چوارشه‌مه‌ 5 گوڵان 2724

بە کولتورکردنی خەباتی سەربەخۆییخوازی، واتای بەردی گەورەی بۆ وەشاندن نییە.

عارف باوەجانی
بە کولتورکردنی خەباتی سەربەخۆییخوازی، واتای بەردی گەورەی بۆ وەشاندن نییە.

ئەگەر لە سەر یەکەم دەوڵەتی کۆماری کوردستان پێشەواو هەڤاڵانی لە سێدارەدران، و بوون بە شەهیدی ڕێبازی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام دواتر


هیچ نکۆڵی لەوە ناکریت کە: هەر نەتەوەیەک خاک و نیشتیمانەکەی داگیرکراو بێت، دەبێت خەبات بکات بۆ ڕزگارکردنی لە ژێر چنگی داگیرکەر. نەک خەبات بکات بۆ بەشکردنی خاکەکەی لە گەڵ داگیرکەرەکە. لەو بوارەدا زۆر جار کە باس لە بە کولتورکردنی خەباتی سەربەخۆییخوازی دەکرێت، بۆ ئەوەی کە پێویستە ڕەوڕەوەی خەباتمان بەرەو سەربەخۆیی بسووڕێنین، باس لەوە دەکەین کە لە ماوەی نزیک بە٨٠  ساڵ لە خۆرهەڵاتی کوردستان، زۆر ڕێگەی دیکە تاقیکراونەتەوە، و بەڵام هیچ وڵامێکی ئەرێنیمان وەرنەگرتووتەوە.
ئەگەر لە سەر یەکەم دەوڵەتی کۆماری کوردستان پێشەواو هەڤاڵانی لە سێدارەدران، و بوون بە شەهیدی ڕێبازی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام دواتر کە درووشمەکان زۆر کەمتربوو لە ویستی سەربەخۆیی، پێچەوانەکەی گەورەترین پەلاماری بێبەزەییانەی مێژوو دراین، و ناخۆشترین ڕووداوی مێژوویمان بە سەرداهات. بە هەزاران کەس کە ڕێبەری گەورەو کادیرو پێشمەرگە تێرورکران، لە سێدارەدران، شەهیدکران و کەم ئەندام و دەربەدەرکران، تەنیا لە پێناو بەرزکردنەوەی درووشمگەلێکی وەک : خودمووختاری، لەم دوایانەش وەک فیدراڵی، کە لە ئاست ویست وگەورەیی نەتەوەیەکی نزیک بە ١٥ملۆێن کوردی بندەستی ئێراندا نییە.
کەوابێت بەو هەموو بەڵگەوە لە پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەرمەگەکەمان، سەلمێندراوە کە تۆ هەر جۆرە نەرمی پێشاندانێک، یا بە ووشە لۆکاڵییەکە هەر جۆرە سازشکردنێکت کردبێت یا لە داهاتووشدا بیکەی بۆ داگیرکەران، جا چی وەک حکوومەت بێت یا وەک بە ناو ئۆپۆزۆسیونیش بێت، بە هەردوو بەشیانەوەو بە هەمان چاو سەیری تۆی کورد دەرکرێت، کە تۆ لە دیدی ئەواندا جووداخوازی و هەمان سزاشت دەدات، جا سزاکە شەر بێت، یا پەلاماری ڕاگەیاندن بێت، یا لەکەدارکردنی خەباتەکەت بێت لە ئاست دیپلوماسیەتی نێودەوڵەتیدا. هەر نزیکترین نموونەش پێوەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، و هەڵسوکەوتی ڕێژیمەکەی ئێراقی نۆی، کە لە سەردەمانی شەڕی داعش، هەموو کوردستان بە گشتی و بە دەیانهەزار پێشمەرگەی کوردستان لە ناو سەنگەرەکانی شەڕدابوون، دەبوو تەنیا خەمی بەرگری خاکی نیشتیمان بخۆن، بەڵام بە بەرنامەی ئیران نوری مالکی لەو کاتە ناسکەدا بووجەو مووچەی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان بڕی و خەمی پێشمەرگە بوو بە دوو خەم، خەرج و داهاتی ماڵ ومناڵیشیان هاتە سەر، لە کاتێکدا بە پێی یاسای ئێراقی نوێدا، هەرێمی کوردستان پەسەندکرابوو دانپێدانرابوو.
هەموو مێژووەکان شاهیدین کە  ئەو بەشەی باشووری نیشتیمانمان لە تەواوی تەمەنی حاکمیەتی حیزبی بەعسدا شەڕی ئەو ڕێژیمەی کردبوو. لە کاتێکدا ئەوانەی دیکە کە ئێستا خۆیان بە حاکمی ئێراقی نوێ دەزانن هەموویان لە حەوزەکانی قووم ڕۆژانە لە سینگیان دەدا، بەڵام ئەو بێویژدانییەی کە لە سەردەمی شەڕی داعش بەرامبەر بە باشووری وڵاتەکەمانیان کرد، پێش لە پرۆسەی ڕێفراندۆم بوو، واتە ئەو سەردەمە بیانووی ئەوە نەبوو بڵێن بۆیە وادەکەین کوردەکان داوای جیابوونەوە دەکەن، کەچی هەر دوایی ڕێفراندۆمیش هەمان سزایان پەیتاپەیتا نوێدەکردوەتەوە. و تا ئێستاش کە بەرەوە نیوەی ساڵی٢٠ ٢٢ دەچێن کێشەو گێچەڵەکانی بەغدا بۆ سەر کوردستان لە پەرەسەندندایە. ئەمەش نموونەی پێکەوە کاردکردنە لەگەڵ ناوەندەی دەسەڵاتی داگیرکەر، ئەزموونیش بۆ دواڕۆژمان.
