی زمانەکەشی دیار بوو. گوێم  لێبوو زۆر بە ناشیرینی باسی سەرۆک ئۆجەلانی بۆ ژنە نەرویجییەکە دەکرد. منیش خۆم پێ نەگیراو بە هێواشی دەستم خستە سەر شانی ژنە نەرویجییەکە، پێموت خانم ببورە ناچارم بۆت باسبکەم. بەڕێز ئۆجەلان ترۆریست نییە. ئەو کەسێکە باس لەمافی٥٠  ملێۆن مرۆڤی مافخوراو دەکات. ئەوەی کە تروریستە ئەو وڵات و ڕێژیمانەن کە مرۆڤی وەک ئەم دۆستەی تۆیان پەروەردەکردوە کە لە ئوروپاش ئامادە نین دان بە مافی کەسدا بنێن، لە ڕاستیدا ژنەکە باوەڕی بە قسەکەی من کرد  وتی هاوڕاتم و قسەکانت دروستن. کابراش بە دەنگی بەرز وتی تۆش ترۆریستی، هەموو کورد ترۆریستە. ئیتر کۆنترۆڵم لە دەستی خۆم نەما. حەتا ‌هێزم تیابوو بۆکسێکی باشم تێسووڕاند، و بە هێواش لە شوێنەکەی خۆم دانیشتمەوە. لەوانەیە هیندێک خوێنەر ئەو کارەی من بە هەڵە بزانن، بەڵام بە ڕاستی هەر کوردێک لەو ئان و ساتەدا لەوێ بایە هەمان هەڵویستی منی دەبوو. هەموو گەشتیارانی ناو تریکەکە لە جێی خۆیان هەستان ولێمان نزیکبوونەوە، کابرای تورکیش لە بەر ئازادی دەم و ڕوومەتی هەر هاواری دەکردو جنێوی دەدا، ئەو هاوارکردنەوەو دەنگ هەڵبڕینەی بە قازانجی من بوو. زۆری نەبرد پۆلیس گەیشتە لامان، لە پیرە ژنێکی نەرویجی پرسی ئەم بە سەرهاتە چۆن بووە، ئەویش ماڵی ئاوابێت بەوشێوە بۆ پۆلیسەکەی باسکرد، وتی ئەم کابرای تورکە زۆر جنێوی خراپی بە کورد داوەو ویستوویەتی پەلاماری ئەمیش بدات، بەڵام ئەم بەرگری لە خۆی کردووە.

من خۆم دانابوو کە کەلەپچە لە دەستم بکرێت، کە چی پێچەوانەکەی کە لەپچەکەیان کردە دەستی ئەو کابراو دایان بەزاندو سواری ماشینی پۆلیسیان کرد، یەکێک لە پۆلیسەکان کە ژن بوو بە منی وت ئایا هیچ شۆێنێکت بریندار نییە، یا دەتوانین چی هاوکارییەکت بکەین، منیش سوپاسم کرد و ئەوان ڕۆشتن .

دواترمن داوای لێبوردنم لە گەشتیارەکانی ناو تریکەکە کردو سوپاسی پیرەژنەکەشم کرد. دوای تێپەڕبوونی ٦مانگ بە سەر ئەو ڕووداوەدا لە شوێنێک کە بە ناوی ئێکەربەرگ لە ئۆسلۆ کە ساڵانە پاڵەوانێتی  نۆرای کۆپی تێدا بەڕێوە دەچێت . تووشی ئەو کابرا بووم و ڕووبەڕووی من هات، ڕاستی منیش خۆم ئامادەکرد وتم ئەگەر ویستی شەڕ بکات با من وریا بم، ئەوەندەم زانی لە دوورەوە دەستی بە نیشانەی سڵاوکردن بەرزکردەوەو بە زمانی نەرویجی وتی (هەی برور) یانی سڵاو برا ئیتر زانیم بۆکسەکە کاری خۆی کردوە.

 

تکایە لە کاتی بڵاوکردنەوەدا ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکە.

سەرچاوە: پەرتووکی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیماندا، عارف باوەجانی

 

 

2020-02-04 12:06:04

4 ساڵ و 2 مانگ و 3 کاتژمێر و 33 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : سیاسی
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©