وته‌کانی کاک مه‌سعوود بارزانی زۆر له‌جێی خۆیدایه، په‌ندێکیشه بۆ داهاتووی ورمێ (ئوروومییه)
عارف باوه‌جانی ،1ی بانه‌مه‌ڕی 2707 ی کوردی.
مه‌سه‌له‌ی بوونی چه‌ند هه‌زار تورکمه‌نێک له شاری که‌رکوودا بووه‌ته به‌هانه‌یه‌کی هه‌میشه‌ییی تورکیا که بیهه‌وێ ده‌ست بخاته ناو هه‌رێمی کوردستانه‌وه،به‌ڵام پارێزگایه‌کی دیکه‌ی کوردستان هه‌یه که له داهاتوودا تورکیا زۆر زیاتر بیانوو به‌و به‌شه‌ی کوردستانیش ده‌گرێت که ئه‌ویش پارێزگای ورومێ و ده‌وروبه‌ره.ئۆرومییه به هه‌موو پێناسه‌یه‌کی مێژووییه‌وه ده‌یسه‌لمێنی که شارێکی کوردستانییه، به‌ڵام نکۆڵی له‌وه ناکرێت که له مێژ ساڵه تورکی ئازه‌ربایجانی بنده‌ستی ئێرانیش له‌و پارێزگایه ده‌ژین،
وته‌کانی کاک مه‌سعوود بارزانی زۆر له‌جێی خۆیدایه، په‌ندێکیشه بۆ داهاتووی ورمێ (ئوروومییه)
له 2 حه‌فته‌ی پێشوودا سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی،له وڵامی پرسیارێکی کاناڵی (العربیه)دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئاماژه‌ی به‌وه کرد که حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه گرنگیی به پێوه‌ندیی وڵاتانی دراوسێ ده‌دات، ئاماده‌یه بۆ هه‌موو کێشه‌کانیش به ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام به مه‌رجێک که نه ئێمه ده‌ست بخه‌ینه کاروباری ناوخۆی ئه‌وانه‌وه و نه ئه‌وانیش ده‌ست بخه‌نه نێۆ کاروباری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه.
له پێوه‌ندی به وڵاتی تورکیاوه به‌ڕێز بارزانی ڕایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا بیهه‌وێ به‌بیانووی بوونی تورکمه‌ن له که‌رکووکدا ده‌ست بخانه ناو کاروباری که‌رکووکه‌وه، ئه‌وا ئێمه‌ش پشتیوانی له 30 ملوێن کورد ده‌که‌ین که له ژێر سته‌می ده‌وڵه‌تی تورکیادان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه ش کرد که ئێمه‌ش مافی خۆمانه پشتیوانی له دیاربه‌کر بکه‌ین.
ئه‌م وته به‌نرخه‌ی بارزانی په‌یامێکی هۆشیارکردنه‌وه‌ی به گوێی وڵاتانی دراوسێ و داگیرکه‌رانی کوردستاندا گه‌یاند،که له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان به گوێی وڵاتی تورکیادا، بۆ ئه‌وه‌ی باش بزانن که ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له درێژاییی مێژوودا هه‌رگیز ئاماده نه‌بوون ملکه‌چی هێزی وڵاتانی داگیرکه‌ران بن. داگیرکه‌ران باش ده‌زانن که گه‌لی کورد هه‌رگیز به‌رامبه‌ر به تۆپ و فڕۆکه و کوشتاری به‌کۆمه‌ڵ و ئه‌نفال وکیمیاباران و وێرانکردنی گوند وشار و زێد و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری وازی له مافه ڕه‌واکانی خۆی نه‌هێناوه، ئێستاش به هه‌ڕه‌شه و گیفه‌ی (ئه‌ردوغان) و بانده‌که‌ی له پێناو وه‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ناشیونالیستانی تورکیادا له هه‌ڵبژاردنی ناو تورکیا که کاتی نزیک بووه‌ته‌وه هه‌رگیز به چۆکدا نایه‌ت، گه‌لی کورد هه‌رده‌م ئاشتیخواز بووه و هه‌رگیز نه‌یویستووه کێشه‌ی گه‌له‌که‌ی له ڕێگه‌ی شه‌ڕ وتوند و تیژیدا چاره سه‌ر بکات، به‌ڵام هه‌رده‌م دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان ئه‌و شه‌ڕه نه‌خوازراوه‌یان به‌سه‌ر کوردا سه‌پاندووه.
ده‌وڵه‌تی تورکیا، ئه‌وه یه‌که‌م جاری نییه که به‌و شێوه‌یه هه‌ڕه‌شه بکات، ئه‌وه پیشه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه، به تایبه‌ت له پاش ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991ی گه‌لی کوردمان له باشووری کوردستان، هه‌میشه به‌رپرسان و ڕه‌گه‌زپه‌ر‌ستانی ئه‌و وڵاته وه‌ک ئه‌وه‌ی پارچه‌یه‌کی له‌شیان ئازاری هه‌بێت، به‌و نیمچه سه‌ربه‌خۆیییه له باشووری کوردستان ئازاریان هه‌بووه و به دوای کۆسپ وته‌گه‌ره و به‌هانه‌گرتندا بوون.
وێڕای ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆر باشی ئه‌و وته به‌نرخ و به‌جێیانه‌ی سه‌رۆک بارزانی و پێشوازیی گه‌رمی جه‌ماوه‌ر و ڕۆشنبیرانی کوردستان،له هه‌ندێک ڕۆشنبیری کوردیش ده‌بیسرێته‌وه که گوایه ئه‌و وتانه‌ی سه‌رۆک بارزانی له‌م کاته‌دا نه‌ده‌بوو بگوترێت و کێشه‌مان بۆ ده‌خوڵقێنێ و به‌هانه ده‌داته ده‌ستی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی تورکیاوه. لێره‌دا پێویسته له خۆمان بپرسین که هه‌میشه کورد داوای دۆستایه‌تی له ده‌وڵه‌تی تورکیا کردووه و چه‌ندین جار داوای کردووه به دیالۆگ و ئاشتییه‌وه با کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئایا هیچ کاتێک تورکیا ئاماده بووه وڵامی کورد بداته‌وه و به شێوه‌ی دیالۆگ و له‌یه‌کگه‌یشتن له‌گه‌ڵ گه‌لی کورددا بدوێ، سیاسه‌توانان و جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته هه‌میشه هه‌ر وڵامی هه‌ڕه‌شه و خه‌ریکی پلانگێڕان بوون به دژی گه‌لی کورد،که‌وا بێت ناکرێت گه‌لی کورد هه‌میشه خۆیان به که‌مده‌سه‌ڵات و بێهێز له به‌رامبه‌ر تورکیا و داگیرکه‌راندا پێشان بده‌ن. ئێمه‌ی کورد هه‌رده‌م بانگێشه‌ی ئاشتی و برایه‌تیمان کردووه، به‌رامبه‌ره‌که‌مان پێچه‌وانه له‌گه‌ڵمان جووڵاوه‌ته‌وه.
ئێستاش له‌م سه‌رده‌مه‌دا که سیاسه‌تی جیهانی زۆر ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا هاتووه، ئه‌و زه‌مانه نه‌ماوه هه‌ر وڵاتێکی وه‌ک تورکیا پێێ خۆش بێت وڵاتێکی دراوسێی داگیر بکات و جیهانیش به‌رامبه‌ری بێده‌نگ بن.
بۆ پشتیوانی له قسه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کاک مه‌سعوود بارزانی و پێشاندانی ناڕه‌زایی له قسه‌کانی ئه‌ردوگان له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو پارت و لایه‌ن و ڕؤشنبیر و تاکێکی کوردستانییه که پێشتیوانی له پاراستنی ئه‌و به‌شه ڕزگارکراوه‌ی کوردستان بێت،له به‌رامبه‌ر به هه‌ڕه‌شه و چاوترساندنه‌کانیان بێده‌نگ و بێهه‌ڵویست نه‌بین.
