هه‌ینی 10 پووشپه‌ڕ 2722

کورد لە کوێی هاوپەیمانی یا ڕێکەوتننامەی ( ئیبراهیم) ئەبراهام^ دایە؟.


عارف باوەجانی

دەستپێک: لەوانەیە لە سەرەتادا لای هیندێک خوێنەر ئەو پرسیارە درووست ببێت، کە ئایا کورد چی پێوەندییەکی بەم باسەوە هەیە، یا کوردستان

 

بە کوردی:   کورد لە کوێی هاوپەیمانی یا ڕێکەوتننامەی ( ئیبراهیم) ئەبراهام^ دایە؟

دەستپێک: لەوانەیە لە سەرەتادا لای هیندێک خوێنەر ئەو پرسیارە درووست ببێت، کە ئایا کورد چی پێوەندییەکی بەم باسەوە هەیە، یا کوردستان دەتوانێت لەم بوارەدا چۆن ڕۆڵی هەبێت یا چۆن خۆی بخزێنێتە نێو ئەوم ڕێکەوتننامە گرنگەوە. یا لەوانەیە بگوترێت کە گوایا لە بەر نەبوونی وڵات، ئەندامانی هاوپەیمانی گرنگی بە خەڵکی کوردستان نادەن. بەو جۆرە بیرکردنەوە زۆرجار کوردستان لە زۆر ڕووداوی مێژوو پشتگۆی خراوە یا خۆی گرنگی پێنەداوە. کە نموونەی ئەم ڕێکەوتتنامانە لە ژێر ناو ناوەڕۆکی جیاوازەوە لە ١٠٠ساڵ جارێک، لە مێژوودا سەرهەڵدەدەن و ڕێشەدار دەبن.

پێناسەیەکی کورت لە سەر ڕێکەوتننامەی ئەبراهام.
لە مێژساڵە ڕاوێژکارانی شارەزای ئیسرائیلی و ئەمریکی، سەرقاڵی شوێندۆزی تاوتۆێکردنی چارەسەرێکی ئاشتەوایی ڕێشەیی بوون لە نێوان ئاینەکانی نەوەی حەزرەتی ئیبراهیم، کە سەرچاوەی ناکۆکی و شەڕی چەند وڵات و چەند نەتەوەیەکن لە خۆرهەڵاتی ناڤین. کە زیاتر بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی ئاشتیانە، بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ببینرێتەوە.
تا سەرئەنجام لە دەسپێکی٢٠٢٠وە زۆر بەستەڵۆکی نێوان عەرەب ئیسرائیل بە ئاشکرای تووانەوە، هەرچەند ئۆردون لە ساڵی ١٩٩٤و میسر پێشتر لەو ڕێکەوتە بە فەرمی پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە، و هەروەها چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی ناڕاستەوخۆ و بە بێ ڕاگەیاندن پێوەندییەکانیان هەر لەگەڵ ئیسرائیل درێژەی هەبووە.
بەڵام وەک دەسپێکی ئاشکراکردنی پرۆسەکە لە ڕێکەوتی٣ / ٨ / ٢٠٢٠ بە نێوەندگیری دۆناڵد تڕەمپ  سەرۆکی پێشووی ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەو ڕووداوە گرنگە واتە ئەو ڕێککەوتنە مێژووییە لەنێوان ئیسڕاییل و میرنشینە یەکگرتووەکانی ئیماراتی عەرەبی، لە پێشچاوی میدیاکانی عەرەبی و ئیسرائیلی و جیهانی واژۆکراو ڕاگەیاندرا. ئیتر لەو ڕێکەوتە بە دواوە چەند وڵاتێکی دیکەی بە شوێنداهات، وەهەروەها بەردەوام ژمارەی وڵاتان لە زیادبووندایە بۆ ئەو هاوپەیمانییە.

بۆ ناویان لێناوە ئیبراهیم یا ئەبراهام
بە مەبەستی ئەوەی کە سەپاندنی هیچ ئاینێک لەو ٣ ئایینە بە زەقی وادەرنەکەوێت خاوەن یا دەسەڵاتی سەرەکی هاوپەیمانییەکەیە، ناویان لێناوە ئیبراهیم، کە حەزرەتی ئیبراهیم باوکی هەر سێ ئایننەکەیە لە ناوچەکە، خۆشەویستی هەر٣ ئایینەکەیە، بە تایبەتی لە ئایینی ئیسلام و یەهوودیدا زۆر بەشکۆ و ڕێزەوە باسی لێوەدەکرێت وڕێزی لێدەگیرێت. واتە پێغەمبەری هاوبەشیانە. بۆ نموونە^جوو^ یەهوودییەکان لە پێغەمبەر ئیسحاقی کوڕەکەیەوە دەبنە نەوەی  ئیراهیم، لە هەمانکاتیشدا عەرەبەکان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر  حەزرەتی محەممەدەوە دەگەنەوە حەزرەتی ئیراهیم. کەوابێت بەو سێ ئایینەی، جوو و مەسیحی و ئیسلام، دەوترێت ئایینی ئیبراهیمی. کەوابێت ناوەکە بە ناوەڕۆکیشەوە هەم گوونجاوەو هەم شیاوە.

کورد دەتوانێت چی داهاتوویەکی لەو پرۆسەدا هەبێت.
هیندێک لە کوردەکان لە مێژ ساڵە لە ڕێگەی سۆزداری ئاینی و ئایدیای چەپیەوە کەوتوونەتە داوی خەمێکی قووڵەوە بۆ کێشەی فەلەستین. من لێرەدا مەبەستم هیچ بێڕێزیکردنێک نییە بە خەڵکی فەلەستین. هەمان ئازادی و ئارامی کە بۆ گەلەکەی خۆم دەخوازم، هەروا ئاوات و ئارامی بۆ گشت گەلانی جیهانیش دەخوازم. بەڵام هیچ گەل ونەتەوەیەکم نەدیوە بەرژەوەندی خۆی لە پێناو گەلی کورد و کوردستاندا تێکبدات. کێشەی فەلەستین ئیسرائیل بە کێشەیەکی ئایینی نازانم، ئەوە تەنیا کێشەیەکی سیاسی جۆغرافیاییە. کە بە هەمانشێوە نەتەوەکەی کوردستانی منیش لەگەڵ ٤ وڵاتی بە ناو ئیسلامی وەک ئێران و ئێراق و سوریا و تورکیادا، ئەو کێشەی لە درێژایی سەدانساڵدا هەبووە و هەیە. ئەوە بۆ دەبێت کێشەی فەلەستین بە مەبەستەوە بە کێشەی ئیسلام و یەهوودی بکرێت، بەڵام کێشەی منی کورد بکەوێتە بەردی بن گۆمەوە. لەم ڕێکەوتنەی ئاشتی ئیبراهیم، ئەو گرووپانەی فەلەستینی نەبێت کە لە ئێران و حیزبوڵای لوبنانەوە نزیکن، دەنا زۆربەی فەلەستینیەکان بەرژەوەندی خۆیان لەو هاوپەیمانییە دەبیننەوە، ئەوانیش بە دەستی شەڕی بێ ئاکامی٨٠ ساڵیدا بێزار بوون. دوای نزیک بە ٨٠ ساڵ شەر، هێچ وڵامێکیان بە دەست نە هێناوە. بەڵام لە ڕێگەی ئاشتییەوە زۆر پێشکەوتنی ئابووری و سیاسی و ئارامی بە خۆیانەوە دەبینن.
لە کاتی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی ئیبراهیم، ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە ناڕەزایی تووندی خۆیان لە ئاست ئەو هاوپەیمانییە دەربڕی. یەکێک لەو وڵاتانە تورکیا بوو، کە چی دوای ١ساڵ و نیو، تورکیا لە بەڕ بەرژەوەندی وڵاتەکەی خۆی، بۆ بووژانەوەی ئابووری و ناتۆ و سەربازی و گەشتیاری و هیدیکەش،،، پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئاسایی کردەوە، و سەردانەکانیشیان لە ئاست سەرۆکی وڵات و وەزیرانی دەرەوە دەستی پێکردەوە.
کەوابێت گەلی کورد وەک نەتەوە بۆ دەبێت بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی نەکاتەوە.
ڕاستە کە نەتەوەکەمان لە ئێستادا خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ نییە، تا وەک وڵات بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانیەوە. ئەوەش ڕوونە کە هەردوو دەسەڵاتی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە نێو گەمارۆیەکی زۆری وڵاتانی بە ناو دژە ئیسرائیلن، بەڵام بە کردەوە هەمووشیان بە ئاشکراو نهێنی لەگەڵ ئیسرائیلدان. کەچی هەمیشە لەو بوارەدا تۆمەتی ناڕەوا دەدەنە پاڵ کوردەوە، هەر بۆ نموونە ئێران لە١٣مارشی ئەمساڵدا مووشەکبارانی هەوڵیری کرد، و ماڵی هاووڵاتییەکی بازرگانی کوردستانی وێرانکرد، کە گوایا ئیسرائیلی لەو ماڵەدا بوون. دوای تەواوی لێکۆڵینەوەکانی لێژنەکانی پەرلەمان وحکوومەتی ئێراقیش، ئاشکرا بوو ئەوە هیچ ڕاست نییە. ئێرانییەکان هەرگیز نەیانویستووە و نەیانتوانییوە بەرامبەر بە ئیسرائیل بە کردەوە چالاکی سەربازی بکەن، ئەوان تەنیا بە درووشم و هوتافدان و هاش و هووشی  ڕاگەیاندن دژی ئیسرائیلن.
بەڵام بە بۆچوونی من گەلی کورد نابێت هەمیشە بە ترس و ویستی نەیارانی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و هاوپەیەمانییە نێو دەوڵەتییەکان دروست بکات. ئەگەر لە بوارە فەرمییەکانیشدا نەکرا. پێویستە لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنی و ڕۆشنبیری و ڕەوەندی ملۆێنان کوردی دەرەوەش ئەو پێوەندییە بە هێز و ڕێشەدار بکات. لە بواری ئاینیشەوە! بەشداریکردن نە هیچ گووناحێکەو نە هیچ تاوانێکە، ناوەڕۆکی ڕێکەوتننامەکە واتای ئاشتی ئایینەکانە، بە تایبەت ئاینیی ئیسلام و یەهودی و  مەسیحی. کە ئاینیی زۆرینەی گەلی کوردستانیش ئیسلامە، و هەروەها لەو٢ ئایننەکەی دیکەشدا پەیڕەوانی لە کوردستاندا تا ڕادەیەکی باش هەیە.
یا لە کۆی٥٢ وڵاتی ئیسلامیدا٤٦ وڵات بە فەرمی و نافەرمی لە گەڵ ئیسرائیل لە پێوەندی بازرگانی و سیاسیدان، و چەکی لێدەکڕن و نەوتی پێدەفرۆشن و لە مامەڵەو سەودای بەردەوامدان. بەڵام لە مینبەری مزگەوتەکانیشیاندا ڕۆژانی هەینی دژی ئیسرائیل قسە دەکەن.

