هەڵوەشانەوەی ٧ وڵات لە ژێر ناوی یۆگۆسلاڤیاو ئەزموونێک بۆ دواڕۆژی ئێران و نەتەوە بندەستەکان.

عارف باوەجانی
هەڵوەشانەوەی ٧ وڵات لە ژێر ناوی یۆگۆسلاڤیاو ئەزموونێک بۆ دواڕۆژی ئێران و نەتەوە بندەستەکان.

یوغسلاڤیا دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا، واتە دەکەوێتە ڕۆژئاوای باڵکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە سەدەی بیست

 

هەڵوەشانەوەی ٧ وڵات لە ژێر ناوی یۆگۆسلاڤیاو ئەزموونێک بۆ دواڕۆژی ئێران و نەتەوە بندەستەکان.

نووسینی عارف باوەجانی.

دەسپێک: مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە بۆ ئەوەیە کە وەک باشترین ئەزموونی تاقیکراوەی پێشووتر، بە زۆرلکاندنی وڵات و نەتەوەکان پێکەوە و ناچارکردنی بە مانەوە لە ژێر حوکمی زاڵم و داگیرکەراندا کۆتاییەکەی لە هەر هەلێکی پێشهاتوودا هەڵوەشانەوەی بە شوێندا دێت، نموونەی ٧ وڵاتی ئورووپایی لە ژێر دەسەڵاتی پێشووری یوغسلاڤیا. ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین نەتەوەی دیکەی سەر خاک و جۆغرافیای خۆیان، سەدانساڵە بە زۆر لە ژێر دەسەڵاتی فارسیدا لە ژێر ناوی ئێران پێکەوە لکێنراون. بە دڵنیاییەوە ئەوەش وەک یوغسلاڤیا ڕۆژێک بە رەوە کۆتایی دەچێت.

پێناسەیەک لە سەر یۆگسلاڤیا:

بەو چەند شێوەیە ناوەکەی بە زارەکی و ڕینووس ئاماژەی پێدەکرێت: یووگۆسلاڤیا یان یۆگۆسلاڤیا بە ئینگلیزی: Yugoslavia، بە عەرەبی: يوغوسلافيا، بە فارسی: یوگسلاوی.

یوغسلاڤیا دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا، واتە دەکەوێتە ڕۆژئاوای باڵکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە سەدەی بیستەم لە نێوان ساڵەکانی (١٩١٨-٢٠٠٦). لە ژێر چەندین ناوی جیاوازەوە ٧ نەتەوەو وڵاتی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆی گیردابوو. مێژووی ڕیشەویی و خاوەن دارێتی یوگۆسلاڤیا: دەگەڕێتەوە بۆ هۆزە سلاڤیەکان کە لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەمی زاینیەوە لە ناوچەکانی باڵکان نیشتەجێ بوون.

مێژووی یۆگسلاڤیا بە سەر چەند نەتەوەدا لە ساڵەکانی ١٩١٨ تا ٢٠٠٦ بەو شێوەییە بووە.

شانشینی یۆگۆسلاڤیا: لە سەردەمانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا و لە ساڵی ١٩١٨ سلۆڤێنیا و سربیا و کرواتیا لە ژێر سەرکردایەتی پاشا پیتەری یەکەم (پیتەری یەکەم) بە ناوی « شانشینی سربیا و کرواتیا و سلۆڤینیا دامەزرا.

کۆماری فیدراڵی سۆسیالیستی یۆگۆسلاڤیا لە نێوان ساڵەکانی (١٩٤٥-١٩٩٢)

لە سەردەمانی شەڕی دووەمی جیهانی و لە پاش ڕزگاربوونی یوگۆسلاڤیا لە ژێر داگیرکاری ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤٥، لە هەمان ساڵدا دامەزراندنی یەکێتی کۆماری گەلانی یوگۆسلاڤیا ڕاگەیەندرا. ئەم یەکێتیە بریتی بوو لە هەریەک لە وڵاتانی: سربیا، کرواتیا، سلۆڤینیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، مۆنتینیگرۆ و کۆماری مەگدۆنیا.

هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکە:

لە ساڵی ١٩٩١ کە سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو، هەر لەو سەردەمەدا هەر یەک لە وڵاتانی کرواتیا و سلۆڤینیا و کۆماری مەقدۆنیا، ئەو هەلەیان قۆزتەوە و هەر لەو ساڵەدا سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند. هەر وەها بۆسنە و هەرزەگۆڤینا لە ساڵی١٩٩٢ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، هەر چەند شەڕێکی زۆر لە بۆسنیا و هێرزووگۆڤین و ئوکرانیا و نەتەوەکانی ناوچەکە هەڵگیرساو، ئاوارەبوون و خوێنڕژانێکی زۆر ڕوویدا. لە ئاکامدا کۆمەڵگەی ئەوروپا و ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٢ دانیان بە وڵاتانی کرواتیا و سلۆڤینیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤینادا نا، دادگای تاوانبارانی جەنگی یوگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٩٣ لە لاهای دامەزرا. شەڕەکە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی دەیتۆن لە ساڵی ١٩٩٥ و جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا کۆتایی هات.

کۆماری فیدراڵی یۆگۆسلاڤیا (١٩٩٢-٢٠٠٣)

لە پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەر یەک لە کرواتیا و سلۆڤینیا و کۆماری مەقدۆنیا و بۆسنەو هێرزوگۆڤینا و ڕزگاربونیان لە ژێر ناوی یو کۆماری فیدراڵی یوغسلاڤیا.

دواتر هەردوو وڵاتی سربیا و مۆنتینیگرۆ کۆماری فیدراڵی یوگۆسلاڤیایان پێکهێنا، کە ئەویش زۆر تەمەنی نەکرد و هەڵوەشایەوە.

فیدراسیۆنی کەم تەمەنی سربیا و مۆنتینیگرۆ (٢٠٠٣-٢٠٠٦)

پاش لەوەی بە ناوی کۆماری فیدراڵیش هەر سەرکەوتوو نەبوون، هەر یەک لە وڵاتانی سربیا و مۆنتینیگرۆ لە ساڵی ٢٠٠٣ دیسانەوە یەکێتییەکیان لە نێوان خۆیاندا پێکهێنا بە ناوی "سربیا و مۆنتینیگرۆ" . بەڵام ئەو یەکێتییەش تەنیا تەمەنی سێ ساڵی خایاند هەڵوەشایەوە. لە ٣ / ٦ / ٢٠٠٦ نەتەوەی مێنتۆنیگرۆ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، هەروەها لە ١٧ی شوباتی ٢٠٠٨ هەرێمی کۆسۆڤۆ جیابوونەوەی تاکلایەنەی خۆی لە حکومەتی بەلگراد ڕاگەیاند، کە ئەو سەربەخۆییەش لە لایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی کرا. بەو شێوە سەلمێندرا کە ئەو هەموو پێکەوە لکاندنە نەیتوانی هیچ نەتەوەیەک لە بندەستی هەمیشەیی بمێنێتەوە.

ئایا ئێرانی داهاتووش دەتوانێت ئەم نەتەوانە لە بندەستی خۆی بەردەوام ڕاگرێت؟

لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی و پەرەسەندنی داواکاری مافی نەتەوەکان، نەتەوەی داگیرکەری فارسیش بە پەلە کەوتە بیری ئەوەی کە هەوڵێک بدات، بە زەقی ناوی داگیرکاری لە (فارسی) پەرسیان بە سەر سنووری ئەو نەتەوانەی کە داگیری کردوون نەهێڵیتەوە، بەڵام بە کردەوە لە بوارەکانی دیکتاتۆری و سیاسی و ئازادی و سەربازی و فەرهەنگی، تا ئێستاش داگیرکارییەکەی زیاتر پەرەی پێدراوە. پێێوابووە بە گۆڕینی ناوەکەی جینایەتی شۆفینیستییان لە بیر دەکرێت.

لە پاش نەمانی دەسەڵات و ئیمپراتۆری ماد لە ناوچەکە، دەسەڵاتێکی دیکەی کۆپیکراوی پاشماوەی ماد، بەڵام لە ژێر ناوێکی دیکە بووە بەمیراتی فارسەکان. بە گوێرەی هێندێک سەرچاوەی جۆراوجۆر وا ئاماژەی پێدەکرێت کە گوایا وشەی "فارسی" لەلایەن یۆنانیەکان لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینی بەکارهاتووە. وەک Pérsēs, Persikḗ وPersís . کە وەک ئاماژەکردنێک بووە لەو سەردەمەدا گوایا بە ئیمپراتۆریەتی کورشی گەورە. لەو کاتانەی یۆنانیەکان بەوێدا تێپەڕیون ئەوانیان دیتووە کە بەردەوام پاسەوان بوون. وشەی پارس لە ئەسڵدا بە کەسانێک وتراوە وەک پاسەوانی ئاژەڵ و گیانلەبەران بە کار هاتووە. ئیتر بەو شێوە ئەو کەسانە لەو سنوورە تایبەتەدا بە گرووپێک یا هۆزی پارسەکان، بە پێێ گۆڕانکاریەکان، لە باتی وشەی (پ) وشەی (ف) بە کار هاتووە، لەوەشدا پارس کراوە بە فارس. بەو پێناسەمێژووییە ئەوانیش بە شێکی بچووکن وەک هۆزێک لەو سنوورانەی کە تا ئێستاش لە چەند شارێکن و جیاوازن لە شاری نەتەوەکانی دیکەی بندەست. بەڵام لە دزینی مێژوو فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەش تا ئێستا لە پلەی یەکەمدان.

بە پێی هۆشیاری زیاتری خەڵک لە سەردەمانی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا، سەرهەڵدان و ڕاپەڕین و مافویستی چەند نەتەوەیەکی بندەستی وڵاتانی هاوسنووری ئێران سەریهەڵدابوو، لە مەترسی ئاسیمیلاسێوندا بوون دەستیان دابووە خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی و توانیان سەرکەوتن بە دەست بهێنن. ئاکامی خەباتی ئەو نەتەوانە وایکرد کە ڕەزا پەهلەوی هەست بە مەترسی ڕاپەڕینی گەلانی مافزەوتکراوی نەتەوەکان لە ژێر دەسڵاتی خۆیاندا بکات، لەوەی نەوەک کە گوایا بیری نەتەوەیی لە نێوانیاندا سەرهەڵبدات. وەک یەکەم هەنگاو هەوڵی گۆڕینی ناوەکەی لە فارس^ پەرسیان^ دا بۆ ئێران. واتە ڕەزا شای پەهلەوی لە نەوڕۆزی ساڵی ١٩٣٥داوای لە نوێنەرانی بیانی کرد کە ناوی ئێران وەک ناوێکی فەرمی لە نامە فەرمییەکاندا بەکاربهێنن.

مانای وشەی ئێران: لە پاش بیرکردنەوە لە گۆڕینی ناوی فارس بۆ ئێران، بیریان لەوەش کردووەتە کە ئەو ناوە تازەیەش دیاری دەکەن، بە زەقی هەمان ناوەڕۆک و دەسەڵاتی خۆیان پێشانبدات. بە واتای >ئاری< کە بە جۆرێک بە مانای" ئاریان لە دەسەڵاتی پێشوویاندا بووە، کردوویانەتەوە بۆ ئێران. لە پاش تێپەڕبوونی٢٤ساڵ بە سەر گۆڕانکاری ناوەکەی لە فارس بۆ ئێران، دیسانەوە شۆفینیستی فارسی بیریان لەگەڕانەوەی ناوی فارسی کردووەتەوە بەڵام ئەمجارەیان وەک پێویست سەرکەوتوو نەبوونە. ئەویش ئەوە بووە کە حکوومەتی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی (کوڕی ڕەزا شای پەهلەوی) لە ساڵی١٩٥٩ڕایگەیاند کە دەتوانرێت هەم وشەی "فارس" و "ئێران" هەردووکیان بە شێوەی فەرمی لە ئیدارە ناوخۆییەکان و وڵاتان بەکاربهێنرێن.

هەرچەند لە ئێستاشدا لە زۆر بواردا هەردوو ناوەکەیان دابەشکردووە، بە تایبەت لە بوارەکانی مێژوویی و پیشەیی، وەک .ئاسەوارە مێژووییەکان، دەریا و پێگە مێژووییەکان، فەرش و بابەتە دەستدرووستەکان، بەشێک لەمانە هەر بە ناسناوی پەرسیان یا فارس ناویان دەهێنن بەلام لە بابەتی حوکمداری و سیاسیدا ناوی ئێران دەهێنن. لەو بوارەدا بۆ خۆیان بە سەدان مێژوو سینارێوی سەیر و سەمەرەیان دروستکردووە، خۆیان کردووەتە قارەمانی مێژوویی جیهاون و بە شان و باڵی مێژوویی خۆیاندا هەڵدەدەن و هەزاران پەرتووکیان نووسیوە، کە من بە پێویستی نازانم لەوە زیاتر لەو بەشە خوێنەری پێوە ماندوو بکەم.

ئایا ئێرانی داهاتوو چۆن چاوەڕێ دەکرێت و چۆن دابەش دەبێت

وەک ئاماژەمان پێکرد کە لە کۆتایی سەدەکانی٢٠ و سەرەتای سەدەی٢١دا، خەباتی نەتەوەیی و ناسیونالیستی و نیشتیمانویستی لە نێو نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی بندەست بە شێوەیەکی سەردەمیانە سەریهەڵدا، خەوەکانی ئەوانی بە تەوای شێواند . لە ئاکامدا کۆماری کوردستانی بە شوێندا هات، لەم سەردەمانەی سەرەتای سەدەی بیست ویەکەم، ڕاپەڕینەکانی کوردستان و ئەحواز و بەلووچستان، زۆربە ڕوونی دیارو بەرچاوە، کە هەیکەلی ئێرانی داهاتوو! درزێکی زۆر زۆری تێکەوتووە، نەک بە وردە بەرد و لم پینە ناکرێت بگرە بە تابووکی شیرازیش بەرگە ناگرێت. پێگەکانی وا خەریکە لە هەیکەڵی ئیمپراتۆرییە خەیاڵیەکەیاندا دەپچڕێت، و نەخشە پشیلەیەکە دەشێویت ودەبێتە دیزانی چەند باڵندەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ئازادیخواز. لە ئاکامدا زیاد لە حەوت جۆغرافیای بە زۆر داگیرکراو سنووری خۆیان ڕادەگەینن، و کەش و هەوای یەکدەسەڵاتی داگیرکەری حاکم بۆ هەمیشە لەو مێژووە دروسکراوەی سەدانساڵەیان کۆتایی پێدێت.

ئەو نەتەوە حاکمەی کە هەمیشە لە هەوڵی تێکدانی دەسەڵاتی دەوروبەرەکەی بووە، بۆ ئەوەی ئاژاوە لە ناو مالی دراوسێکانی درووستبکات، ئەمجار وڵاتانی دیکە، لە باتی پشتیوانیکردنی بە پێچەوانەوە دەکەونە تۆڵەکردنەوەی هەمیشەیی لەو جۆرە دەوڵەت و حاکمیەتە.

هەڵبژاردنی هەر ناوێکی تازەش وەک ئێرنی فیدراڵی و نازانم کۆماری فیدراڵی و هەر ناو ناتۆرەیەکی دیکە فریای داگیرکاری فارسی ناکەوێت.

ئیتر تاران وەک ناوەندی دەسەڵات بۆ چارەسەری کێشەکان نابینرێت.

ئەو بەڕێزانەی کە هەمیشە دەڵێن هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکەمان لە بەردەست نییە، تەنیا گەڕانەوە بۆ دیالۆگ لەگەڵ تاران. دەبێت ئەوە باش بزانن کە نەمانی ئەم ڕێژیمە نەمانی ئیمپراتۆری فارسییە بۆ هەمیشە لە ناوەچەکەدا. هەر بۆیەش حیزبە ئوپوزوسیونەکانی دەرەوەش هەستیان بەو ڕاستییەکردووە. هەموومان دەبینین کە ئەوان لە حاکمانی ئێستای کۆماری ئیسلامی خراپتر لەگەڵ گەلانی بندەست دەدوێن، و دەسانن ئایندەی ئەوان ئاییندەیەکی کەمینەیە.

بۆیە پێویستە کەسانی سیاسی و چالاکی کوردستانی، لە ئێستاوە بیر لەوە بکەنەوە ئەو تارانەی کە ئێستا وەک هێزێکی سەربازی خۆی پێشاندەدا، هۆکاری ئەوەیە کە کۆنترۆڵی بە سەر ئەو هەموو سنوور و سەرچاوە ئابوورییەی گەلانی بندەستدا هەیە. بەڵام کاتێک لانیکەمی٧٠٪ خاک و خەڵک و سنوور و ئابوورییەکانی نەتەوەکانی بندەستی لە دەستدا، ئیر ئیفلیج دەبێت، وەک نەتەوەکانی : کوردستان، ئەحواز، بەلووچستان، ئازەربایجان، تورکمەنستان و لوڕستان و قەشقایی و کاسپیان و چەندین وردە نەتەوەی دیکەی. ئیتر ئەو پۆز و هێزەی جارانی نامێنێت کە لە ئاست نێودەوڵەتیدا حیسابی بۆ بکرێت. نابێت نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەش، بە وشەی دیمۆکراسی و پێکەوە ژیان لەو سەردەمەدا شاندەنە ژێر باری لاری فارسەکان و زیندوویان کەنەوە، هاوشێوەی ئێراقی پاش ٢٠٠٣. دڵنیاشبن کە هەر تۆزێک بە خۆیان کەوتنەوە! وەک ئەزموونی سەرەتای ساڵی١٩٧٩یەکەم کاریان پەلاماردانی نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی بندەست دەبێت.

کەوابێت گەورەترین هەڵەی مێژوویی سیاسی دەبێت، ئەگەر خەڵکی کورد و گەلانی دیکەش لە هزری ئەوەدابن بۆ داهاتوو بیر لە ئێرانێکی بە هێز بکەنەوە. بێگوومان وەک پێشەی فارسان لە سەرەتاوە زمانیان لە هەنگوین شیرینتر دەکەن، تا پشتیوانی و دەنگی گەلان بە دەستدێنن و خۆیان پووخت و پۆشتە دەکەنەوە. جا دواتر دڵۆپی هەنگوینەکە دەبێتە ژەهری تاڵ بۆ سەر گەلان، و دیسانەوە دەبێت شاخ هەڵبژێرینەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەیان. لەو کاتانەش پشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەستدەین، چوون وڵاتێک بۆ خۆمان ڕۆڵی سەرەکی لە درووستبوونی بگێرێن، چۆن دەبێت دژی ڕاوەستینەوە. پەشیمانیش لە پاش لە دەستدانی ئەو هەڵە نۆییە هیچ دادێک نادات، و ڕۆڵەکانی وڵاتمان لەگەڵمان ناکەون و دیسانەوە چارەنووسی خۆیان نادەنەوە دەست٥٠ساڵی دواتر.

 

2023/09/03 21:46:20
8 مانگ و 1 کاتژمێر و 33 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ :
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©