چوارشه‌مه‌ 19 گوڵان 2724

سەرهەڵدانی شەڕی کەنداوی دووەم لە سەردەمی پێشمەرگایەتیمدا، و بە ناچاری گەڕانەوەم لە پێشمەرگایەتی بۆ پ

عارف باوەجانی
سەرهەڵدانی شەڕی کەنداوی دووەم لە سەردەمی پێشمەرگایەتیمدا، و بە ناچاری گەڕانەوەم لە پێشمەرگایەتی بۆ پ

سەرهەڵدانی شەڕی کەنداوی دووەم لە سەردەمی پێشمەرگایەتیمدا، و بە ناچاری گەڕانەوەم لە پێشمەرگایەتی لە کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پ

سەرهەڵدانی شەڕی کەنداوی دووەم لە سەردەمی پێشمەرگایەتیمدا، و بە ناچاری گەڕانەوەم لە پێشمەرگایەتی بۆ پشتیوانیکردنی بنەماڵەکەم. دیدرا لەگەڵ کۆمیساریای بەرزی پەنابەری نەتەوە یەکگرتووەکان. کارو کاسپی ناو عەرەب.

لە کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیماندا، لاپەڕەی٩٩ تا ١١٣. عارف باوەجانی.

لەگەڵ پێشمەرگەکانی هێزی زمزیران لە ناوچەیەکی ڕەبەت بووین بە ناوی خاڵە ئاباد، هیندێک لە بەرپرسان ڕادیۆیان پێ بوو، ئێوارەی ٢/ ٨ /١٩٩٠  کاک حاجی جووندی کە جێگری فەرماندەهێزی زمزیران بوو، رادیۆکەی کردبووەوە، منیش لە کاتی هەواڵەکان هەمیشە دەچوومە نزیکیان، پێکەوە گوێمان لە بی بی سی بەشی فارسی دەگرت. هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە هێزەکانی ئێراق جوونە ناو کوەیت و داگیریان کردوە، ناویان لێ ناوە پارێزگای ژمارە١٩ی ئێراقی. ئەوەش هەواڵێک بوو کە گۆڕانکاری تەواوی لە ئابوری ئێراق دروستکرد، ئێراقی لە بواری ئابوری تەواوی داتەپاند و نرخی شت ومەکی زۆر گران کرد، گۆرینەوەی دیناری ئێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی تەواو کەم بایخ کردبوو. بوونی ئەو فشارە ئابوورییە کە هەموو ئێراقییەکانی بە زاڵە هێنابوو، بێگوومان بۆ پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە نیشتەجێی رۆمادی بوون، دوو بەرامبەر زیانبەخشتر بوو.
ئەو بڕە مووچەی کە مانگانە پێیان دەدرا تا پێش شەڕەکە، مامناوەندی ژیانی مانگانەیان پێ بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئیدی تەواوی مووچەکەیان بەشی ژیانی رۆژێکی نەدەکردن. من ڕۆژانە لە خەمی بنەماڵەکەمدا بووم. ئەو بڕەکەمە هاوکارییەی کە لە پێشمەرگایەتی پێم دەدرا، هەوڵمدەدا کۆی کەمەوەو بینێرمەوە بۆ بنەماڵەکەم.