بگەڕێینەوە سەر باسەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئێمەمانان کاتێک هەست بەو هەموو مەترسیانە دەکەین و دەببینین کە ڕۆژانە گڵایەک لە داری نەتەوەیمان دەوەرێنن، هاوار دەکەین و بەڵگە دێنینەوە. زۆرجار لە لایەن هێندیک لە بەرپرسانی دیکەی خۆرهەڵاتی نیشتمان، پێمان دەگووترێت کە ئێوە لە خەیاڵدا دەژین و بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنە. هەرچی سەردێنم و سەر دەبەم، کە ئەم بەردە گەورەیە واتە مەبەست باسکردنی (سەربەخۆیی)یە دەبێت چی زیانێکی بە گەل گەیاندبێت، کەوابە تانەوە تەشەرەوە لایەنەکانی دیکە تێی دەڕوانن. بەڵام وڵامێک نە لە خۆم و نە لە بەرامبەرەکەم وەرناگرمەوە، دەبینم سزاکان لە بوارەکانی سیاسی و سەربازی و ئابووری، ڕۆژتاڕۆژ بەرامبەر بە گەلەکەمان لە خۆرهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبن.منیش لە وڵامی ئەو بەڕێزانە دەڵێم، کە باش بیری لێبکەنەوەو خوێندنەوەی لە نێو خۆتان بۆ بکەن، بزانن کە ئەگەر بەردی گەورە نیشانەی نەوەشاندنە، ئەوا ئەو بەردە بچووکەی ئێوەش نێشانەی سەرشکاندنە بۆ مێژووی سەروەری وڵاتەکەمان. بە کولتوریکردنی خەباتی سەربەخۆییخوازی کوردستانی بە واتای بەردەگەورەی نەتوانین وەشاندن نییە، بگرە بە واتای ڕێشکداکووتانی خەباتێکی ڕەوایە لە نێو گشت شارو شەقامەکانی وڵات و گشت هزری مرۆڤە وڵاتداگیرکراوەکانی خۆمان. ئەم بیرۆکەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ ڕزگاریی یەکجاریمان.
کاتێک دەڵێن بەردی بچووکیش نیشانەی سەرشکاندنە، مەبەستانم چۆن سەرشکاندنێکە: تۆ هەرچی نەرمی پێشاندەدەی پێچەوانەکەی وەردەگریتەوە، تۆ هەرچی واژۆی بەیاننامەو بەڵێنی هاوکاری لە گەڵ گرووپی٣ کەسی و١٠  کەسی فارسی لە ئوروپا و ئەمریکا دەکەی، هەر وڵامی زمانزبری ئەوان کە دەڵێن تۆی کورد جیاوازخوازیت وەردەگریتەوە، بەو شێوە هەموو ڕۆژ! بێ ئەوەی بە خۆت بزانی بەو بەردە بچووکە سەری خۆت وگەلەکەت دەشکێنیت.
ڕێگەچارە: هاووڵاتی و هاوخوێنی کوردستانیم، بەڕێزتان کە ئێستا هەڵگری جۆرێکی دیکە بیرکردنەوەن بۆ ڕزگاریی نیشتیمان، لەوە دڵنیابن ئێمە مانان براو هاوبیرو هاوخەباتی ئێوەین، بەڵام ئێمە بیر لە نزیک بە هەشتاساڵ خەباتی بێ ئاکام دەکەینەوە، نامانەوێ چیدیکە کات بە فیڕۆ بڕوات و دەریای خۆێنی بێ ئاکام لە وڵاتەکەمان بڕژێت. کەوابێت وەرن با هەموومان پشت ببەستین بە ( بەردە گەورەکە) واتەخەباتەکە گەورەو ڕەواکە، کە سەربەخۆیی کوردستانە.
ئەو کات بۆمان ڕووندەبێتەوە کە هیچ کەس ناتوانێت هەموو بەردەکە بشکێنن، بێگوومان هەوڵدەدەن وردە لم و ڕیخی لێدروستبکەن، بەڵام ناتوانن هەموو بەردەکە تێکبشکێنن.
سەرکەوێت خەباتی ڕزگارییخوازی گەلی کورد، لە ئامێزی تەبایی و ئاشتی ناوخۆییماندا.

2022/05/04 08:51:35

1 ساڵ و 11 مانگ و 5 کاتژمێر و 33 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ئەگەر,لە,سەر,یەکەم,دەوڵەتی,کۆماری,کوردستان,پێشەواو,هەڤاڵانی,لە,سێدارەدران،,و,بوون,بە,شەهیدی,ڕێبازی,سەربەخۆیی,کوردستان،,بەڵام,دواتر
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©