رووداوێکی سه‌رسووڕهینه‌ر ، به‌ڵام راست :
ح. س. سۆران
" ئه‌زیش کوردم ( کورمانجم) ، به‌ڵام له‌م وڵاته وشه‌ی کورد (کورمانج) و ئاخه‌فتن به کوردی یاساغ و قه‌ده‌غه‌یه ، به سووچی رامیاری ده‌ژمێررێ و سزای توند و گرژی هه‌یه . تۆش لێره مه‌ڵێ کوردم ده‌نا تێدا ده‌چی " .
به ناوی کوردستانی گه‌وره .
ح. س. سۆران
رووداوێکی سه‌رسووڕهینه‌ر ، به‌ڵام راست :
له ساڵگه‌لی 70 ی زاینی دا ، بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌به‌ستی له‌بیرکراوی کوردناسی و ئه‌نجام دانی گه‌ڵاله‌ی کتێبناسی کورد و کوردستان ، نزیکه‌ی یه‌ک ساڵی ره‌به‌ق ، له وڵاتی تورکیا ( تورکستان ) بووم . ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک ساڵه ، به‌ێنێکی له هۆتێل بریستۆڵ مامه‌وه ، له گه‌ڕه‌کی ئاکسه‌رای ئه‌سته‌مبووڵ ، که ئه‌م گه‌ڕه‌که ، حه‌شیمه‌تی کورد ( کورمانج ) ی یه‌کجار زۆر لێیه .
رۆژێک بێ ئێوه ناخۆش ، چووم له چێشتخانه‌یه‌ک نه‌هارم بخۆم . کابرای شاگرد رێستۆران ، پاش چاکوخۆشی و به‌خێرهاتن به زمانی تورکی پرسیاری کرد : " خه‌ڵکی کوێی " . وه‌ڵامم داوه : " کوردم و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌ی موکریانم ، له ئێران " . کابرا که ئه‌مه‌ی بیست ، ره‌نگی سوور بوه‌وه و زۆر به په‌شۆکاوی وتی : " جارێ ئیدی قسه مه‌که " . منیش وسکوتم کرد و پاش نان خواردن،که که‌س له چێشتخانه که نه ما‌بو ، هات له ده‌وری میزه‌که‌ی من دانیشت و وتی :
" ئه‌زیش کوردم ( کورمانجم) ، به‌ڵام له‌م وڵاته وشه‌ی کورد (کورمانج) و ئاخه‌فتن به کوردی یاساغ و قه‌ده‌غه‌یه ، به سووچی رامیاری ده‌ژمێررێ و سزای توند و گرژی هه‌یه . تۆش لێره مه‌ڵێ کوردم ده‌نا تێدا ده‌چی " .
جا ، بۆ سه‌لماندنی قسه‌که‌ی خۆی ، ئه‌م به‌سه‌رهاته سه‌یره‌شی بۆ گێڕامه‌وه :
وتی :" خه‌ڵکی یه‌کێک له گونده‌کانی کوردستانی تورکیام . کاتێ ماڵمان له دێ بو ، رۆژێک بابم له ناکاو ، کۆچی دوایی کرد و ته‌مه‌نی درێژی بۆ ئێوه مانان به‌جێ هێشت . پاش ئه‌وه‌ی بابم مرد و کفنیان کرد ، ئه‌ز ده‌ستم کار به گریان ، شیوه‌ن ، قوڕپێوان و هاوار هاوار . له ناکاو ، دو نه‌فه‌ر ژاندارمی به‌دفه‌ڕی تورک هاتنه ته‌نیشتم و ده‌ستیان کرد به نووسینی به‌رگه‌ی جه‌ریمه - وه‌ک جه‌ریمه‌ی تاوانی ماشین لیخوڕین . ئه‌ز به ده‌م فرمێسک ، هه‌نیسک دان و چڵم سڕینه‌وه ، پرسیارم کرد : " ئافه‌ندم ! تاوانم چیه و بۆچی جه‌ریمه‌م ده‌که‌ن " . وه‌ڵامیان داوه : " تۆ به زمانی کوردی بۆ بابت گریاوی ، ده‌بێ به زمانی تورکی بگری " . وه‌ڵامم داوه ، که ئه‌ز زمانی تورکی ( بیلمه‌ره‌م ) یانی تورکی نازانم" . وتیان : " به‌ڵام مافی ئه‌وه‌ت نیه به کوردی بگری و به قێرسیچمه‌یی جه‌ریمه‌که‌یان لێ سه‌ندم و به‌رگه‌یه‌کیشیان پێ مۆر کردم و سێ جار قامکی دۆشاومژه‌م پێوه‌نا ، که ئه‌گه‌ر بیلامانێ دار و به‌رد گوێی که‌ڕ ، که هه‌رکات دایکم مرد ، به کوردی بۆی نه‌گریم ، و چون وتبووم زمانی تورکی نازانم ، چه‌ند رسته‌ی مردو لاواندنه‌وه‌یان به زمانی تورکی فێر کردم و ئه‌وه‌نده‌یان پێ ده‌ور و دوپاته کردمه‌وه ، که رسته کانم وه‌ک ئاوی ره‌وان له‌به‌ر کرد و ئێستاش هه‌ر له‌بیرمه " .
قسه‌هه‌زاره ، دوانی به‌کاره .
قوربان گیان ! ئێستاش ده‌بێ زۆر وریا بین ، فاشیست هه‌مان فاشیسته ، له ترسی یه‌کیه‌تی ئوڕووپا قسه‌کانی گۆڕیوه . ده‌نا ، هیچ تاجب مه‌مێنن ، به‌یا‌نی له خه‌و هه‌ستان ، ببینن ئارکه‌داشه پۆست فاشێسته‌کان ، له شه‌قامه کانی که‌رکووک تۆپ و تۆپخانه‌یا‌ن دابه‌ستوه، سه‌نگه‌ریان گرتوه و فرمانمان پێ ده‌ده‌ن به تورکی بگرین .
به وته‌ی پزیشکه‌کان ، هه‌میشه به‌رگری ، له ده‌رمان کردن باشتره .
تکا له خوێنه‌ران : ئه‌گه‌ر ده‌کرێت داستانی باوک لاواندنه‌وه به زمانی تورکی ، بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ش بگێڕنه‌وه . سپاس .
تاران - 22/11/2706
2007-02-10 20:51:05
19 ساڵ و 6 کاتژمێر و 41 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان