پێنچ شه‌مه‌ 9 خاکه‌لێوه‌ 2724

پرسی گەلی کورد لە خۆرهەڵات پێویستە بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی نەک ناوخۆی  ئێرانی.     عارف باوەجانی.

عارف باوەجانی
پرسی گەلی کورد لە خۆرهەڵات پێویستە بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی نەک ناوخۆی  ئێرانی.     عارف باوەجانی.

کەوابێت کێشەی کوردەکان، لە بواری یاسایی و فەرهەنگیشەوە نابێت بخرێتە چوارچێوەی ئەو دەستەواژەی کە گەورەترین زیان بە خەبات و تێکۆشانم

پرسی گەلی کورد لە خۆرهەڵات پێویستە بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی نەک ناوخۆی  ئێرانی.     عارف باوەجانی.

دەسپێکی بابەت:

لە مێژساڵە شۆڕش و بەرخۆدانی گەلی کورد لە گشت بەشە داگیرکراوەکانی، چی لە سەردەمانی سەدەکانی پێشووە بە ناوی ویلایەت و ئیماراتەکانەوە، هەروەها چی لە سەردەمانی پاش شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیشەوە، کە بە سەردەمانی قۆناغێ مۆدێڕنی چالاکی سیاسی و مافویستی ناسراوە، بەردەوام بووە و هەیە. بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو، لە سەردەمانی سەدەی بیستەکان هەوڵدراوە ئەم شۆڕشانە هەرچەند لە پێناو ڕزگاریی و مافەکانی گەلی کوردا بووە، بە شۆڕش و پرسێکی ناوخۆیی ئێرانی پێناسە کراوە. شۆڕشگێرانی کوردستانی و نەتەوەی دیکەش، بە ئۆپووزوسیون یا بەرهەڵسکاری ئێرانی ناوبراون.
گشت دەستەواژەیەکی سیاسی کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهان بە کار دەهێنرێت، هەموو پێناسەی تایبەت و مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە، لەوەی کە ئەو دەستەواژەیە لە چیەوە هاتووەوە بۆ درووستبووە، کێن ئەوانەی دەتوانن ئۆپۆزۆسیون بن.

وشەی ئوپووزوسیون(بەرهەڵستکار) لە چییەوە هاتووەوە ماناو ناوەڕۆکەکەی چییە?
(ئۆپووزوسیون: Opposition) دەستەواژەیەکەی فەرانسییە. بە تاکێکی یا گرووپێک، یا ڕێکخراوێک دەگووترێت، چی حیزبی سیاسی بن، یا فراکسیونی پەرلەمانی بن، کە بەرهەڵستکاری جۆرە سیاسەتێک یا پرۆژەیەکی دەسەڵاتی ناوخۆیی وڵاتەکەیان دەبنەوە، کە ئەوان پێیانوایە ئەو سیاسەتە یا پرۆژەیە هەڵەیە، یا بە مەبەستی چاکسازی کاری لە سەر دەکەن بیگۆڕن. ئیتر ئەو دەستەواژەیە لە تەواوی جیهاندا بڵاوکرایەوە و لە کێشە ناوخۆییەکانی هەموو وڵاتان کەڵکی لێوەرگیرا. واتە ئەمە دەستەواژەیە بۆ کێشە ناوخۆییەکانی هەر وڵات ودام ودەزگایەکی ئەو وڵاتەیە، نە وەک بە کار بهێنرێت بۆ دوو وڵات، یا٢ نەتەوەی جیاواز، کە یەکیان داگیرکەر و یەکیان خاکداگیرکراو.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا جووڵانەوەکانی گەلی کورد لە خۆرهەڵات، دەکرێت وەک ئوپۆزوسیونی ئێرانی ببینرێت یا پێجەوانەکەی، وەک جووڵانەوەی نەتەوەیەکی خاکداگیرکراوە بەرامبەر بە وڵاتێکی خاکداگیرکەر?
بە پێێ ئەو پێناسە کوورتەی لە سەرەوە لە سەر ئوپۆزوسیون بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە ئەو دەستەواژەیە پڕ بە پێستی لایەن وگروپگەلێکن، کەخەڵکی تایبەتی وڵاتەکەی خۆیانن، لە هەمان زمان و ڕەگەزن، تەنیا لە دەسەڵات و حکوومەتەکەیان ناڕازین. نەک حیزب و لایەنی نەتەوەیەکی بندەست، کە ڕێگەشیان پێنادرێت لە سەر خاکەکەی خۆیان جووڵانەوەی سیاسی و چالاکی مەدەنیشیان هەبێت، پەڕیوەی وڵاتانی دەرەوەشیان دەکەن و چەندین تۆمەت و پێناسەی نەشیاویان دەخەنە پاڵەوە. بۆ ئەوەی باش لەو دەستەواژەیە تێبکەین، پێویستە ئەوە باش ئەزم بکەین کە:
یەکەم : ئێمەی کورد خەڵکی ناوخۆی ئەو وڵاتەی بە ناوی ئێران نین. وڵات و سنوور و جۆغرافیای ئێمە ناوی کوردستانە، زمان و پێناسەی گەلەکەی ئێمە وەک خەڵک زۆرینە کوردن، وەک زمان زۆرینە کوردییە. ئەو وڵاتە بە زۆر و بەبێ ویست و ڕاپرسی خاکی ئێمەی  داگیرکردووە.
دووەم : کێشەی ئێمەی کورد کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی نییە، بگرە کێشەیەکی نەتەوەییە. بە واتای ئەوەی کە کێشەی گەلێکی نیشتیمانداگیرکراوە، لە بەرامبەر نەتەوەیەکی داگیرکەردا.

