پێنچ شه‌مه‌ 6 گوڵان 2724

بەردەوامی نووسین و خوێندنەوە و ژیان لەگەڵ کتێبدا. لە کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیمان

عارف باوەجانی
بەردەوامی نووسین و خوێندنەوە و ژیان لەگەڵ کتێبدا. لە کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیمان

جارێکیان خزمێکمان ناوی خاڵۆ موستەفا بوو خوا عەفوی بکات چەند ساڵ پێش لە رۆژهەڵات کۆچی دوایی کردوە، هاتە ماڵمان، ئەو هەموو پەرتووک و

 

بەردەوامی نووسین و خوێندنەوە و ژیان لەگەڵ کتێبدا. لە کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیماندا، لاپەڕەی ١١٧ تا ١٢٦. عارف باوەجانی.

نووسین و خوێندنەوە ببوو بە شتێک لە هەمیشە بە خەیاڵمدا دەهات، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووم، بزانم چی پەرتووکێک یا چ گۆڤارێک ژمارە تازەکەی بڵاوکراوەتەوە، یەکسەر پەیدام دەکرد.
بە چاپی نوێی هەر کتێبێک یا گۆڤارێک یا رۆژنامەیەک زۆر شاد دەبوومەوە، هەستم دەکرد کە ئەو ڕۆژە شتێکی خۆش لە ژیانی مندا ڕوویداوە. بەردەوام لە بەر خۆمەوە هەڵبەستم دەنووسی، دوای ماوەیەک کە بە دڵم نەدەبوو دەمدڕاند. یا بە خوێندنەوەی پەرتووکەوە سەرقاڵ دەبووم، هەر لە پێشمەرگایەتی پڕی یەک سندووقی جێگەی فیشەک من پەرتووکم هەبوو، کاتێکێش گەڕامەوە ئۆردوگای ئەڵتاش، بۆ خۆم لە سەر دیواری ماڵەکەمان شۆێنی سەدان کتێبم دروستکردبوو.
جارێکیان خزمێکمان ناوی خاڵۆ موستەفا بوو خوا عەفوی بکات چەند ساڵ پێش لە رۆژهەڵات کۆچی دوایی کردوە، هاتە ماڵمان، ئەو هەموو پەرتووک و ڕۆژنامە و گۆڤارانەی بینی، کەوا من زۆر جوان شوێنم بۆ دروستکردبوو، تۆزێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی ئەزانی چیبکە، وتم چیبکەم، وتی هەر کاتێک برسیتان بوو، ئەم کتێبانە بکە بە شۆربا بەشی١ساڵتان دەکات. مەبەستیشی ئەوە بوو کە بەو خەرج گرانی و قەیرانەی ئێراق من بۆ ئەو هەموو کتێبەم کڕیوە.

