پێنچ شه‌مه‌ 9 خاکه‌لێوه‌ 2724

من زۆرم لاسەیرە دژی دەوڵەتی نەتەوەیی بین? عارف باوەجانی

عارف باوەجانی
من زۆرم لاسەیرە دژی دەوڵەتی نەتەوەیی بین? عارف باوەجانی

هەمیشە لە هەموو ڕووداوەکانی مێژوودا بە گشتی و بە تایەبت لە١٠ ٠  ساڵ پێشەوە. بەشی هەرەزۆری گەلەکانی سەرگۆی زەوی، لە سەر پێوەری نەتەوەبوون، خەباتیان

 

من زۆرم لاسەیرە دژی دەوڵەتی نەتەوەیی بین? عارف باوەجانی

دەستپێکی بابەت



:
هەمیشە لە هەموو ڕووداوەکانی مێژوودا بە گشتی و بە تایەبت لە١٠ ٠  ساڵ پێشەوە. بەشی هەرەزۆری گەلەکانی سەرگۆی زەوی، لە سەر پێوەری نەتەوەبوون، خەباتیان کردووەو جەنگاون، و لە ئاکامدا توانیویانە سەربەخۆیی خۆیان بە دەست بێنن.
کە چی لە نێو هێندێک کوردا، پاش ئەو هەموو ساڵە لە خەبات و خوێندان، و کۆڵنەدانی بێوچان، ئەوە دەبیستینەوە کە گوایا ^دەوڵەت نەتەوە^ پرۆژەیەکی هەڵەیە، و دەبێت کورد بیر لەو جۆرە خەباتانە نەکاتەوە.
دەبوایە ئەو جۆرە بیرکردنەوە لە کاتێکدا لە ئارادابایە، کە نیشتیمانەکەی ئێمەش وەک کوردستان، لە چەندین نەتەوەی هاوبەش پێکبهاتبایە، و کە ئەوانیش لە سەر خاکەکە بایەن. ئەو کات دەگوونجا شێوەی بیرکردنەوەکە بگۆڕدرێت، بە شێوەی دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی لە چەند نەتەوەی هاوبەش،
بەڵام لە ئێستادا هەموو سنووری جوغرافیای کوردستان زیاد لە ٩٥ ٠ª کوردی ڕەسەنی ناوچەکەن، بێگجە لەوەی کە بە زۆر نەتەوەی دیکەی هێنراونەتەوە سەر خاکەکەمان، هێشتا بەو حاڵەش هەر زۆرینە کوردن، ئیتر چۆن دەبێت وەک نەتەوەیەکی گەورەی سەرگۆی زەوی بیر لە دەوڵەتی نەتەوەیی نەکەینەوە?.
لە کاتێکدا کە ئێستا هێندێک لە قەرەجەکانی سەرگۆی زەوی، کە ئەوانیش وەک مرۆڤ جێگەی ڕێزو مافن، داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆیی بۆ خۆیان دەکەن.
زۆر پێویستە، کە ئەو کەس و لایەنە کوردییانەی کە پێیانوایە خەباتکردن بۆ ^دەوڵەت نەتەوە^ هەڵەیە بۆ گەلی کورد، ا ئەڵتەرناتیڤێکی گوونجاو شیاو بۆ نەتەوەیەکی بندەستی ٥٠  ملوێنی وەک گەلی کورد بخەنە بەڕ دەست?


 


هێندێک نموونەی سەر نەکەوتوو:
ئەگەر هێندێک پێیانوابێت نەتەوەکان بە هاوبەش دەسەڵاتی حاکم بڕووخێنن و سیستەمێکی هاوبەش دروستبکرێت، ئەوەش لە مێژە ئەزموونکراوەو سەرکەوتوو نەبووە، من ئاماژە بە هێندێک نموونە دەکەم.

یەکەم: گەلی کورد و باقی پێکهاتەکانی دیکەی ئێراق، حکومەتەکەی سەدام حوسێنیان ڕووخاند، بەڵام لە یەکەم مانگی دامەزراندنی حکوومەتە نوێیە جەنجاڵەکەیاندا، پێداگریان لە سەر ئەوە کرد کە گوایا ئێراق بە شێکی دانەبڕاوە لە (ئومە) نەتەوەی عەرەبی، کەوابێت بەرهەمی ئەو شۆرشەش لە بەرژەوەندی نەتەوەی عەرەب مایەوە. لەوەش بۆ دواوە هەمووتان دەبینن کە ئێراق بەرەو چی قووناخێک تێپەڕ دەبێت، کام دڵخۆشی بۆ نەتەوە و گەلی کوردی تێدا ماوە?.

