هه‌ینی 8 ره‌زبه‌ر 2722

لە پاش سەدو دووساڵ بە سەر پەیماننامەی سیڤەردا. کۆنفیدراڵی لە ئێستادا باشترین هەلە بۆ ڕزگاربوونی باشو


عارف باوەجانی

لە پاش سەدو دووساڵ بە سەر پەیماننامەی سیڤەردا. کۆنفیدراڵی لە ئێستادا باشترین هەلە بۆ ڕزگاربوونی باشووری کوردستان لەو قەفەسەدا.  

 

لە پاش سەدو دووساڵ بە سەر پەیماننامەی سیڤەردا. کۆنفیدراڵی لە ئێستادا باشترین هەلە بۆ ڕزگاربوونی باشووری کوردستان لەو قەفەسەدا.  نووسینی عارف باوەجانی. ٨ / ٨ / ٢٠٢٢

لەم وتارە باس لەم خاڵانەی خوارەوە دەکرێت:
١ /  دەستپێک: مێژووی کورد لە پەیماننامەی سیڤەر و خۆرهەڵاتی ناڤین.
٢ /  پێناسەی پەیماننامەی سیڤەر
٣ / ئاسانکارییەکانی سیڤەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
٤ / باشوری وڵات بەرەو کۆنفیدرالی ڕیگەی بۆ خۆشکراوە.
٥ / کورتەیەک لە سەر کۆنفیدراڵی یاخود کۆنفیدراسیۆن (
Confederation )
٦ /  نموونەی چەند یەکێتی و کۆنفیدراڵییەکی مێژوویی.

One hundred and two years after the Treaty of Sevres. Confederation is the best chance to get South Kurdistan KRG out of this cage.    By  Arif Bawecani                                                     
مائة واثنان سنة بعد معاهدة سيفر. كونفدرالية هو أفضل فرصة لإخراج جنوب كوردستان من هذا القفص.


دەستپێک: ڕووداوەکانی مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکانی ئەو سەردەمە لە سەر ئەو سنوورانە، ساڵانە بۆنی نوێبوونەوەیان لێدەکرێت ولاپەڕەکان دووبارە هەڵدەدرێنەوە پێداچوونەوەیان پێدادەکرێت. لەم ئان و ساتەدا کە ١٠٢ ساڵ بە سەر ڕێکەوتننامەکەی سیڤەردا تێپەڕدەبێت، بینەرو بیسەری کۆمەڵێک ڕووداو گۆڕاونکاری ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤینین. کە بەرچاوترینیان، ئاشتی عەرەب ئیسرائیل، پەرە سەندنی کێشەی ناوخۆیی شیعە بە شیعە. لاوازبوونی پێگەی ئێرانی لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئاڵۆزی پەلامارەکانی ئەردووغانی تورکیا بۆ سەر کوردستان و کێشەی دێپڵؤماسییەکانی لە ئاست جیهاندا. لاوازی سووریا و مانەوەی بە نیوەچڵی، و دەبینین کە سوپای وڵاتانی زلهێز لە سەر خاکەکەی تارتارێنیتی.
گەلی غەدر لێکراوی ئێمەش کە یەکێکە لە نەتەوە ڕەسەنەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین، هەمیشە لە سەرەوەی لاپەڕەکانی ئەو مێژوویەدایە. لە ڕوی*جینەتیکییەوە* و لە ڕەگ وڕێشەشدا، بە هیچ شێوەیەک لە ڕەگەزی فارس و تورک و عەرەب نزیک نین. نە کەمینەیەکی نادیارین لە گۆشەیەکی بچووکی جۆغرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیابین، تا لە مێژووی نەیارانماندا بە ئاسانی ونبکرێین.
هەر بۆیە ئاور لە هەر جۆرە ڕێکەوتننامە و پەیماننامەو گۆانکارییەکی مێژوویی لە خۆرهەڵاتی ناڤین بدەینەوە، کە لە سەدان ساڵ پێشەوە ڕوویدابێت، یا لە سەدان ساڵ پاشتریش ڕووبدات. گەلی ئێمە لەو مێژووانە بە زەقی دیارەو ڕۆڵی کاریگەریشی بووەو دەشبێت.