مه‌سه‌له‌ی بوونی چه‌ند هه‌زار تورکمه‌نێک له شاری که‌رکوودا بووه‌ته به‌هانه‌یه‌کی هه‌میشه‌ییی تورکیا که بیهه‌وێ ده‌ست بخاته ناو هه‌رێمی کوردستانه‌وه،به‌ڵام پارێزگایه‌کی دیکه‌ی کوردستان هه‌یه که له داهاتوودا تورکیا زۆر زیاتر بیانوو به‌و به‌شه‌ی کوردستانیش ده‌گرێت که ئه‌ویش پارێزگای ورومێ و ده‌وروبه‌ره.
ئۆرومییه به هه‌موو پێناسه‌یه‌کی مێژووییه‌وه ده‌یسه‌لمێنی که شارێکی کوردستانییه، به‌ڵام نکۆڵی له‌وه ناکرێت که له مێژ ساڵه تورکی ئازه‌ربایجانی بنده‌ستی ئێرانیش له‌و پارێزگایه ده‌ژین، ده‌بێت له داهاتووی ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیشدا له‌و هه‌رێمانه‌ی که کورد وئازه‌ری پێکه‌وه ده‌ژین مافی یه‌کسانیان هه‌بێت، وه‌ک هاووڵاتییه‌کیش هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ بکرێت.
پارێزگای ئورومییه به هۆی سیاسه‌تی داگیرکه‌رانی وڵاتانی کوردستان و ده‌ستکاریکردنی دیمۆگرافیی کوردستان ناوی ئه‌و پارێزگایه‌یان ناوه ئازه‌ربایجانی باشوور، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌و ناوه‌وه بۆ هه‌میشه کێشه له نێوان کورد و ئازه‌ری دروست بکه‌ن. ده‌کرێت بڵێێن زۆر به‌داخه‌وه که ئێستاش له‌م سه‌رده‌مه‌دا له ڕاگه‌یاندنی هێندێک لایه‌نی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له باتیی پارێزگای ئورومییه به پارێزگای ئازه‌ربایجان ناودێری ده‌که‌ن، پاساویشیان ئه‌وه‌یه که ئه‌و پارێزگایه هه‌ر به‌و ناوه چه‌ندین ساڵه تۆمارکراوه و دروست نییه ئێمه ناوه‌که‌ی بگۆڕین، به‌ڵام باشترین به‌ڵگه‌مان ئه‌وه‌یه که ڕێژیمی پێشووی به‌عسی ئێراق له ته‌مه‌نی 38 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیدا هه‌میشه به پارێزگای که‌رکووکی ده‌گوت پارێزگای (ته‌ئمیم)، به‌ڵام هه‌رگیز ڕاگه‌یاندنی کوردی له باشووری کوردستان که له‌و سه‌رده‌مه‌دشدا که له شاخ بوون به بیانوو‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌و پارێزگایه له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه ناوی گۆڕدراوه ناوی که‌رکووکیان نه‌گۆڕی به ته‌ئمیم و ناویان نه‌ده‌هێنا.
بۆ هه‌موو کوردێک که شاره‌زای مێژووی دێرن و ئێستای ئورومییه ئه‌وه باش ده‌زانێ که له پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشه‌یه‌کی چاوه‌ڕوانکراو به ده‌ستتێوه‌ردانی تورکیا له‌و پارێزگا کوردستانییه‌دا به‌دی ده‌کرێت،که شک وگومان له‌وه‌دا نییه له کێشه‌ی که‌رکووک گه‌وره‌تربێت،به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆرجێگای داخ و مخابنه که تا ئێستا هێز و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌وری یه‌ک کۆنه‌بوونه ته‌وه بۆ بیرکردنه‌وه له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ داهاتووی ئوروومییه (ورمێ) وشاره‌کانی ده‌ورو به‌ری،له هه‌ر لایه‌نێک ده‌پرسی بۆچوونتان له‌سه‌ر ورمێ چییه وده‌بێت چیی بۆ بکه‌ین، له وڵامدا ده‌ڵێن با جارێ ئه‌و کێشه‌یه ڕاگرین بۆ دواین ڕۆژ که ده‌گه‌ڕێینه‌وه ناوخۆی وڵات. منیش ده‌ڵێم ده‌بێت ئه‌و کێشه‌یه له داهاتوودا له ڕێگه‌ی ڕێفراندۆمێکی ئازاد‌دا له نێۆ دانیشتووانی ئورومییه یه‌کلابکرێته‌وه،به‌ڵام خۆ ده‌بێت له ئێستاوه ئێمه ئاگامان له کۆسپه‌کانی داهاتووی ئه‌و شاره‌مان بێت.خۆ ده‌بێت لایه‌نه کوردستانییه‌کان هه‌رله ئێستاوه له هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه ودۆکۆمێنتی مێژوویی بن بۆکه‌ڵک لێوه‌رگرتنی له داهاتوودا.
بێده‌نگیی ئێمه‌ی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان و خۆته‌یارکردن وخۆئاماده‌کردنی لایه‌نه‌کانی سیاسی و ڕۆشنبیری ئازه‌ری مه‌ترسییه‌کی وامان پێشان ده‌دا،که به پشتیوانیی ده‌وڵه‌تی تورکیا ڕووداوی ناخۆش و زیانبه‌خش به دانیشتووانی ئورومییه بگه‌یه‌نێت.
با هه‌موومان وته‌کانی سه‌رۆک بارزانی به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تی چه‌واشه‌کاریی تورکیا به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد بکه‌ین به په‌ندێک بۆ داهاتووی پارێزگای ئورومییه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. با هه‌موومان به یه‌کگرتوویی و یه‌کده‌نگی وه‌ڵامی هه‌ر داگیرکه‌رێک بده‌ینه‌وه که بیهه‌وێ به بیانوو‌ی بوونی تورکی ئازه‌ری له پارێزگای ئورومییه ئاسایش له خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره تێک بدات.
با ئه‌و ڕووداو و کێشانه‌ی که له‌م کاته‌دا به چاوی خۆمان ده‌بینین بۆ شاری که‌رکووک ده‌یهێننه پێشه‌وه، بیکه‌ینه هه‌وێنی هزرێکی ژیرانه بۆ داهاتووی شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وهانده‌رێک بێت بۆ ئێمه‌ش که خۆمان بۆ داهاتووی ئورومییه ئاماده بکه‌ین. با واز له بوونی هزری جیاوازیی سیاسی وحیزبایه‌تی بێنین و بۆ پاراستنی یه‌کێتیی خاکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌کده‌نگ و یه‌ک پلان بین. با هه‌موومان له ده‌وری یه‌ک له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک یا کۆنفرانسێک بۆ ئورومییه کۆبینه‌وه، هه‌روه‌ک کۆنفرانسی به‌رینی باکۆی ئازه‌رییه‌کانی بنده‌ستی ئێران که 1100 ئازه‌ریی بنده‌ستی ئێران سه‌ره‌ڕای بوونی جیاوازیی سیاسی و بیرکردنه‌وه‌یان هه‌موویان له شاری باکۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان،به پشتیوانیی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان کۆنفرانسێکی چه‌ند ڕۆژییان پێک هێنابوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که له داهاتوودا چۆن بتوانن ئورومییه له کوردستان دابڕن و بیخه‌نه سه‌ر جۆگرافیای ئازه‌ربایجان.
ئێمه هه‌رده‌م به بیانوو‌ی نه‌بوونی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی خۆمان بێده‌نگ ده‌که‌ین، من پێم وایه به یه‌کگرتوویی و یه‌کده‌نگییش ده‌توانین تا ڕاده‌یه‌کی باش پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی و سیاسیش بۆ خۆمان کۆ که‌ینه‌وه. نموونه‌ی به‌رچاویش وڵامه دروسته‌که‌ی کاک مه‌سعوود بارزانییه که چۆن کارێکی وای کرد میدیاکانی جیهانی هه‌ژاند. هه‌ڕه‌شه ناڕه‌واکه‌ی تورکیاش له زۆر وڵاتی جیهانه‌وه به پێشێلکردنی خاکی دراوسێ هه‌ڵسه‌نگێندرا،که له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێراق و سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێراق لێی وه‌ده‌نگ هاتن.
هه‌ر سه‌که‌وتوو بێت یه‌کگرتووییی ڕیزه‌کانی کوردستانی بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانمان!
عارف باوه‌جانی ,,،1ی بانه‌مه‌ڕی 2707 ی کوردی.
2007-04-29 09:36:55
18 ساڵ و 9 مانگ و 17 کاتژمێر و 53 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان