شه‌ممه‌ 15 رێبه‌ندان 2722

تاکەی لە ناو هێنانی سەربەخۆیی بترسین و دڵی نەتەوەی داگیرکەر ڕازی بکەین

عارف باوەجانی
تاکەی لە ناو هێنانی سەربەخۆیی بترسین و دڵی نەتەوەی داگیرکەر ڕازی بکەین

لە شۆرشی نۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێراندا، درووشمی هەتا کوردێک بمێنێت کوردستان هەر دەمێنێت. بێجگە لەوەی کە عەرشی دەسەڵاتی ئێستای ک

 

 

تاکەی لە ناو هێنانی سەربەخۆیی بترسین و دڵی نەتەوەی داگیرکەر ڕازی بکەین
نووسینی. عارف باوەجانی
 
لە شۆرشی نۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێراندا، درووشمی هەتا کوردێک بمێنێت کوردستان هەر دەمێنێت. بێجگە لەوەی کە عەرشی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری داگیرکەری ئێرانیان بە لەرزە هێناوە. لە هەمانکاتیشدا پەیامێکی مەترسیدار درا بە فارسە شۆفینیستەکانی بە ناو نەیاری ڕێژیمی ئێستای ئێرانی لە دەرەوە وڵات. بەو بۆنەشەوە دەبینین کە پەلە کەوتوونەتە پەلاقەژە و درووستکردنی پارتی نۆیی سەرتاسەریخواز. لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە هات وهاوار دەکەن، بۆ ئەوەی چەپ و ڕاستیان یەکگرن بۆ پاراستنی دەسەڵات و ئیمپراتۆرییەکەیان.
 
ئەوەتە لەم چەند ڕۆژەدا لە پاڵەوانێتی کەنداوی عەرەبی کە لە پاڕێزگای بەسرەی ئێراق بەڕێوە دەچێت، لە لایەن بەرپرسانی ئێراقی ئێستادا ناوی کەنداوەکە بە عەرەبی هێنراوە. یەکسەر لەوەشەوە بە دەسەڵات و ئۆپۆزووسێنەوە گڕیان تێبەربوو، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بانگهێشتی باڵوێزی ئێراقیان کردووە و داوایان کردووە کە حکوومەتی ئێراق دەبێت داوای لێبوردن بکات، و بڵێت کەنداوی عەرەبی نییەو تەنیا کەنداوی فارسە. زۆر سەیرە کە ئەم ئاوە بە دەیان وڵاتی عەرەبیدا تێپەڕ دەبێت و لەنگەر دەگرێت، بەڵام فارسەکان ئامادە نەبوون بۆ یەکجاریش لانیکەم بڵێن کەنداوی ئێرانی، هەمیشە بە کەنداوی فارسی ناوی دەبەن، کە لەکاتێکدا ئەو ئاو ودەریا١٪ بە شارو ناوچە فارس نشینەکاندا تێپەڕ نابێت. ئەم جۆرە هاش و هووش و هاواراەیان کە لە ناو خۆ و دەرەوە سەریهەڵداوە. ئەو پەیامە ترسەیان پێدەگەیەنێت، کە لە کاتی نەمانی ئەم ڕێژیمەی ئێستایان، بۆ هەمیشە کۆتایی بە ئیمپراتۆری خەیاڵاوی فارسی ئێرانی، ماڵئاوایی لە دەسەڵاتی ستەمکاریان دەهێنێت.
لە هەر کاتێکدا کڵپەی بیری سەربەخۆیی لە ناو کوردستان بەرز دەبێتەوە، وەک باس و خواست دێتە نێو میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، سەرنجی ئەندام و بەدەنەی دیکەی حیزبەکانیش بۆ لای باسەکە ڕادەکێشت. یەکسەر میدیا فارسییەکان بانگهێشتی هیندێک بەرپرسی کوردستانی یا هێندێک کەس کە بە ناوی شارەزاو مێژووناس، لە پێناو ساردکرنەوەی نەوەی ئێستاو داهاتوو لەو بابەتە. و بە بیانووی ئەوەی کە گوایا سەربەخۆیی کوردستان لە بەرژەوەندەی خەڵکەکەیی و بەرنامەی زلهێزانی جیهاندا نییە. لەو پێوەندییەدا میدیا فارسییەکان بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە کوردەکان ڕاپێچی چەندین پرسیاری دژوار دەکەن، وڵامی پرسیارەکان لە نێوان ویستی گەل و ترسی فارسەکان زۆر ئاستەنگ دەبێت، و بە داخەوە دەبینین لە وڵامدانەوەکانیان ترس و خۆف و دڵە ڕاوکێ هەیە. یەکیان دەڵێن هیچ حیزبێکی ناسراوی کوردستانی داوای سەربەخۆیی نەکردووە، یەکی دیکەیان دەڵێت ئێمەین مێژووی ئێرانمان پاراستووە و لە پێناو دیمۆکراسی بۆ ئێران دەجەنگین، یا لایەنی دیکەش دەڵێت ^دەوڵەت نەتەوە^ شکەستی هێناوە. ئیدی بەو شێوەیە دەیانەوێت ئەو پرۆسە بە ترس و گوومانەوە لە نێو هزری خەڵکدا بهێڵنەوە.
لە حاڵێکدا کە بیرۆکەی دەوڵەتویستی و سەربەخۆیی یەکجاری بە تەواوی پەرەی سەندووە. بەڵام ئەوەی لای ئێمە مانان سەیرە، کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت هۆکاری چییە، هێندێک لەم پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانیانە ناوێرن بە ئاشکرا ئاماژە بەم ڕاستییە بکەن.
هەر کەسێک دەست و پەنجەی لەگەڵ سیاست نەرم کردبێت، باش لەوە تێگەیشتووە کە زلهێزانی جیهان، لە سەرەوەی هەمووشیانەوە ئەمریکا، بە شوێن بەرژەوەندی خۆیاندا کاریان کردوە یا بەردەوامن لەو بوارەدا. درووشم وشەگەلی بریقەداری وەک دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ تەنیا لای ئەوان کاتێک باسی لێوە دەکرێت کەلە خۆیانەوە دوور بێت. هەر وەک پەندە کوردییەکە.
^ ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە^.
بەڵام نەتەوەی زیرەک و خاوەن کەسانی سیاسەتزان، توانیویانە بە یارییە سیاسیەکانی خۆیان بەرژەوەندی و سەرنجی ئەو زلهێزانە بۆ سەربەخۆیی نەتەوە و گەلەکەی خۆیاندا ڕابکێشن و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان بە بەڵگەوە پێشانبدەن، بۆئەوەی زلهێزانیش یارمەتی دەری پرۆسەکە بکەن.
هەروەک نموونەیەک ئەگەر ئاورێک لە مێژووی زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەکانی دیکەش کە پێشتر لە بندەستیدا بوون بدەینەوە، سەربەخۆیی ئەوانیش لە سەرەتاوە لە بەرژەوەندی زلهێزاندا نەبوون، بەڵام بە هۆی سیاسەتی حەیکمانەی ئەو لایەنانە و بە یەکگرتوویی شەقام و لایەنەکانیان، توانیان ئەو بەرژەوەندیانەیان پێشان بدەن.
من ناچمە نێو زۆر لە وڵات و نەتەوە پێشکەوتووەکانی ئوروپا و ئەمریکا، بەڵام با نموونەی نزیکی شانشیەنە بچووکەکانی کەنداوی عەرەبی بێنینەوە، کە هەم بۆ خۆیان سەربەخۆبوون و هەم گەورەترین بەرژەوەندیشان بۆ زلهێزان دروستکردوە، کە ئەو بەرژەوەندیەش چەندە دەسکەوتی ئابوری وسیاسی بۆ زلهێزان هەیە، ئەوەندەش پشتیوانە بۆ خۆیان، کە باشترین کۆڵەکەی پاراستنیانە لە نیەت خرابی وڵاتانی دراوسێیان.
بە داخەوە ئەوەندی ئینێرژی سیاسی و ڕاگەیاندن بۆ بە دیمۆکراسی کردنی پایتەختی داگیرکەران تەرخان دەکرێت، لانیکەم ١٠% بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەبایە لە مێژ بوو لە هەر دوو بواری ناوخۆیی و دەرەکیشەوە جێگەی خۆی گرتبوو.
لەم شۆڕشەی ژینادا: شەقامی خۆرهەڵاتی کوردستان، وتاری بنەماڵەو کەس و کاری شەهیدان لە سەر گۆڕشتانەکان لە، بە شێوەی ڕێفراندۆمێکی سەرتاسەری پێی ڕاگەیاندووین کە ئەوانە خۆیان بە نەتەوەیەیەکی نیشتیمان داگیرکراو دەزانن. ئامادەیی وپشتیوانی خۆیان بۆ بە دەستهێنانی مافی سەربەخۆیی گەلەکەیان پێشانداوە. چی دیکە با بیانوو نەدەین بە دەستەوە بۆ ئەوەی کە گوایا گەل لە ناوخۆ ئەو ئامادەییەی نییە.
زۆر نەتەوەی دیکەش کە ئیستا لە نێۆ گۆرەپانی خەباتدان، بۆ یەک چرکەش باسیان لەوە نەکردوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی پێکەوە بژین و بە نیمچە مافێک. هەمیشە داوای سەربەخۆیی خۆیان کردوە، هەرچەند تا ئیستا بەشێکیان بۆیان نەلواوە بەڵام لێیشی پاشەگەز نابنەوە و بە دڵنیایەوە پێش کوردیش بە ئاواتی خۆیان دەگەن، وەک فەلەستین، بەرەی پۆلیساریۆ بۆ ڕزگاری سەحرای غەربی(سەحرای خۆرئاوا) . تیبیتەکان، کاتالۆنیەکان و چەندین نەتەوەی دیکەی بندەست لە ئێراندا.
کەوابێت پێداگری و خۆراگری و یەکگووتاری گەلی کورد لە شار و شەقام! پەیامێلک دەبێت هەم بۆ زلهێزان و هەم بۆ داگیرکەران، کە کێشەی ئەم گەلە تەنیا بە سەربەخۆیی چارەسەر دەبێت. بۆ ئەوەی ئەوانیش هەم لە هەوڵی چارەسەرێکی گوونجاودا بن، وهەم بیر لە دۆزینەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بن بۆ ئەو کاتانە..
لەوەتی شۆرشی کورد لە هەموو بەشەکان هەبوو، قەت نەبووە بەداخەوە لانیکەم ٢ساڵ، بە یەک دەنگی ویەکگرتووی داوای سەربەخۆیی بکەن. ئەگەر لایەنێک باسی کردبێت لایەنی دیکە لێی بەدەنگهاتووە، ئیدی بەو کردارە باڵانسەکەیان بۆ زلهێزان و داگیرکەرانیش هێناوەتە خوارەوە.
ئیستا پێویستە زیاتر ئەو بیرکردنەوە لە خۆرهەڵاتی کوردستان پەرە بستێنێت، لە بەر ئەوەی تەواوی نەتەوە بندەستەکانی ئیران، خۆیان بۆ وەدەرنانی داگیرکەر لە سەر خاکیان ئامادە دەکەن، و لە گشت بوارێکدا خۆیان تەداروک دەکەن. ئێ خۆ نابێت کوردستان بە تەنیا لە گەڵ تاران لە هەولێ دروستکردنی ئێرانێکی دیمۆکرات لە پێستی فارسی ڕەگەزپەرەستدا بێت.
عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی
2023/01/21 11:22:17
11 کاتژمێر و 7 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : لە,شۆرشی,نۆی,ڕۆژهەلاتی,کوردستان,و,ئێراندا،,درووشمی,هەتا,کوردێک,بمێنێت,کوردستان,هەر,دەمێنێت.,بێجگە,لەوەی,کە,عەرشی,دەسەڵاتی,ئێستای,ک
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©