دووەم: لە ساڵی ١٩٧٩ گەلی کورد و گشت نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بە نەتەوەی حاکمی فارسیشەوە، حکوومەتی هەزارانساڵەی شاهەنشایی ئێرانیان ڕووخاند، و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتە شوێنەکەی، ئەویش لە یەکەم ستارتی کارییەوە، بە ڕێژیمێکی فارسی مەزهەبی خۆی ناساند.
لە ڕاستیدا هەموو تاکێکی ئەو خاکەی کە خۆیان پێی دەڵێن ئێرانی سەرزەمین، چی خەڵکانی ناوبازاڕ و وەرزشوان و هوونەرمەند و بازرگان، چی ئەوانەش لە ناو دام و دەزگاکانی دەسەڵاتدان، وە چی ئەوانەش وەک ئۆپۆزۆسیونی دەسەڵات خۆیان پێشداندەدەن، هەموویان پێداگرن لە سەر مانەوەی دەسەڵاتی ئەو نەتەوە وەک فارس. وە هەمووشیان بە خەیاڵی سەردەمی دەسەڵاتی(پەرسیان) بیر لەوە دەکەنەوە کە لە درێژخایەندا چۆن زۆربەی ناوچەکانی سەردەمی حووکمداری کۆنیش بهێننەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی خۆیان، نەک هەر تەماحیان لە سەر هەموو خاکی کوردستانە و بە هی خۆیانی دەزانن، بگرە تا سنوورەکانی ئاسیای ناوەڕاستیش بە هی خۆیان دەزانن.

سێیەم: لە ڕاپەڕێنەکانی بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠ ١١ کە سوریاشی گرتەوە، چەندین بەرەی هاوبەش و حکوومەتی کاتی ئوپۆزۆسیونی سوریا درووستکرا. هەموویان لە یەکەم ڕستەی کاریان پێداگربوون لەوەی کە سوریا بەشێکی دانەبڕاوە لە (ئومە) نەتەوەی عەرەبی، و دەبێت یەکپارچەییشی بپارێزرێت دەی ئەوەش سەلماندی کە دەسکەوتێکی دیکەی بۆ نەتەوەی عەرەب هەبوو، چ لە لایەن دەسەڵاتی ئێستایانەوە یا لە لایەن ئۆپۆزۆسوینیانەوە، ئەگەر بشکرێن بە دەسەڵات.

چوارەم: لە تورکیا ئایا تا ئێستا ئێوە سیاسییەکتان بەر چاوکەوتووە باس لە نەهێشتنی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی نەتەوەی تورک بکات لە مێژووی تورکیادا?.
قسە لە سەر گۆڕینی ڕێژیمەکەی ئەردووغان و هی پێشووتریش کراوە، بەڵام هەرگیز قسە لە سەر نەهێشتنی دەسەڵاتی نەتەوەی تورک نەکراوە. ئەوانیش وەک فارسەکان بیرکردنەوەی زۆر قووڵیان بگرە باس لە سەر دووبارە داگیرکردنەوەی ویلایەتەکانی موسڵ و کەرکووکی کوردستانیش دەکەن? هەروەها باس لە سەر گرتنی یونان و قیبروس و زۆر خاک و نەتەوەی دیکەش دەکەنەوە، هەمووشی بە ناوی نەتەوەی تورک، لە ژێر هەر ناو دەسەڵاتێکی ئاینیدا بێت.

کورد بۆ دەبێت وا بکات?
وەک باسمانکرد هەموو نەتەوەکان، لە هەوڵێ بەهێزکردنی دەسەڵاتی نەتەوەکەیانن، کەچی بە داخەوە تەنیا هێندێک بە ناو سیاسیی کوردە تەورێکی دووسەریان بە دەستەوەیە، و بە هەموو لایەکدا بەرهەمی خەباتی سەدانساڵەی خۆیان لە ژێر ناو بیانووی سەیروسەمەرەوە دەبڕنەوە.
من دڵنیام هەموو تاکێکی کوردی ئازادی و سەربەخۆییخواز، ئەو پرسیارەی لا درووست دەبێت، کە ئایا بۆ دەبێت دەوڵەتەکانی پێشووتر و داهاتووی داگیرکەران. وە هەروەها زۆربەی گەلانی دیکەی جیهانیش لە سەر پێوەری نەتەوەیی دامەزرابوون و دابمەزرێن، پڕ دەسکەوتی سیاسی و ئابوری بن بۆ گەلی خۆیان.
بەڵام بۆ جووڵانەوەکانی گەلی کورد وەک ترسێک تەماشای بکرێت. و لە ئاکامیشدا هیچ ئەڵتەرناتیڤ یا دەسکەوتێکت نەبێت. ئایا دەزانن ئەگەر بیرۆکەی نەتەوەیی لە نێو تاکی کورددا لە بەین ببرێت، ئیتر ئەم نەتەوە هەرگیز سەروەری بە چاوی خۆی نابینیت، وەک هێندێک نەتەوەی دیکەی ناوچەکە دەتووێتەوە.
ئایا هەر تاکێکی کورد ئەگەر لەم سەدەی ٢١دا خەبات لە پێناو ڕزگاری و سەرەوەریی نەتەوەکەی خۆی نەکات، دەکرێت خەبات بۆ هەستانەوەی نەتەوەی دیکە بکات، و لە ژێرناوی جۆراوجۆردا?
مخابن بەردەوام دەبینین و دەبیستین کە دەست بردن بۆ لاوازکردنی گشت هێڵە نەتەوەییەکان لە ژێر ناو ناتۆرەی جیاوازەودا، لە نێو لایەن و تاکە کوردییەکاندا کایەی پێدەکرێت.

رێگای درووست بۆ کوردی نیشتیمانداگیرکراو.
بۆ هەر نەتەوەیەکی بندەست، کە نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوە گەورە بندەستەیە کە تا ئێستاش لە خەباتدایە بۆ بە دەستهێنانی سەروەری گەلەکەی، درووستترین خەبات وتێکۆشانی سیاسی و فەرهەنگی ومەدەنی و دیپلوماسی، ئەوەیە، کە: کاربکات وتێ بکۆشێت بۆ پێکهێنانی دەوڵەت لە سەر پێوەری نەتەوە گەورەو مێژووییەکەی خۆی کە نەتەوەی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی کەمینەی سەر خاکی کوردستانە. واتە ئەو نەتەوەی کە مێژووی دەیانهەزار ساڵ شایەتی بە بوونەکەی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەدات.
زۆر لە ڕاوێژکاران و ڕۆژهەڵاتناسانی جیهانی باس لە گەورەیی ومێژووی دێرنی گەلی کورد دەکەن، و باس لەوە دەکەن، کە هەموو پێوەرێکی نەتەوەیی و بە دەوڵەتبوونیان تێدایە.
کە من لەم نووسینەدا ئاماژە بە تازەترین کەسی گەورەی جیهان دەکەم، کە شایەتی بۆ بەدەوڵەتبوونی نەتەوەی کورد دەکات، ئەویش بەڕێز جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌‌‌مریکا، واتە ئەو کەسایەتییە سیاسییەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ئێستا بووەتە سەرتایتڵی میدیای گرنگەکانی جیهان.
ئەو پیاوە شارەزایە باس لەو دەکات کە کوردەکان دەبێت دەوڵەتێکی سەربەخۆییان هەبێت، ئەو کەسە لە خۆییەوە ئەو بۆچوونە دەر نابڕێت، ئەو ئەرکی ڕاوێژکاری گەورەترین و زلهێزترین وڵاتی جیهانی لە ئەستۆ بووە، و لە هەموو کایە سیاسییەکان ونهێنییەکان و کەین و بەینی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وئەمریکاش ئاگادارە. لە کتێبەکەی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە تورکیاو وڵاتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان، ئامادەن چەندە باج بدەن بە وڵاتەکەی ئەو تەنیا لە پێناو تێکدانی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد.

٢ هۆکار بوونەتەوە هەوێنی سەرکەوتن و بە دەوڵەتبوون.
ئەزموونەکانی مێژووی کۆن و نوێ پێشانیداوین، کە هەمیشە ٢ چەمک هۆکاری سەرکەوتن و بە دەستهێنانی دەنگی گەل بوون بۆ ڕزگاریی یەکجاری لە بندەستی.
ئا - پێکهاتەی یەک نەتەوەی جیاواز لە گشت بوارەکانی پێناسەی نەتەوە بووندا.
ب - پێکهتایە ئاینیی، ئەویش نموونەی هەر سەرکەوتوو کە هەردوو خاڵەکەی لە یەک کۆکردووەتەوە نەتەوەی یەهوودی بووە لە وڵاتی ئێسرائیل.
کەوابێت دەبێت ئێمەی گەلی کورد، پێداچوونەوەیەکی گشتی لەخۆماندا درووستبکەین، و لە هەوڵێ پەرەپێدان و یەکریزی نێو ماڵی خۆماندابین، چی لە بواری کۆمەڵایەتی و زاراوەیی و جۆغرافیایی و ئاینیدا. دەبێت زۆر وریابین، وڕێگەنەدەین کە لە ژێر بیانووی جیاوازی ئایدیای حیزبی وئاینی پێکهاتەکانی خۆمان بڕەنجێنین، و بیاندەینە دەست نەیارانمان، کە کەڵکیان بە دژی خۆمان لێوەرگرن.
لە کۆتاییدا دەلێم تەنیا خەبات و ڕێگەی درووست کە مرۆڤ بە شیاوی بزانێت، و خوێ لە پێناودا قوربانی و دەربەدەرەو بە شەهید کردن بدات: خەباتە لە سەربەخۆیی یەکجاریی بۆ ڕزگاری گەلەکەی.

بۆ پێشەوە بەرەو خەبات و تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی یەکجاریی کوردستان.

١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٠  ی کوردی / ٨ /٨ / ٢٠ ٢٠ 

2020-10-12 09:38:49

3 ساڵ و 5 مانگ و 7 کاتژمێر و پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : مقالات
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©