ڕێکەوتننامە( پەیماننامەی) سیڤەر : سەدو دوو ساڵ پێش واتە لە ١٠ / ٨ / ١٩٢٠ لە سەردەمێکی ئاڵۆزی ناکۆکییەکانی جەمسەرەکانی ناوچەکە. په‌یماننامەیەکی گرنگی مێژووی لە شاری سیڤەری فەرەنسا، کە ناسناوی پەیماننامە یا ڕێکەوتننامەی سیڤه‌ری لێنرا، له‌ نێوان چەند وڵاتێک و ئیمپراتۆرێکی ئەو سەردەمەدا واژۆ کرا. لەو هاوپەیمانییە کە ئەوەی مێژوو باسی لە هێندێک لە ناوی وڵاتەکان کردووە. ئاماژە بە ده‌وڵه‌ت و ئیمپراتۆرییەکەی خه‌لافه‌‌تی عوسمانی، و ده‌وڵه‌تانی دیکەی هاوپه‌یمانی لە نێوان به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا و چەند ده‌وڵه‌تێکی دیکەی ناو ئەو هاوپه‌یمانیە کراوە. ئەگەر دەچینە ناو وردەکاری ئەو هاوپەیمانییە و دابەشکردن و دیاریکردنی هێندێک سنوور بۆ وڵاتانێک کە ئێستا خۆیان بە زەبەلاح دەزانن، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە نە پانتایی ئەرزیان، و نە سەرژمێر، و نە پیت و بەرەکەتی سەر خاکەکەیان، ناگات یەک بەشی داگیرکراوی کوردستان.
بەداخەوە! یا دەکرێت بڵێن لە کەمشانسی کورد لە ناو گڕێکوێرەکانی مێژوودا، لەو دابەشکردن و سنوور دیاریکردنەشدا، کورد هەر بە دەوڵەتی سەربەخۆ دیاری نەکرا. بەڵام لە چەند مادەیەکدا ناڕاستەوخۆ ڕێگە ئاسانی بۆ بەرەو سەربەخۆبوونی کوردستان کراوە.

بە شێوەی خوارەوە ئاماژە بە مادەکان وئاسانکارییەکان دەکەین:
لە سەر بڕیاری ئەو هاوپەیمانییە، بەندێک لە ژیر ناوی بەندی ٦٢و بە سەرپەرەستی لێژنەیەکی دیاریکراوی پێوەندیدار بەو بەندەوە، پەسەندکرا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردەکان. کە نوێنەری ٣ وڵاتی گرنگی وەک به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا لەو لێژنەیە دەبن. ئەو سنوورانەی کە ئەو لێژنە لەو١٠٢ ساڵ پێشە ئاماژەیان پێکردووە، هەموو سنووری کوردستانی مەزنی تا سنووری ئەرمەنستان دەگرتەوە. دوای چەندین مانگ و چەندین دانیشتنی دیکە، کە کوردیش تێیدا بەشدار بووە، پەسەند کردن و زیادکردنی چەندین بەندی دیکەی، وەک بەندی ٦٣ و ٦٤ لێکەوتووەتەوە.
مخابن ئەو شانسە هەر بەر کورد نەکەوت و ئەو کارەش بە دەسیسەی عوسمانییەکان و تورکەکان، تێکچوو. هۆکارە بەرچاوەکەش کە تورکەکانی تەواو ترساندبوو، ئەویش لە بەندی ٦٤ دا بوو، کە لەو بەندەدا ڕەزامەندی تێدادرابوو. واتە بەو شێوە ئەو خاڵە پەسەندکرابوو: کە ئەگەر زۆربه‌ی گه‌لی کورد لە چوارچێوەی ئەو سنووره‌ی، کە بە سنوورەکانی پەسەندکراوی بەندی ٦٢ دا دیاریکرابوو. لە پاش ماوەیەکی دیاریکراو، کە هێندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە ماوەی ساڵێک و تا٢ ساڵ دەکەن. ئەگەر بیانەوێت و داوای سه‌ربه‌خۆیی له‌ کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان بکەن، و لە ژێر دەسەڵاتی تورکیا جیاببنەوە، ئەوا مافی خۆیانەو یاساییە و ڕێگەپێدراوە، کە دەوڵەتی خۆیان ڕاگەیەنن. هەر بۆیە تورکەکان چی وەک خەڵک و چی وەک دە‌وڵه‌ته‌کەش‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئەو مافەیان بۆ گەلی کورد پێ ئەزم نەدەکرا. تا سەرئەنجام هەوڵێکی زۆری لۆبیگەرییان لە ڕێگەی بەخشینی ئەرزو ئاو مادییەوە خستەگەڕ، ئەو پەیماننامەیان گۆڕی و په‌یماننامه‌ شوومەکەی لۆزان واتە لە ڕێکەوتی٢٤ /٤/ ١٩٢٤ لە شۆێنی سیڤەر دامەزراند.
ئیتر لەو کاتەوە ڕێگەی یاسایی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ئاستەنگی تێکەوت، و داگیرکاری و ستەمی داگیرکەران بۆ سەر گەلی کورد لە هەموو بەشەکان پەرەی سەند.

باشوری وڵات بەرەو کۆنفیدرالی ڕیگەی بۆ خۆشکراوە.
وەک دەبینین کە تورکیا بە بیانووەکانیەوە بەرنامەی پەلاماردانی بەشی زۆری ڕۆژئاوای کوردستانی خستووەتە پڕۆژەی کارییەوە. ڕوونە کە مەترسی لە دەستدانی دەسکەوتەکانی ڕێکەوتنەکەی لۆزانی هەیە، دەیەوێت هەنگاوی زیارت بنێت، و لە حەدی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاتر زیادەڕەوی دەکات. تا وڵاتان ناچار بکات بە نیوەیش لەگەڵی ڕێکەون، بۆ ئەوەی زۆر لە سنوورەکانی دەسەڵاتی سەردەمانی لۆزانی لە دەست نەدات.
دۆخی ئێرانیش ڕوونە کە لە چی حاڵیکدایە، چۆن زۆرینەی نەتەوەکانی بندەست، بەرنامە ڕێزی بۆ وەدەرنانی فارسەکان دەکەن لە سەر سنوورەکانیان. یا چۆن لە ئاست ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی داڕمانی سیاسی و ئابووری و دێپڵؤماسی بووەتەوە.
وەک دەبینین کە ئێراقی پاش٢٠٠٣ بەردەوام بەرەو نا ئارامی و داڕمانی سیاسی وئەمنی دەبێتەوە.  ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە باشووری وڵاتمان بتوانێت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، یا وڵاتانی زلهێز و خاوەن باوەڕ لە ناوچەکە، بهێنێتەوە سەر ئەو باوەڕەی، کە گەرەنتی پێکەوە ژیان لە نێو ئەم ئێراقەدابۆ خوودی ئێراقییە عەرەبەکانیش نەماوە، تا بگات بە مافەکانی گەلی کوردستاندا. لەوەتی ئێراق لە سەردمانی کۆنی دەسەڵاتی خولەفاکانەوە تا سەردەمانی بە حکومەتکردنیان، بەردەوام لە نێو کێشەی ئاینی و ناوچەیی و تایفەیی بووەو دەبێت. کەوابێت ئێراقێکی یەکپارچەیی و دیمۆکرات سەرکەوتوو نەبووە، بگرە تەنیا چووەتە بواری خەیاڵ و خۆزگەوە. کردەوەکان و شەقامی ئێراقیش دەیسەلمێنن نە ئەم سەردەمە، بگرە و بۆ دەیانساڵی دیکەش چاوەڕوانکراو نییە.
ڕوونیشە کە ئاستەنگیەکانی سیاسی و نێودەوڵەتی لە ئێستادا بۆ هەنگاوی کۆتایی: کە سەربەخۆیی یەکجارییە هێشتا لەئارادایە. کەوابێت دەکرێت لایەن و دەزگاکانی باشووری وڵاتمان، لە دەوری یاساو پڕۆسەیەکی یەکگرتوویی و تەباییەکی سەرنجڕاکێشدا، دڵنیایی بە دۆستانمان بدات، کە کوردستان بەرەو پێشکەوتن و ئاشتی و ئاوەدانییەکی باش دەڕوات. بەو شێوەیە دەتوانن کار بکەن بۆ کەڵكوەرگرتن لە ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی باشووری وڵات بە شێوەی کۆنفیدراڵی. بۆ ئەوەی لە زۆربواردا دوورببنەوە لەو کێشەو نائارامییانەی کە پەیتا پەیتا لە بەغدا ڕوودەدات. ئەو کۆنفیدراڵیە دوای ماوەیەک بە کرداری یەکگرتووانە و پێشکەوتوانە و بۆژانەوە، بە ئاسانی ڕێگاکە خۆشدەکات بۆ هەنگاوی کۆتایی سەربەخۆیی گەلەکەمان. ئاکامی ڕێفراندۆمی٢٠١٧ بەڵگەیەکی سیاسی و خواستی گەلی باشووری وڵاتە، کە بە ویستی ٩٣٪ نایانەوێت لە گەڵ ئەم وڵاتە پڕگێژاوە بمێنێتەوە.
گەلۆ:  کاتێک مێژوو شایەتیمان بۆ دەدات کە سەدو دووساڵ پێش، لە ئاست وڵات و ئیمپراتۆرە گرنگەکانی ناوچەکە حسابی زۆرمان لە سەر کراوە، بۆ دەبێت دوای١٠٢ساڵیش هەر بە گوومانەوە و سارد و سڕی وترسەوە باس لە مافی سەربەخۆیی گەلەکەمان بکەین. نەوەی دەیانساڵی دیکە بە تووندی بەر ڕەخنەمان دەگرن و لێمان دەپرسن، باشە ئەوانەی سەدو دوو ساڵ پێشووتر کە ئەگەر زۆر ئەزموون و شارەزاییان نەبوو، ئەی نەوە و تێکۆشەرانی داهاتوومان بۆ نەیانتوانی لەو هەموو گۆڕانکارییانە، هەلێک بقوۆزنەوە و ڕزگارمان بکەن. وا دیسانەوە لاوازی ئێراق هەڵێکی زۆر لە بوارە لە ئاست نێونەتەوەییشدا. دەسەلمێندرێت کە گەلی کورد نزیک بە ٢٠ ساڵ چاوەڕوانی ئێراقی نۆییشی کرد ئەویش وڵامی نەدایەوە.
لە ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ کە هەلێکی مێژوویی گرنگ لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، وێرای ئەوەی کە ٩٣% خەڵک بە خرۆشەوە بە دەنگ ئەو پرۆسە گرنگەوە هاتن، ئەویش جێبەجێکردنی پرۆسەی ڕێفراندۆم بۆ باشووری کوردستان بوو. کەچی ئەوەندەی لایەن و هێندێک بە ناو ڕووناکبیری کورد، تا ئێستاش لۆمەی ئەو ڕێفراندۆمە دەکەن، ئەوەندە لە داگیرکەرانی کوردستان نابیستین. هێندێک دەڵێن ئەو ڕێفراندۆمە وایکردووە، کە بووجە نەماو، وەک ئەوەی وابێت ئەو هەموو مێژووی خەباتەی کوردستان، تەنیا لە پێناو مووچەو پارە بووە کە داگیرکەران بۆمان بنێرن. یا ‌هێندێک دەڵێن ئەگەر ئەو ڕێفراندۆمە نەبایە، کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لە دەست نەدەدران، لە حالێکدا ئەو ناوچانە تەنیا لە سەردەمانی هاتنی داعشدا دەس کورد کەوتبوونەوە. هەموو بەڵگەو لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێراقی شایەتی لەوە دەدەن، کە ڕێفراندۆم بکرایە یا نەکرایە، ئەوان لە پاش شەڕی داعش هێزەکانی خۆیان بە پشتیوانی تەواوی ئێران دەهێنایەوە بۆ ئەو شوێنانەو، و ئەو گێچەڵەیان هەر بە گەلی کورد و باشووری وڵاتمان دەکرد.
بەو هیوایە کە گەلەکەمان بەو هەموو ڕووداوانەی لە مێژوودا تووشی دەبن، لە ویستی سەربەخۆیی نەکشێنەوەو کۆڵنەدەن، و بگرە فشارە نێونەتەوەییەکان بۆ بە دەستهێنانەوەی ئەو مافە رەوایانە  هەر لە سەر مادەکانی ٦٢ و٦٣ و٦٤ی پەیماننامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠دووبارە بهێننەوە، ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهان.

کورتەیەک لە سەر کۆنفیدراڵی یاخود کۆنفیدراسیۆن (بە ئینگلیزی: Confederation)
بۆ ھەرکام لەم چەمک و وشانە، مێژووییەک یا ھۆکارێک ھەبووە کە ھۆکاری سەرھەڵدانی بوون. وشەیەکی فەرانسییە و لە ناوەڕۆکدا مانای یەکێتی ویەکبوون و  هاوبەشی دەدا.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چەمکی کۆنفیدراڵی لە وڵاتی سویسرا وەک چارەسەری گوونجاو بۆ هەرێمە جیاوازەکانی ئەو وڵات پێکهاتبوو. چوون  لەو سەردەمانە واتە سویسرای کۆن، خاک و جۆغرافیای ئەو وڵاتە تایبەت بە یەک نەتەوەو زمان و ڕەگەز نەبوو. بەڵام چەند نەتەوەیەکی هاوسنوور بوون. دواتر کە هەموو نەتەوەکان خۆیان لەم ولاتەدا بە خاوەن خاک و ماف بینییەوە، لە سەر ویستی خۆیان لە کۆنفیدراڵییەوە گەڕانەوە بۆ سوسیرایەکی فیدراڵی.
کۆنفیدراڵی یا کۆنفیدراسێونی، واتای بوونی وڵات و کیانێکی سەربەخۆی تەواو، بەڵام وەک ئاڵیانسێک یا جۆرە ڕێکەوتنێک و هاوبەشییەک لە نێوان چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ھاوسنوور درووست دەبێت. واتە ئەو دەوڵەتانە بێجگە لە ڕاپەڕاندنی کاری خۆیان وەک دەولەتێکی  تەواو سەربەخۆ، هاوکات پێکەوە لێژنەیەکی کاری هاوبەشیان دەبێت، بۆ هەبوونی هەماهەنگی لە سیاسەتەکانی هاوبەشیان. وەک نموونەی هێزی بەرگری هاوبەش بۆ پاراستنی سنووری ئەو وڵاتانە پێکەوە، وەک گۆڕینەوەی وزەی هاوبەش، وەک سیاسەتی هاوبەش لە ئاست نێونەتەوەییدا و زۆر خاڵی دیکەش کە  لە نێو یەک ناوی هاوبەشدا.  بەڵام ھەرکات ھەر کام لەو وڵاتانی ئەندام لەو کۆنفیدراسێونە بە دەنگدانی زۆرینەی پێکھاتەکان بیانەوە لەو هاوبەشییە جیا دەبنەوە. کەوابێت کوردستانیش بەو پێناسە دەتوانێت کۆنفیدراڵی ڕاگەیەنێت، ئەگەر باشی ئێراق وایکرد، کوردستان بگەڕێتەوە بۆ فیدراڵی، یا پێچەوانەکەی ئێراقی نا ئارام ناچاری بکات بۆ سەربەخۆیی یەکجاری.
 لە مێژووە کۆنەکان زۆر سیستەمی کۆنفیداڵی ھەبوو،  خوێنەر بە هەموویەوە ماندوو ناکەم، من لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی گوونجاو ھاوشێوە دەکەم. کە چۆن دوای ماوەیەک پێکەوە کارکردن، لایەنی مەبەستدار بە ئاسانی یا گەڕاونەتەوە ناو وڵات یا بە تەواری لێی دابڕاون. نموونەی چەند یەکێتی و کۆنفیدراڵییەک.
١/ کە باشترین نموونە هەر لە مێژووی ئێراقدا. درووستبوونی یەکێتی عەرەبی(یەکێتی ھاشمی) بوو لە نێوان ھەردوو دەسەڵاتی پاشایەتی عێراقی وئوردن، هاوشێوەی کۆنفیدرالی لەساڵی١٩٥٨. لە پاش پێنج مانگ بە هۆی شۆڕش یا کۆدیتای ٥٨ لە ئێراقدا. کۆتایی بەو کۆنفیدراڵیە٢پاشایەتییە هێنرا.

٢ /  کۆماری عەرەبی یەکگرتوو، کە یەکێتیەکی کۆنفیدراڵی بوو لە نێوان میسر و سووریا و باکووری یەمەندا لە ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦١دا. ئەوان کە یەک نەتەوەو یەکزمان و یەک کولتور و یەک ئایینیش بوون، بەڵام چوون پێکەوە نەسازان دوای٣ ساڵ کۆتاییان پێهێنا.

٣ /  یەکێتی سۆڤیەت یا یەکێتی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت، بە شێوەی کۆنفتدراڵی پێکھێنەری (دەوڵەتێکی ھاوبەشی سۆشیالیستی زلھێز بوو لە نێوان ئاسیا و ئەورووپادا. کە لە ساڵی ١٩٢٢دا دامەزرا، لە ٢٦/ ١٢/ ١٩٩١ ھەڵوەشا و کۆتاییهات. ھۆکارەکەشی سەرھەڵدانی ھەژاری و لاوازبوونی دەسەڵاتی چەند وڵاتێکی ئەندام تێیدا.

٤ / نموونەی سڕبیا و چیای ڕەش، کە  لە نێوان ساڵانی١٩٨٢ تا -٢٠٠٦ بەڵام بە ھۆی سەرنەکەتوویی چەند وڵاتێک لەو کۆنفیدراڵیە، چوونە دەرەوە و کۆتایی پێھات.

٥ / کۆنفیدراڵیەتی سێنیگال و گامبیا، لە ئەفریقا لە ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٩

٦ / یەکێتی نێوان شانشینی یەکگرتوویی سوید و نەرویج  لە ئاکامی ڕێککەوتنی *مۆس* لە١٤ی ئابی ١٨١٤درووستبوو. دوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت بە سەربەخۆیی نەرویج  کە لە ١٧مای  ١٨١٤ ئامادەکرابوو. لەو ڕێکەوتەوە لە ڕووی یاساییەوە نەرویج پێگەی دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبووە،  لە١٩٠٥بەڕێکەوتنێکی ئاشتیانەی دوولایەنە لەگەڵ سوید، وڵاتی نەرویج یەکلایی بوونەوەی خۆی وەک وڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و جیا ڕاگەیاند.

٧ / یەکێتی یا کۆنفیدرالێ نێوان دەوڵەتانی ئەفریقا هەندێک جار پێی دەوترێت یەکێتی غانا-گینیا-مالی، لە ساڵی ١٩٥٨ پێکهات. بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣ هەڵوەشایەوە.

٨ / کۆنفیدراڵی وڵاتانی  یوگۆسلاڤیا لە ١٩٩٢ تا ٢٠٠٣ زۆربەیان لێ جیابووەنەوە.  لە نێوان ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٦ مونتینیگرۆ و سربیا کە ٢ وڵاتی پاشماوەبوون لەو کۆنفیدراڵیە گەورەیە مانەوە. بەڵام لە ٢٠٠٦ مونتینگیرۆش سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و کۆتایی بە تەمەنی ئەو مێژووەش ھات.
سەرچاوەکان:
١-  کوردەکان نووسینی: حەسەن ئەرفەع.
٢-  کوردستان و کورد. نووسینی: د عەبدولڕەحمانی قاسملوو.
٣ - کتێبی کوردستان‌ و ستراتیژیی دەوڵەتان، لەنوسینی حسێن مەدەنی،
٤ - هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی: نووسینی عارف باوەجانی.
٥ /  چەند سەرچاوەیەکی کتێبی و دیگیتاڵی مێژووی وڵاتانی کۆنفیدراڵی

photo
2022/08/07 16:13:47
1 مانگ و 20 کاتژمێر و 57 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : لە,پاش,سەدو,دووساڵ,بە,سەر,پەیماننامەی,سیڤەردا.,کۆنفیدراڵی,لە,ئێستادا,باشترین,هەلە,بۆ,ڕزگاربوونی,باشووری,کوردستان,لەو,قەفەسەدا., 
هه‌واڵه‌کان
نووسه‌ر : ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
نووسه‌ر : پارتی سەربەستیی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان
نووسه‌ر : ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
نووسه‌ر : ناوه‌ندی هه‌واڵی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
نووسه‌ر : ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
نووسه‌ر : ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
نووسه‌ر : ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©