وڵاتانی ناو هاوپەیمانی ئیبراهیم چۆن پێشوازی لە خەڵکی کوردستان بکەن.
پێویستە کە وڵاتانی ئەندام لە ناو هاوپەیمانی ئیبراهیم، ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن کە گەلی کوردیش یەکێکە لەگەڵ و نەتەوە گرنگەکانی سەر سنووری وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناڤین. بۆیە لە هەموو ڕووداوەکانی مێژووش لەو ناوچاونە لە زۆربەی نەتەوەکانی دیکەش زیاتر بەرکەوتەیان هەبووە. هەروەها پێویستە ئەو وڵاتانە ئەو ڕاستیەی ئێستای خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان تێبگەن، کە لە چی قەیران و دۆخێکدایە. بۆیە پێویستە ناڕاستەوخۆش کورد لەو هاوپەیمانی و ڕێکەوتتنامانە بێبەشنەکرێن. کەم وڵات هەیە لە جیهاندا بە هۆی ئاوارەیی و دەربەدەرییەوە کوردی تێدا نەژی. پێویستە لەو هێزە زۆرە بە توانایەی کوردیش کەڵک وەرگیرێت.
بۆ ئەوەی گەلی ئێمەش بەو ڕاستییە بگەن، کە هەمیشە وڵاتانی داگیرکەر هەر لە سەردەمانی گڕووگاڵەوە تا بگاتە باخچەی مناڵان و قووتابخانە سەرەتایی و زانکۆکان، ئیسرائیلیان زۆر بە خەتەرو  بڤەو دژە ئایین بە ئێمە ناساندووە. کەچی ئێستا بۆخۆیان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە ژیان بە ئاشتی و ئارامی لە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی و دەسەڵاتی ئەوانیشدایە. بەڵام نەک خۆیان ئامادە نین لەگەڵ گەلی کورد و کوردستان ئاشتی بکەن، بکرە ئاشتی بۆ کوردستانیش لەگەڵ ئسیرائیل و عەرەب بە تاوان دەبینن.
کەوابێت ئاشتی وئارامی وهاوپەیمانی بەبێ نەتەوەییەکی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر لەپێناو مافەکانیان، نەتەوەیەکی وەک کورد و کوردستان، کە زیاد لە ٦٠ ملۆێن لە پێکهاتەی خۆرهەڵاتی ناڤین  پێکدێنن، هەم ناحەقییەکی مرۆیی و مێژووییە، و هەم کەمکووڕییەکی بەرچاویشە، و هەم کێشەیەکی درێژەخایەنیشە لە ناوچەکەدا، تا چارەسەر نەکردنی، ئەو کێشەیە دریژەی دەبێت.

بەو هیوایە، ئاورێکی جدی لە گەلی کوردو کوردستانیش لەو بوارەدا بدرێتەوە.

بەڕێزەوە
عارف باوەجانی

 

photo
2022/05/29 16:21:08
1 مانگ و 1 کاتژمێر و 53 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : دەستپێک:,لەوانەیە,لە,سەرەتادا,لای,هیندێک,خوێنەر,ئەو,پرسیارە,درووست,ببێت،,کە,ئایا,کورد,چی,پێوەندییەکی,بەم,باسەوە,هەیە،,یا,کوردستان,

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©