لە کۆتایی مانگی١١ ی هەمان ساڵ هێزەکانمان لە ناوچە گەڕاینەوە، من وەزعی چاوم زۆر خراپ بوو. هەر لە سلێمانی نەیانهێشت بچمەوە سەرەوە، هەر لەوێدا بردمیانە لای پزشکی چاو، پزشکەکە پێی ڕاگەیاندم کە تۆ دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نەشتەر گەری بۆ چاوت بکەی. دیاربوو کاریگەری تەپ و تۆزی خۆمپارە بارانەکان کاریگەری کردبووە سەر چاوم، بۆچوونی پزشکەکەش هەر هەمان شت بوو. ٨ ڕۆژ دوای ئەوەی چاوم نەشتەرگەری کردبوو لە سلێمانی، لەبەر وەرزی و زۆر مانەوەم لەمەقەردا، بڕیارمدا بچمە سینەما کە فیلمێکی تازەی عادل ئیمامی میسری هاتبوو، بەداخەوە ڕۆژی دواتر برینی نەشتەرگەرییەکەم ئاوساو دیسان برامەوە لای پزشکەکە، ئەویش زۆر لێم توڕە بوو، لەوەی کە نەدەبوو ئەو پەمووی لە سەریان داناوە لام بردایە تا کاتی دیاریکراو. ئیتر ئەم جار ئاقڵ بووم و٣ رۆژ دوای ئەو ڕێکەوتەش پەمووکەم لابرد. تا ئەو کاتانەی کە من لە سلێمانی سەرقاڵی چارەسەری چاوم بووم، هەواڵی ئەوەم پێگەیشت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو هەلەی قۆزتووەتەوە کە ئێراق لە سنوورەکان بەرەو لاوازی دەڕوات، ئەوانیش بنکەکانی حیزبیان لە ناوچەکانی سنووری قاسمەڕەش تۆپباران کردووە، و بارەگاکانی هێزی زمزیران و گیاڕەنگ شوێنەکانیان گوازراونەتەوە بۆ گووندی لێوژێ کە دەکەوێتە نێوان قڵادزێ و سۆران، جاران پێیان دەگووت دیانان، واتە نزیک ناچەکانی ئینزێ.

ژیانی سەر لە نوێی پێشمەرگایەتی لەو ناوچە دەستی پێکردەوە، و بڕیاردرا کە قووتابخانە بۆ پێشمەرگەکان دابنرێت، و من لە یەکەم تاقیکردنەوە بۆ پۆلی پێنجی سەرەتایی قبووڵکرام، و لەوێ درێژەم بە خوێندندا، لەگەڵ ئەوەش هەر بەردەوام بابەتم نووسی بۆ رۆژنامە و گۆڤارەکان.
لە بیرم دێت بە بۆنەی ٢ی ڕیبەندان شانۆیەکم نووسی لە یەکەم ئاهەنگی هێزی زمزیران لە لیوژێ ئەو شانۆی من پەسەندکرا.

دەنگۆی ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لە ئارادا بوو، بنکە سەربازییەکانی ئێراقی لە سەر شاخەکان ترسیان لێ نیشتبوو، باس لەوە دەکرا کە لەوانەیە جمووجۆڵی پێشمەرگەکانی باشور سەرهەڵداتەوە. مەترسی ئەوەش هەبوو کە بە بیانووی هاتنەوەی پێشمەرگەکانی باشوور، بنکەو بارەگاکانی ئێمەش تۆپباران بکرێت.
پاشنیوەڕۆیەک خۆم ئامادەکردبوو خەریک بوو بەرەو یاریگاکە دەچووم، کە ئێواران پێشمەرگەکانی هێزەکانی زمزیران و گیارەنگ و قەندیل یارییان تێدا دەکرد، یەکێک لە بەرپرسان بانگی کردم بۆ ژوورەکەی خۆی، وتی تۆ عەرەبی دەزانی، ئێستا کاک موستەفا هیجری دێت بۆ ئێرە، تۆ لەبەر ئەوەی عەرەبی دەزانی پێویستە لەگەڵیان برۆی بۆ بنکەی عەسکەرییەکەی نزیکمان. ئەو کات کاک موستەفا بەرپرسی کۆمیسیونی سیاسی نیزامی حدکا بوو، بەڵام ئیستا لێپرسراوی گشتی حدکایە.
کاک موستەفا لەگەڵ کەسێک بە ناوی موعتەسەم کە کادیری کومیسیون و شۆفێری یەکێک لە ئوتومبیلەکانی حدکا بوو، هاتن ومنیان لەگەڵ خۆیان برد. بەرپرسی سەربازگەکەکەی ئێراق نزیک لە ئێمە ناوی ئەبوغازی بوو، لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی هیتی سەربە پارێزگای ئەنباری ئیراق بوو، کە یەکەمین جار چووینە ژوورەوە زۆر بە گەرمی وەریان نەگرتین، لە سەر داوای کاک موعتەسەم من لە کاتی قسەکردندا بە زاراوە سەربازییەکەی خۆیان وتم سەیدی کاوڕێکمان وەک دیاری هێناوە بۆ خزمەتتان. کە ئەوەی بیست ئەمجار ڕێزێکی تایبەتی لێگرتین، ئیتر کاک موستەفا دەستی بە قسەکانی خۆی کرد. دیارە زیاتر مەبەست لەوە بوو کە ئەگەر پێکدادانێک ڕووبدات، ئاگاداری بنکەو بارەگاکانی ئێمە بن و بە هەڵە تۆپباران نەکرێت. ئەویش لەوە دڵنیایی کردینەوە، دیارە شپرزەییەکی یەکجار زۆر بە هێزەکانی ئێراقییەوە دیاربوو، تازە لە شەڕەکەی کوەیت شکستیان خواردبوو، نەداری و برسێتی و هەژاری بە تەواوی لە ئێراق پەرەی سەندبوو، ئەوانیش کە لە نووقتەی سنووری هەردوو بەشی کوردستاندا بوون، خواخوایان بوو لەو کاتانە ئێمەش چاومان لەوان بێت.
حەفتەیەک دواتر لە سەر بڕیاری کۆمیسیونی سیاسی نیزامی، پەلەکەی ئێمە کە پێیان دەگووت پەلی٢١ لە هێزی زمزیران نێردرایە سلێمانی، بۆ پاراستنی لە بنکەی پێوەندییەکانی سلێمانی، لە کاتی سەرهەڵدانی ڕاپەرین و دزەکردنی هێزەکانی ڕێژیم بۆ نێو بارەگاکە. ئەو ماوانەی کە لە سلێمانی بووین، زۆر خۆشحاڵ بووین، چوونکە لە چاوەڕوانی ڕاپەرینەکانی باشوری کوردستاندا بووین. خەڵکی شاری سلێمانی هەمووی بزەی شادی لە سەر لێوان دیار بوو. لەو کاتەدا کاک حەمە نەزیف قادری کە ئێستا جێگری لێپرسراوی گشتی حدکایە، بەرپرسی پێوەندییەکانی شاری سلێمانی بوو.