تێکەڵی لەگەڵ نووسەرانی کورد لە بەغدا.
من بڕیارم دابوو کە هەرگیز لە نووسین و خوێندنەوە دانەبرێم، بەردەوام هاتووچۆی بەغدا پایتەختی ئێراق م دەکرد، چەندین جار سەردانی شەقامی موتەنەبیم کرد، کە بە ناوبانگترین شەقامی رووناکبیری ئێراقە. زۆربەی پەرتووکە گرنگەکانی جیهانی لەو شەقامە دەستدەکەوێت. لە ڕێگەی ئەو شەقامەوە بە چەندین نووسەر ورۆژنامەنووسی کوردی دانێشتووی بەغدا ئاشنا بووم.
دواتر لە ڕێگەی ئەوانەوە سەردانی دەزگای ڕۆشنبیری کوردیم لە بەغداد کرد. کە ئەو کات بەڕێز دوکتۆر بەدرخان سیندی بەرپرسی گشتی بوو، کە بەڕاستی زۆر ڕێزی لە ئێمە وەک کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرت، منیش لەو کاتەدا تەمەنێکی ئەوتۆم نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوە باوەڕی زۆرم بە خۆم هەبوو هەرگیز لەوە نەدەسڵامەوە، کە فڵان نووسەر یا ئەدیب تەمەنی لە من گەورەترە، یا خاوەنی چەندین شاکارە. لەو سەردانانەم بۆ بەغدا، لەگەڵ ئەم بەڕێزانە زیاتر ئاشنابووم وهاتووچۆم دەکردن.
بەرێز خۆسرەو جاف، نووسەر و ئەندازیاری بیناسازی، لە یەکەم سەردانمدا بۆ لای بەرێزیان بۆ نووسینگەی تایبەتی خۆی لە بەغدا، بەڕێزیان بە پێنووسی خۆیان چەند ژمارەیەک لە پەرتووکی دائیرەتولمەعاریفی خۆی پێشکەش کردم، کە تا ئێستاش ئەو دیارییانەم لاماوە، و بەردەوامیش لە هەولێرەوە پێوەندیم لەگەڵ بەرێزیان هەیە. وەک خزم و پشت و پەنایەکە بۆ من لە هەولێری پایتەختی باشوری کوردستان. بەرێز موحەممەدی مەلاکەریم نووسەر و ئەدیب و وەرگێڕی بە توانا، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٢ناوبراوم بینی، بەڕێزیان کە زانیان حەزم لە نووسین و خۆێندنەوەیە، پێشنیاری ئەوەی پێکردم کە ناسناوی عارف باوەجانی هەڵبژێرم. بەڕیزیان بۆ خۆیان فەرموویان نەک لە بەر هۆکاری ناوچەگەراییە، کاک حەمە باسی ئەوەی بۆ کردم کە لە باوکی بەڕێزیان عالمی زانا مامۆستا مەلا عەبدولکەوریمی مودەریس بیستوویەتی کە زۆربە کەسایەتی ئاینی و شاعیر و نووسەری دەڤەرەکانی ئێمە، بابەتیان هەبووە و زۆبەریان ناوی خۆیان و باوکیان بووە، دوای نەمانی خۆشیان بەرهەمەکانیان فەوتاوەو کەس نەیزانیوە کێیەو لە کام شۆێنەوە هاتوون.
پێوەندی من لەگەڵ بەڕێز موحەممەد مەلاکەریم گەیشتبووە ئاستی هاتووچۆی خێزانیش. مخابن لە ١٢ / ٣ / ٢٠ ١٧ ڕووناکبیر و نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد مامۆستا موحەممەدی مەلا کەریم لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.
هەر یەک لە بەڕێزان ئەحمەد زەردەشت، عەبدوڵا عەبباس و ناهیدە رەفیق حیلمی، و چەندین کەسایەتی دیکە. لەو سەردانە بەردەوامانەم بۆ دەزگای ڕۆشنبیری کوردی لە بەغدا، لەگەڵیان ئاشنا بووم. تەنیا جارێک کەسێکی خۆفرۆش ویستی بمخاتە داوێکەوە، ئەویش خۆی ناونابوو ( ع ک ڕ). رۆژیک بە گەرمی پێشوازی لێکردم و بانگی کردم بۆ ژوورەکەی خۆی، بە چایی و شیرینی پێشوازی لێکردم. پاشان وتی کاک عارف، پیویستم بە هاوکاریتە، ئەگەر ئەو کارەم بۆ بکەی تۆش مەبلەغێکی زۆر باش هاوکاری دارایی وەردەگریت، هەر کە باسی مەبلەغی پارەی کرد، یەکسەر تێگەیشتم مەبەستی خیانەتە. لێم پرسی داواکارییەکەت چییە با بزانم دەتوانم ئەنجامی بدەم، هەر دەیوت پەلە مەکە پێت دەڵێم. لە کاتی قسەکردندا ئاگام لێبوو کە دەستی برد بۆ باخەڵی و دەنگی چرکەیەک هات، یەکسەر هەستم کرد کە ئەوە ئامێری تۆمارکردنی دەنگە. پاشان چووە سەر باسەکە، وتی کاک عارف تۆ لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی بە ئاسانی دەتوانی هاتووچۆی کوردستان بکەیتەوە، هەروەها دەتوانی ئەم رۆژنامانە بۆ من بهێنی. ناوی٣ رۆژنامەی پێدام، بۆ خۆی وتی ئەمەیان کوردستانی نوێیە کە یەکێتی نیشتیمانی بڵاوی دەکاتەوە، ئەمەشیان خەباتە کە پارتی دیمۆکرات بڵاوی دەکاتەوە، رۆژنامەی سێیەم بە داخەوە ناوەکەم لە یاد نەماوە وتی ئەمەش حیزبی سوسیالیست بڵاوی دکاتەوە. تۆ پیاوەتی بکە چەند ژمارەیەکم لەم رۆژنامانە بۆ پەیدا بکە. ئیشی زۆر زەرورم پێیەتی. من وتم کاک ع تۆ لە من چۆن حاڵی بوویت، ئێمە کوردی ئاوارەین و لە ڕۆمادی دەژین، بە هەزار حاڵ دەتوانین هاتووچۆی بەغدا بکەین. پاشان ئەگەر ئەو جۆرە کارە وەک ئەندامێکی دیمۆکرات بە من بسپێری، من دەبێت پرس بە حیزبەکەی خۆم بکەم، دوای ئەوە تۆ بۆخۆت خەڵکی سلێمانیت و ڕۆژانەش بەردەوام لە سلێمانییەوە خەڵک هاتووچۆ دەکا و دێن بۆ بەغدا، بۆ بە کەسێکی دیکە ناڵێیت. ئیتر خۆم پێڕانەگیراو یەکسەر لە ژوورەکەی هەستام، و وتم من کارم هەیە دبێت بڕۆم. لە کاتی رۆشتنم وتی کاک عارف تکایە با ئەو مەسەلە کەس نەزانێت، با هەر لە نێوانی خۆمان بێت، و ئینشائەڵا حەفتەی داهاتوو چاوەرێی وڵامت دەکەم. ئیدی من ئەوێم بە جێهێشت و بە تاکسییەک چوومەوە بۆ ماڵی مامۆستا حەمەی مەلاکەریم، و داستانەکەم بۆ گێرایەوە. ناوبراو پێی وتم دەبێت زۆر ئاگات لەو کەسە بێت، منیش زۆرم شت لە سەر بیستووە، ئەو کەسە پیاوی دەزگای ئەمنەوە زۆر پیسە.

کتێب و رۆژنامە و گۆڤار فرۆشی لە ناو بازاڕی بەیعەکەی ئەڵتاش.
کاتێک کە وڵامی یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ یوئێن وەرگرتەوە، لەوە دڵنیابوومەوە کە مافی پەنابەریم لە لایەن بارەگای فەرمی ئەو ڕێکخراوە کە لە ژنێڤە لە سویسرا پێدراوە، و تەنیا لە چاوەڕوانی وڵاتێکی ئوروپی بووم کە ئەوانیش کەیسەکەم بگرنە ئەستۆی خۆیان. ئیدی دڵم بەوە خۆش بوو دەمزانی وڵاتێک بە ئاسانی وەرم دەگرێت. وازم لە کاسپی ڕ٠¶شتن بۆ لادێکان هێنا.
بڕیارمدا کە کتێب فرۆشییەک لە ئۆردوگاکە دامەزرێنم، هەر ئەوە بوو کە بەردەوام لە ڕێگەی دۆست وئاشناکانم لە دەزگای ڕۆشنبیری بەغداو شەقامی موتەنەبی بە ژمارەیەکی زۆر کتێب و گۆڤار و رۆژنامەم دەهێنایە ناو ئۆردوگا، بۆ یەکەمجار بوو لەو ئاستە گەورەدا بڵاوکراوە و پەرتووکی بە نزخ بگاتە ئۆردوگاکە. ئەڵبەت یەکەمجار لە دەزگای رۆشنبیری چوومە خزمەت دوکتۆر بەدرخان سیندی، ئاگادارم کردەوە کە من بە نیازم لە بڵاوکراوەکانی ئێوە بەردەوام بکڕم و لە نێو کوردەکانی ئۆردوگای ئەڵتاش بڵاوی بکەمەوە. ئەویش لە سەر کاخەزێکی فەرمی بە واژۆی خۆی نووسراوێکی پێدام، بە عەرەبی نووسیبووی، کە هەڵگرئ ئەم نووسراوە، مافی ئەوەی هەیە هەموو جۆرە بڵاوکراوەیەکی دەزگاکەمان بە داشکانی٥٠ % پێبدرێت. ئیتر ئەوە باشترین بەڵگە بوو لای من، منیش زۆر سوپاسم کرد، و هەر ئەو رۆژە ئەو نووسینم لای خۆم بە شێوەی پێناسە کەپس کردبوو هەمیشە لەگەڵ خۆم دەمهێنا بۆ بەغدا.
ئەو رۆژەی کە چوومە بەغدا لای کتێبفرۆشێکی کورد بە ناوی زەینولعابدین لە شەقامی موتەنەبی بڕێک کتێبم کڕی، و عەرەبێک هاتە لام و بە هێواشی لێی پرسیم کاکە من بڕێکی زۆر کتێبم هەیە دەتەوێ لێم بکڕی، منیش ڕاستی لێی ترسام و بە کەسێکی قۆڵبر و رێگر هاتە بەرچاوم. لێم پرسی کوا دوکان و شوێنی کتێبەکانت، وتی کاکە هەمووی لە مەخزەنە لە مەنتەقەی جادریە، من باوەڕم پێی نەکرد. کاتێک زانی من گوومانی لێدەکەم منی بردە لای٢ دوکاندارلە شەقامی موتەنەبی بۆ ئەوەی دڵنیابم لێی، ئەوانیش ناسراوی من بوون، وتیان کاکە ئێمە باش دەیناسین پیاوی قۆڵبر نییە. یەکێک لە دوکاندارەکان بە تەنیا چرپاندی بە گوێمدا وتی دیارە کتێبەکانی قاچاخن بۆیە نایهێنێتە ناو بازاڕەوە، کە ئەوەم بیست دڵخۆش بووم، چون دەمزانی کتێبە قاچاخ و دێرینەکان بفرۆشیان باشترە. لە گەڵ کابراو بە ئۆتۆمبیلی خۆی سەرکەوتم، و پاش نیو کاتژمێر گەیشتینە ماڵەکەی لە جادریە. دیتم لە ما ڵە هەژار ناچن وکۆشکێکی زۆر گەورەیان هەیە، باخ و چەند ئۆتۆمبیل لە دەری ماڵیانە، کە چووینە ژوورەوە نانی نیوەڕۆیان ئامادە بوو، هەموو پێکەوە نانمان خوارد. دوای نانخواردن لەگەڵ براکەی بردمیان بۆ دیتنی کتێبەکان، کە دیتم یەک ژووری گەورە پڕ لە کتێبی کوردی و فارسی بوو، لەگەڵ دەیان رۆژنامەو گۆڤاری کۆن و هیندێک نامیلکەی دەستنووسیشی تێدابوو، لەو هەلە کورتەدا توانیم چەند کتێبێک تەماشا بکەم، کە کتێبی بۆ کوردستانی مامۆستا هەژارم بەر دەستکەوت، لەگەڵ گۆڤارێکی شاخ، ئیتر زانیم ئەم کتێبانە لە سەردەمی ئەنفال یا هێرشکردنە سەر بارەگاکانی شۆڕش کەوتووەتە دەستی ئەمانەوە، کاتێکیش کە لە ماڵیان نانم دەخوارد، چەند وێنەیەکی پلەداری سەربازیم بینی کە بە سەر دیواری ماڵەکەیاندا هەڵەسرابوو. ئیتر تێگەیشتم چیباسە. کەوتینە مامەڵەکردن وبە نرخێکی گوونجاو ڕێکەوتین. لە بیرم بێت کابرا ناوی ئەبو عیماد بوو، پێموت ئەبو عیماد من کێشەیەکم هەیە بۆ گوازستنەوەی ئەو کتێبانە، ئەویش ئەوەیە کە من لە بەغدا تا ئەڵتاش ٣ پرسگە لە سەر ڕێگامە، چۆن بتوانم ئەم کتێبانە دەربکەم. وتی کێشە نییە ئێستا چارەسەری دەکەین، وتی با بچینە سەرەوە چایی بخۆین، کە هاتینە سەرەوە برایەکی بچووکی نارد بۆ لای شۆفێری ئوتومبیلێکی باری ئاشنای خۆیان، چەند خولەکێکی پێچوو شۆفیرەکە هات، ئەبو عیماد پێی وت بە چەندە ئەم بارە کتێبە بۆ کاکە عارف دەبەیتەوە رۆمادی، زۆری نەبرد لە سەر کرێکەی رێکەوتین. ئەوبو عیماد بە کابرای شۆفیری وت: من ئاشنام لە هەردوو پرسگەکەی نزیک ئەبو غەریب و گەرمە هەیە، ناوی٢ کەسی پێدان کە ئەگەر رێگەیان لێگرتین، بە ناوی ئەبو عیمادەوە قسەیان لەگەڵ بکات. بەڵام وتی لە پڕسگەی خالیدیەی نزیک رۆمادی ئاشنام نییە، و دەبێت کاک عارف بە ڕێی لادێکانەوە ببەی واتە نەکەونە پرسگەکە، کابرا دیاربوو شارەزا بوو یەکسەر قبووڵی کرد. کە هاتین لە پرسگەی ئەبوغەریب ڕایان نەگرتین، بەڵام لە پرسگەی گەرمە یەکسەر وتی ئوتومبیلەکەت بدە کەناری جادەوە. ئەویش دابەزی و قسەی لەگەڵ کردن و دوای جەند چرکەیەک گەڕایەوە و وتی تەواوە.
بەو شێوەیە کە رێکەوتین کتێبەکانم گەیاندە ماڵی خۆمان، ئەوەندە زۆربوو نیوی لە حەوشی ماڵ دانرا. ئەو شەو تا درەنگانێک هەر خەریکی جیاکردنەوەیان بووم، بە دەیان دەسنووس و شتی گرنگم بۆخۆم جیاکردەوە. کە دواتر بەداخەوە لە پرسگەی گومرگی نێوان ئیراق و ئۆردون، هەموو دەستنووسەکانیان لێسەندم.
لە ڕۆژی دواتر ئەو پەرتووکانەم بردە بازاڕی ئۆردوگاکە، کە پێیان دەوت ( بەیەعەکە)، ئیتر دوکان پڕپڕ ببوو لە لاوانی تامەزرۆی پەرتووکە گڕنگەکانی کوردی، بەشی زۆری ئەوانەش کە وەک من وڵامی ئەرێنیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات وەرگرتبوو، بە دڵخۆشییەوە پەرتووکی زۆریان دەکڕی، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنە دەرەوەی وڵات، لە ماوەی ٣ڕۆژدا تەواوی ئەو پەرتووکانەی کە هێنابووم فرۆشران. لە یەکەم رۆژ دوای٣٠  خولەک بە سەر دانانی کتێبەکان، بەرپرسی موخابەراتی ئۆردگاکە کە کابرایەکی خۆێنتاڵ ودڕندە بوو، بە ناوی( ئەبو ئەمجەد)، بە ئوتومبیلەکەی هاتە لام، و بە لەفزێکی ناشیرین تێی خوڕیم، ئەم کتێبانەت لە کۆی هێناوە، منیش وتم لەبەغدا و لە دەزگای ڕۆشنبیری، و نووسینەکەی دوکتۆر بەدرخانم پێشاندا، تەماشای کرد و رۆشت و لە کۆڵم بووەوە.
بەردەوام تا کاتی پەروازکردنم بەرەو ئوروپا درێژەم بە فرۆشتن وبڵاوکردنەوەی پەرتووک و ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردییەکان دا. بە دانپێدانانی زۆربەی ڕووناکبیران و خۆێنەوارانی ناو ئۆردوگاکە، ئەم کارەی منیان بە شۆڕشێکی ڕۆشنبیری ناو دەبرد. کتێبخانەیەکی گشتی لە ئۆردوگاکە هەبوو، کە سەر بە یوئێن بوو، ئەوانیش زیاد لە ١٠ ٠  کتێبیان لێکڕیم، ئەو کەسەی کە کتێبەکانی لێکڕیم بۆ کتێبخانەکە کەسێکی زۆر بەڕێز بوو بە ناوی مامۆستا کەمال پاڵانی. ڕۆژی دواتر هاتەوە بۆ لام و تی پەخشان خانم کە بەرپرسی ئابوری وکاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری یوئین بوو، داوای وەسڵی فەرمی دەکات، بۆ ئەوەی کە پارەی کتێبەکان بدات، منیش لەگەڵی چووم بۆ لای، لێم پرسی پەخشان خانم ئەگەر کەس نەزانێت خۆ تۆ لە هەموو کەس زیاتر دەزانی لەم کەمپەدا کەس مافی ئەوەی نییە کە پاسکیلێکیشی بە ناوی خۆیەوە هەبێت، جا من لە کۆی وەسڵی ئەسڵی بێنم، ئیتر بە دەم زەردەخەنەیەکەوە وتی باشە بۆ خۆت لە سەر کاغەزێک شتێک بنووسە، بۆم نووسی و پارەکەم وەرگرت.
،،،،،،،،،،،،،،،،،،
ئەوانەی پێشتووتر بڵاوکراونەتەوە. بۆ خوێندنەوەی زیاتری بیرەوەرییەکانم.
گواستنەوەمان بۆ ئۆردووگای ئەڵتاش، رۆمادی ئێراق.
https://www.facebook.com/abawecani/posts/10222152962954703?notif_id=1660906187999368&notif_t=feedback_reaction_generic&ref=notif

.............................................
ناچاری گەڕانەوەم لە پێشمەرگایەتی بۆ پشتیوانیکردنی بنەماڵەکەم لە ئەڵتاش.
https://www.facebook.com/abawecani/posts/10222171146049269?notif_id=1661341761200820&notif_t=feedback_reaction_generic&ref=notif

2022/08/31 07:53:32

1 ساڵ و 7 مانگ و 13 کاتژمێر و 35 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : جارێکیان,خزمێکمان,ناوی,خاڵۆ,موستەفا,بوو,خوا,عەفوی,بکات,چەند,ساڵ,پێش,لە,رۆژهەڵات,کۆچی,دوایی,کردوە،,هاتە,ماڵمان،,ئەو,هەموو,پەرتووک,و
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©