کەوابێت کێشەی کوردەکان، لە بواری یاسایی و فەرهەنگیشەوە نابێت بخرێتە چوارچێوەی ئەو دەستەواژەی کە گەورەترین زیان بە خەبات و تێکۆشانمان دەگەیەنێت، یا لە قوورسایی خەباتە نەتەوەییەکەشمان بە تەواوی کەم دەکاتەوە، لە کیشەی نەتەوەیەکی دەیان ملوێنی، دەکرێتە کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی کە نیشتیمانەکەی خۆتی داگیرکردووە.
ئەگەر کاتێک بۆ خۆمان پرسەکەمان بە کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی زانی، ئەوا بێگوومان لە ئاست جیهانیشدا دەیسەلمێنین کە ئێمە خاک و نیشتیمانمان داگیرنەکراوە، تەنیا کێشەی سیستەمی و ئیداری حکومەتە، یا باس لە کێشەی گرانی وهەرزانی و بێکاریمان هەیە. ئیتر هیچ وڵاتێکیش یا زلهێزێکی جیهانیش ئامادە نابێت وەک نەتەوەیەکی جیاواز پشتیوانی سیاسی و یاسییمان لێبکات.
ئەوان لە بەر بەرژەوەندی خۆیان تەنیا ئامادە دەبن، پشتیوانی لە گۆڕینی حکومەتەکە بکەن، بۆ نموونە لە ئاینییەوە بۆ پاشایەتی، یابۆ حکومەتێکی بەناو دیمۆکراتی، بەڵام ئەو ئێرانە بە ناو دیمۆکراتیە، لە کردارەوە هەرگیز بۆیان ئەزم نابێت ببینن کە گەل ١٢ملوێنی کورد لانیکەمی مافەکانی خۆی هەبێت.

ئوپۆزۆسیونی ئێرانی کامانەن. ئەو گرووپانەی کە ئەمڕۆ لە تاراوگە پێیان دەگووترێت ئوپوزوسیونی ئیرانی. ئەوانە پارت و لایەنی سەرتاسەریخوازی ئێرانین، بە سەرکردایەتی ئەو کەسانەی کە١٠ ٠ % نەتەوەیی ئێرانین و لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵات و ئیمپراتۆری فارسیین لە ناوچەکەدا. کەوابێت حیزبە ئێرانییەکان، پاشایەتی و کۆماریخوازە نیم پەهلەویە ئێرانیەکان بە هەموو جۆرە گرووپ و ناو ناسناوێکەوە. یا لایەنەکانی دیکەی وەک موجاهید و دیمۆکراتەکان و چەپ و ڕاست و کۆمۆمنیست و سیکولارو ئایینی و هیدیکە، بەمانە دەگووترێت ئۆپۆزۆسیونی ڕاستەقینەی ئێرانی.
چوون ئەمانە کێشەو خەباتیان لە سەر شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان هەیە. نەک وەک منی کورد خاک و نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و مێژوویان داگیرکرابێت. ئەمانە حاکمانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتێکی داگیرکەر نازانن، بەڵکوو بە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دژە ئازادی دەزانن. ئێران لە ژێر هەر ناو ڕێژێمیکدا بێت بۆ من و تۆی کورد وڵاتێکی سەداسەد داگیرکەرە.   بە لایەنی یاسایشدا ئێران لە درێژایی مێژووی حکوومەتی پاشایەتی و کۆماری ئێستای ئیسلامی ئێران، هەرگیز جووڵانەوەکانی گەلی کوردی بە ئوپۆزۆسیون ناو نەهێناوە، بگرە بە دژە شۆرش و نۆکەری بێیانی پێناسەیان دەکات. چوون دەزانێت تۆ داوای مافی گەلێک دەکەی، نەک داوای گۆڕانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ ڕێژیمی پاشایی. بەڵام لایەنەکانی یەکپارچەیی خوازی ئێرانی، بە مەبەستەوە تۆ ئەبنە تەنیشت خۆیان وبە ئۆپۆزۆسیونت دەزانن، لە بەر ئەم دوو هۆکارە.

یەکەم: بۆ ئەوەی جووڵانەوەی تۆ لە نەتەوەییبوونی کوردەوە بگۆڕن بە ئێرانی.
دووەم: بۆ ئەوەی لە ئاست جیهاندا هەموو ئێرانییەکان بە یەک نەتەوە پێشانبدەن، کە گوایا تەنیا کێشەی هەموومان گۆڕانی ئەم ڕێژیمەیە.

پێویستە پرسەکانم نێودەوڵەتی بکەینەوە.
گەلۆ هەموو باش دەزانین کە جووڵانەوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، هەر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەریهەڵنەداوە، سەدانساڵە هەیە و لەوانەیە لەگەڵ دەیان ڕێژیمی دیکەش لە داهاتوودا درێژەی هەبێت. بە ئوپۆزوسیونکردن و بە ئێرانیکردنی جووڵانەوەی کوردی لەو بەشەدا، لە لایەن هێندێک سەرکردەی دڵخۆش بە دیداری فارسە سیاسییەکان، هەڵەیەکی زۆر سیاسی و زیانبەخشە بە بیری نەتەوەیی، چی لە ئێستادا بێت، یا چی لە ئاست مێژووی دواڕۆژی نەوەکانی داهاتووماندا بیت.
بێجگە لە کەمینە ئایینی و ئەتنیکیەکان، کە ژمارەیان زۆر کەمە و پرش و بڵاون لە نێو زۆربەی شارەکانی وڵاتانی دیکە، بەڵام تەماشای جووڵانەوەی زۆربەی نەتەوەکانی دیکەی بندەست بکەن، کە خاوەنی یەک جۆغرافیای هاوبەشن، چی ئەوانەی خاک و نیشتیمانیان لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە. یا ئەوانەی دیکە کە نیشتیمانیان لە لایەن وڵاتی دیکەوە داگیرکراوە. بزانن خۆیان بە ئوپوزسیون دەزانن، یا پێچەوانە خۆیان بە حیزبی ڕزگارییخواز و سەربەخۆییخوازیی گەلەکەیان دەزانن.
بەو هیوایە لایەنە سیاسیەکانی خۆرهەڵاتی نیشتیمان، لەو بوارەدا زۆر بە وریایی خوێندنەوەیان بۆ دەستەواژەکە هەبێت، زۆر بە وردبینیی خوێندنەوەیان لە سەر شێوەی کارکردن لەگەڵ ئوپۆزۆسیونی ئێرانی هەبێت، زۆر بە هۆشیارانەو ژیرانە واژۆ لە سەر بەیاننامەو یەکێتی پێکەوەکاردن بکەن.
لەم کاتانەی کە هەموو ڕووخانی ڕێژیمەکە بە هەنگاوی یەکەم دەزانین، دەتوانین لە هێندێک پرۆسە لەگەڵیان کاربکەین، بەس پێویستە ئەوە بزانین کە دەبێت ناوەڕۆکی کارەکانمان زۆر زۆر لەوان جیاوزتر بێت، نەبینە لافیتە هەڵگری ئەوان.

 

2023/04/09 17:06:34
11 مانگ و 4 کاتژمێر و 27 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : کەوابێت,کێشەی,کوردەکان،,لە,بواری,یاسایی,و,فەرهەنگیشەوە,نابێت,بخرێتە,چوارچێوەی,ئەو,دەستەواژەی,کە,گەورەترین,زیان,بە,خەبات,و,تێکۆشانم
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©