لە ٣ / ٣ / ١٩٩١ کە لە بازاری سلێمانی گەڕامەوە بۆ بارەگای حیزب، پێشمەرگە پاسەوانەکە پێی وتم کاک عارف مزگێنیم بەرێ، باوکت هاتووە.
کاتێک چوومە میوانخانەکە دیتم باوکم لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی حاجی ئەحمەدی تاوگۆزی کە بۆ خۆی پێشتریش پێشمەرگەی حدکا بوو لەوێن. دوای لە ئامێزگرتنی هەردووکیان. حاجی ئەحمەد کەوتە گلێی کردن و باسی ئەوەی بۆ کردم باوکت باوکی شەهیدە، کورێکیشی پێشمەرگەیە، من بۆخۆم چەند ساڵ پێشمەرگە بووم وئێستاش کوڕم پێشمەرگەیە، کاتێک هاتووینەتە ناو مەقەڕ، مەسوولێکتان ناوی ( م ) زۆر بە ساردو سڕی قسەی لەگەڵ کردووین و پێی وتووین بچنە ئەو ژوورە دانیشن. ئێمە ئەو هەموو رێگا دوورە پڕ لە مەترسییەمان برێوە تا گەیشتووینەتە ئێرا، کەچی تا ئێستاش بگرە چاییەکیان بۆ نەهێناوین. مامۆستا( م) یەکێک بوو لە کادیرانی حدکا لە بەشی پێوەندییەکانی سلێمانی. بەڕاستی بەو گێڕانەوەی خوالێخۆشبوو حاجی ئەحمەدی تاگوۆزی زۆر تێکچووم، دەمزانی ئەو جۆرە ڕەفتارە لە ئەخلاقی پێشمەرگەی حدکا ناوەشێتەوە. یەکسەر خۆم کرد بە ژوورەکەیدا، جاران پێم دەگووت مامۆستا (م)، بەڵام ئەم جارەیان بە تووڕەییەوە مامۆستام بە کار نەهێنا، پێموت باوکم و ئەو پیاوەی دیکە بنەماڵە شەهید و پێشمەرگەن، زۆر لەوە گەورەترن کە تۆیەک وا بە لووتبەرزی بەسەر موڵکی حیزبەوە هەڵسوکەوت بکەی لەگەڵ کەسی ئێمە، بە دەنگ بەرزکردنەوە پێموت هەر ئێستا نامە دەنێرم بۆ دەفتەری سیاسی کە تۆ بێحورمەتیت بە باوکی شەهید و بنەماڵە پێشمەرگە کردووە. لەو دەنگ بەرزکردنەوەی من کادیرەکانی دیکە هاتنە نێوانمان و منیان هێورکردەوەو حەقی تەوایان بە مندا.

بەردەوام گوێمان لە هەردوو ڕادێۆکانی سەربە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەگرت، لە ناکاو هەردوو ڕادیۆ ڕایانگەیاند کەوا لە ڕانیە ڕاپەرین دەستی پێکردوە. ئیتر لە خۆشیانا خەریک بوو بفڕین. ڕاپەرین پەرەی سەند تا گەیشتە سلێمانی، لە شەوی ڕاپەرینەکە ئێمە ئیزنمان نەبوو بچینە دەرەوە تەنیا لە ئامادەباشیدا بووین.
لە بەیانییەکەی من چوومە دەرەوە نانی گەرم بۆ میوانەکانم بکڕم، بە پێچەوانەی ڕۆژانی پێشووتر، کە کڵاوسوورەکانی ئێراقی لێبوو، دیتم پێشمەرگە لە سەر شەقامەکانن و داوای پێناسەیان لێکردم، پێناسەکەم کە لە سەری نووسرابوو حیزبی دیمۆکرات زۆر بە گەرمی وەریان گرتم، منیش لە خۆشیان لە پێشچاوی ئەوان فرمێسک بە چاوما هات. یەکێک لە پێشمەرگەکان وتی ئینشائەڵا بەمزووانە لای ئێوەش ڕاپەڕین سەرهەڵدەدا. شەقامەکانی شار ! کە جاران زمەی دەهات لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێراقی، ئەو رۆژە هەموو بە هوتافی خۆشی و گۆرانی شۆرشگێڕی دایپۆشیبوو.

لەو کاتەدا هەرچی لە باوکم پاڕامەوە کە وەزعەکە لە بواری ئەمنیەوە نا لەبارە، و نەوەک ئێراق پەلاماری کوردستان بداتەوە، تۆ بگەڕێرەوە بۆ ڕۆمادی، و منیش دوای چەند حەفتەیەکی دیکە دێمەوە. باوکم سۆێندی خوارد وتی تا لەگەڵم نەیەیتەوە منیش لێرە ناجووڵێم، ئەو کوڕەکەم لە دەستداوە، و ئەو هەموو مناڵەم لە رۆمادی چیهێشتووە با ئەوانیش بفەوتێن و منیش لێرە بفەوتێم.
دوای راوێژکردنم لەگەڵ هیندێک لە بەرپرسانی بنکەی سلێمانی، ئەوان پێیان باش بوو کە من لەگەڵیان برۆمەوە و با ئەوان لێرەدا گیرنەخۆن، و دوای ماوەیەکی دیکە هەلێک هەڵکەوت من بگەڕێمەوە. بەڕاستی لەو کاتانەدا پێموابوو ئاواتی چەند ساڵەم هاتووەتە دی، ئیتر لەززەتی پێشمەرگایەتی لای من زیاتر ببوو، حەز دەکەم لە جاران زیاتر چالاک بم. بەڵام بە ناچاری، لە ترسی ئەوەی کە باوکم لە دەست نەدەم لە سەرەتای ڕاپەڕینەکان، لە ڕێکەوتی١٢ / ٣ / ١٩٩١ لەگەڵ باوکم، لە ڕێگەی کەلارو کفرییەوە گەڕامەوە بۆ رۆمادی.

ژن بۆ هێنانم لە لایەن بنەماڵەکەمەوە.
تا ئێمە گەیشتینەوە ڕۆمادی سەرتاسەری شارەکانی باشوری کوردستان ڕزگارکرابوو، ئێواران پۆلپۆل خزمەکان دەهاتن بۆ لامان، و ئاگام لێبوو هیندێک لە پیاوە بە تەمەنەکان دەیانوت، تۆفیق ملی ئەم کوڕە بکە بە پەتا با نەچێتەوە، مەبەستیان لە مل بە پەتاکردن ئەوە بوو کە ژنی بۆ بهێنە، مل بەپتکردن ئەوە زاراوەیەکی شۆخییە لە ناوچەکانی لای ئێمە بۆ ژنهێنای گەنجەکان بە کاری دێنن. من هەر لە چاوەڕوانی هەلێکدابووم کە بگەرێمەوە، بەردەوام گوێم لە هەواڵەکان دەگرت. مانگێک دوای ڕاپەرینەکانی باشوری کوردستان، ڕێگەخۆشکرا بۆ ئەو بنەماڵە کوردانەی کە دەیانویست بە شێوەی نیوە نهێنی بگەرێنەوە بۆ رۆژهەڵات. دیارە حکومەتی ئیراق لەو کاتەدا زۆر شپرزەبوو، کاری بە گەڕانەوەی هیچ کەسێک کە ڕەگەزی ئێرانێ بێت نەمابوو. ئێراق دەیەویست لەو کاتە ناسکەدا نێوانی خۆی لەگەڵ ئێران خۆشبکاتەوە. بەڵام چوونکە شێوەی گەرانەوەی بنەماڵەکان فەرمی نەبوو خۆێ لێ بێخەبەر دەکرد، دیارە بێگوومان بەرتیڵ و دیاریش دەدرا بە بەرپرسانی موخابەراتی ئێراقی، بۆ ئەوەی بەرگری لە ئوتۆمبیلە بارییەکان نەگرن.
دوای ماوەیەکیش بە سەرپەرەشتی خاچی سوری نێودەوڵەتی هیندیک بنەماڵە بە شێووەی فەرمیش گەڕانەوە. منیش بەردەوام بیرم لەوە کردەوە کە ئەگەر بنەماڵەکەم ویستیان بگەرێنەوە بۆ رۆژهەڵات، ئەوا منیش دەگەڕێمەوە بۆ پێشمەرگایەتی. بەردەوام بە باوکم و دایکم دەوت ئیتر بەسە ئەوە زیاد لە١٠ ساڵە ئێوە ئاوارەن، باشترە ئیوەش وەک ئەم سەدان بنەماڵە کارتان بە ئێمەوە نەبێت، ئێوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆتان. بەڵام ئەوان سووربوون لە سەر ئەوەی کە هەرگیز لە من و براکانم و خوشکە گەورەکەم دانابڕێن. ئیتر ئەوان هەستیان بەوە کردبوو کە من بۆ هەلێک دەگەڕێم، بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێمەوە سەنگەری پێشمەرگایەتی. هەر بۆیە بریاری ئەوەیاندا کە دەبێت من ژن بێنم، لە٢٤ /٢ /١٩٩٢واتە لە تەمەنی نزیک بە١٩ساڵیدا، پرۆسەی هاوسەرگیریان بەبێ ویستی خۆم بۆ پێکهێنا. ئیتر ئەرک و بەرپرسایەتیم زیاتر بوو، ڕێگەی بە پێشمەرگە بوونم بە تەواوی لێگیرا. بەڵام ئەندامبوونم لە حیزبدا هەر بەردەوامبوو، دەتوانم بڵێم هەر لە ئەڵتاشەوە و تا دوا ساڵی ئەندامەتیم لەو حیزبەدا، واتە ساڵی ٢٠ ٠ ٥ لە وڵاتی نەرویج، بەردەوام بووم.

هاتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆردگاو. ناو تۆمارکردنم لە بەشی پەنابەری.
ئۆردوگای ئەڵتاش تا سالی ١٩٩١هەر تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێراقدا بوو، هەروەها تەنیا ڕێکخراوی خاجی سووری جیهانیش سەردانی دەکردن.
لە شاری حلەی باشوری ئێراق کەمپێکی دیکەی سیاسی هەبوو، ئەو کەمپە لە کاتی خۆپێشاندانی شیعەکانی ئێراقدا لە ساڵی ١٩٩١، هێرشکرابووە سەریان و ئەزیەت و ئازاریان زۆر دیبوو. بە مەبەستی پاراستنیان لە مەترسی دیکە، ڕێکخراوی یوئێن ئەوانیشی هێنایە ئۆردوگای ئەڵتاشەوە.
ئیدی بە فەرمی یوئین کارەکانی خۆشی هێنایە ناو کامپی ئەڵتاشەوە، هەموو ئەو کەسانەی کە کاری سیاسیمان کردبوو، نەمان دەویست بگەرێینەوە بۆ بندەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی چوونە دەرەوەی وڵات، فۆرمی یوئینمان وەرگرت و ناوی خۆمان لای بارەگای یوئێن تۆمارکرد.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ نوێنەری بەشی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەڵتاش.
لە پلەی یەکەم کە فوڕم پردەکرایەوە، بە دوای ئەودا چاوەڕوان دەکرا کە ناوەکان بانگبکرێن بۆ چاوپێکەوتنی تایبەت، و بەداخەوە کە هەر ێکخراوێکیش کە نموونەی جیهانبێت، بگاتە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناڕاستەوخۆ تووشی گەندەڵی دەکرێت، هێنانەوەی سەرەوە یا گووڵبژێری ناوەکانیش، لە ڕێگەی حیزبەکان و کەسانی دەسڕۆشتوو لە ڕێگەی بەرتیڵەوە جووڵەی پێدەکرا.
منیش دوای چاوەڕوانییەکی٤ ساڵە لە پاش ئاڕاستەکردنی کەیسی پەنابەریم، بێجگە لەوەی کە ژمارەی پەروەردە( ژمارە کەیس) م وەرگرتبوو، هیچ هیوایەکی دیکەم نەبوو، بەخۆشییەوە ناوەکەم هاتەوە بۆ چاوپێکەوتنم لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان UN. ژنێک بە ناوی ئانا کە خەلکی ئیتالیا بوو ئەو دیمانەکەی لەگەڵ پێکهێناین، و ئەڵبەت هاوکارێکی کوردیشیان لەگەڵ بوو بە ناوی لانە بابان. ئانا لێێ پرسیم کە ئەم شتانەی لە ناو کەیسەکەت ئاماژەت پێکردووە و نووسیوتە چی بەڵگەیەکت هەیە بیسەلمێنیت کە ڕاست دەکەیت، کاسێتێکی تۆماری دەنگیم هەبوو کە لە پاش کۆتایی دەورەکەمان لە ڕادیۆ قسەم کردبوو، هەروەها چەندین نامە گۆرینەوەشم لە قەندیلەوە لەگەڵ بەرنامەی حەفتانەی ڕادیۆ هەبوو، هەمووی ئەوانەم لە کاسێتێکدا ئارشیڤ کردبوو بە تۆمارکراوی خستمە بەردەستی، لەگەڵ چەندین بەڵگەی دیکەی نووسینەکانم لە گۆڤاری لاوان، کە سەر بە یەکێتی لاوانی دیمۆکرات بوو. لەگەڵ چەندین وێنەی پێشمەرگایەتی، کە هەموو ئەمانە گەواهی لە دژبوونی من بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دەدا. واچاوەرێم دەکرد کە ئامێری تایبەت بە کاسێتەکە بێنێت و گۆیی لێ بگرن، بەڵام ئانا بە زەردەخەنەیەکەوە وتی شتەکانت هەڵگرەوە و کێشە نییە. منیش ڕاستی ترسام گاڵتەی بەو شتانە بێت، یەکسەر لانە خانم هەستی بە شڵەژاوی من کرد، وتی کاک عارف ئەوە مانای ئەوەیە باوەری پێت هەیە، لەوە دڵنیابە.
ئیتر برێک لە گەڵ خێزانم و کچەکانم قسەی ئاسایی کرد، کە ئەو کات هەر٢ کچمان هەبوو، بە ناوەکانی شیلان و شۆخان کە زۆر منداڵ بوون، و بڕێک یاری لەگەڵ کردن. دواتر دیسانەوە ڕووی کردەوە خۆم، وتی باشە ئەگەر کەیسەکەت بنێرینە وڵاتانی دەرەوە، بۆکام وڵات حەز دەکەی، منیش لێم پرسی بۆ هەر وڵاتێک کە مافەکانی منی وەک ئینسان و پەنابەر تێدا بپارێزرێت بۆ من ئاساییە. ئەو پرسیارەکەی دیسان دووپاتکردەوە منیش وتم ئەگەر بە هەڵبژاردنی من بێت، نەرویجم پێخۆشە. لێێ پرسیم بۆ نەرویجت پێخۆشە، وتم لە بەر ئەوەی ماڵی خوشکێکم لەوێن، دیارە ماڵی خوشکە گەورەکەم ڕابیعە لەگەڵ مێردەکەی و٣ مناڵی لە کۆتایی ساڵی١٩٩٢ گەیشتبوونە نەرویج.
ئیتر هەمووی دیدارەکە لە٢٠  خولەک زیاتر نەبوو، بە خواردنەوەی چایی و برێک شیرینی بۆ مناڵەکان دیدارەکەمان دوای هات، دیاربوو پێشتر خەڵکانی دیکە وتووێژیان کردبوو، کەم کەس هەبوو لە نیوان ٢ کاتژمیر تا ٥ کاتژمیر کەمتری قسەیان لەگەڵ کردین.
وەک نەریتی رۆژانە خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە بندیوارەکانی بارەگای یوئین کۆدەبوونەوە، کە چاوەڕوانی هاتنی کارمەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەکرد بۆ نوویسنگەی کارەکانیان، بۆ ئەوەی هەواڵێک لە کەیسەکەی خۆیان بزانن. کاتێک کە هاتمە دەرەوە هیندێک هاورێ و خزمم لەدەورم کۆبوونەوە، هیندێک دەیانپرسی بۆ وا بە پەلە هاتیتە دەرەوە، بەخوا دەترسین وڵامەکەی نەخێر بێت، من خۆم لەوە دڵنیابووم کە باوەڕی بە بەڵگەکانم کردووە، بۆیە وتم بێخەم بن، بۆ هەموو شتێک بەڵگەم پێشانداوە.

کاسپی و گەڕان بە نێو زۆربەی شارە عەرەب نشینەکانی ئێراق.
کاسپی و چوون بۆ نێو گووندە عەرەب نشینەکانی ناوچەکانی ئیراق بە مەبەستی کڕینی زێڕ و گۆڕینەوەی پارەی سویسری کۆن لەگەڵ پارەی تازە چاپکراوی ئێراقی و فرۆشتنی شت و مەک، لە ژیر ناوی چوون بۆ( جەزیرە) یەکێک بوو لە کاسپییە دیارەکانی پەنابەرانی ئەڵتاش. منیش لەگەڵ چەند کەس بە هاوبەش دەستمان کرد بەو کاسپییە.
من لە سەرەتاوە بۆ ناوچەکانی سەر بە پارێزگای ئەنبار و هیندێک ناوچەی تکریت دەچووم، دواتر زیاتر شارەزابووم و بەرەو ناوچەکانی سەر بە بەعقوبە دەچووم، لە بەعقوبە ناسراوم زۆر پەیدا کردبوو، گەشتەکانمان لە رۆژێکدا چەندین لادێی دەگرتەوە. لەو کاتانەش بە بەرگی کوردییە دەگەڕاین، بۆ ئەوەی تەواو دڵنیابن کە ئێمە کوردین، جاری وابوو بە حەفتە نەدەگەڕاینەوە.
بە هۆی ڕوودانی گرانی و گەمارۆی تووندی ئابوری لە سەر ئێراق، کە خەڵکی ئەو وڵاتە بەو جۆرە گرانییە ڕانەهاتبوون، لەو بوارەدا لادێکانی عەرەب نشین، بۆ فرۆشتنی زێڕ و شتە بە نرخەکانی دیکەیان لە ساڵی١٩٩١ بۆ سەرەوە، باوەڕیان بە بازاڕەکانی خۆیان نەمابوو، بە٢ هۆکار زۆربەی شتەکانیان بە کورد دەفرۆشت.
یەک ئەگەر زێڕ یا هەر شتێکی دیکەی سەرنجڕاکێشییان ببردایە بازاڕ، لایەنە ئەمنییەکان بە بیانووی ئەوەی کە ئەمە لە کوەیت هێنراوە و دەبێت بدرێتەوە بە حکومەت، لێیان زەوت دەکردن.
دووەمیش قۆڵبڕی و پارەی سپیکراو زۆر کرابوو لە بازاڕ، ئەمانە هۆکار بوون کە زیاتر باوەڕیان بە کورد هەبوو، وایان دەزانی کە ئێمە شتانە دەکڕین دەیبەینەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەیفرۆشین. لە کاتێکدا ئێمەش هەر دەمانهێنایەوە لە بەغدا دەمانفرۆشتن.

ناسینی ژنێکی قەسری شیرینی لە ماڵە خێوەتێکی سامەرا.
بە مەبەستی گۆڕینی شوێنی کاسپی لەمانگی ٦ی ساڵی١٩٩٢ لە ڕێگەی شۆفیری ئۆتۆمبیلێک، کە بەردەوام بە کرێ دەمانگرت ڕۆژانە لەگەڵمان بمێنێتەوە بۆ کاسپی، لێمان پرسی با ئەمڕۆ بەرەو سامەرا برۆین، ئەویش بە هۆی ناسینی کەسێکەوە لە گووندێک بردینی بۆ ئەو گووندە، لە نزیک گووندەکەشەوە چەند ڕەشماڵێک دیاربوو، (دەوارنشین) بوون، هەمیشە ئەو ڕەشماڵانە خێریان بۆ ئێمە زیاتر بوو، لە پیرەژنێک بڕێک زێڕی باشمان بە نرخێکی گوونجاو کڕی. ئیتر ئەو پیرەژنە پێداگری لە سەر ئەوە کرد، کە دەبێت نانی نیوەڕۆ لە ماڵی ئەوان بخۆێن، مرۆڤ بۆ ویژدان باسبکات، کە عەرەبە گووندنشینەکانی ئێراق زۆر ماڵدارو ناندار بوون و ڕێزیان لە میوان و خەڵکئ بیانی دەگرت. ئێمەش داواکەمان بە سوپاسەوە قبووڵکرد، کاتێک پیرەژنەکە چوو بانگی ژنێکی دراوسێی خۆیان بکات، بۆ ئەوەی ئەویش زێڕەکانی خۆی بە ئێمە بفرۆشێت. پیاوێکیش کە لەو ماڵە بوو، لەگەڵ هاوڕێکەی من چوون بۆ دەستنۆێژگرتن و نۆێژکردن.
لەو بەینەدا ژنێکی تەمەن نزیک بە ٤٥ ساڵ کە پێشتر بە عەرەبی قسەی لەگەڵ دەکردین، بە کوردی کەوتە قسەکردن لەگەڵ من، وتی من لە ئەسڵدا خەڵکی قەسری شیرینم، و لێرەدا مێردم کردوە بە ئەفسەرێکی پلە بەرز، ئیستا ٥ مناڵم هەیە، و وتیشی کۆشکی گەورەمان لە ناو سامەرا هەیە، بەس بۆ گەرمەسێری هاوینان دێینە ئێرە. منیش داستانی داگیرکردنی قەسری شیرینم لە لایەن حکومەتی ئێراقەوە لە سەردەمی شەڕیان لەگەڵ ئێران بیستبوو. خۆم پێنەگیرا وتم مێردت کردووە، یا تۆش لەو گروپەی کە بە زۆر هێنراون بۆ ئێراق. ئیتر فرمێسک بە چاویدا هات و بێدنگ بوو، پیرەژنەکان لە دوورە دەرەوکەوتن کە بەرەو لای منەوە بێن. ژنە کوردەکەش زۆر سوێندی دام، کە نابێت کەس بزانێت ئەو باسی کوردبوونی خۆی بۆ من کردوە، وتی قەسەم بە خوا ئەگەر بزانن هەم من دەکووژن هەم تۆش تووشی کێشە دەبیت. ئیتر بە هاتنی ژنەکان ئەو باسەمان گۆڕی. بەڵام تا ئیستاشی لەگەڵ بێت هەر بیر لەوە دەکەمەوە کە خۆزگە من بمتوانیبایە ئەو ژنەم ڕزگاکردایە، بەڵام دۆزی ئێمە لەو کاتەدا زۆر مەترسیدار بوو.

لەم لینکەی خوارەوە کە لە مانگی ٧ بڵاوکردەوە ئاماژەم بە سەردەمی پێشمەرگە بوونم کردووە.
https://www.facebook.com/photo?fbid=10221995932229033&set=a.4695034895485

لە داهاتوودا بە پێێ کات باسەکان درێژەی دەبێت.

2022/08/31 07:50:33

1 ساڵ و 8 مانگ و 11 کاتژمێر و 54 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : سەرهەڵدانی,شەڕی,کەنداوی,دووەم,لە,سەردەمی,پێشمەرگایەتیمدا،,و,بە,ناچاری,گەڕانەوەم,لە,پێشمەرگایەتی,لە,کتێبی,بیرەوەرییەکانم,لە,پ
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©