<>
په‌پوله به‌ردباران ئه‌کرێ?

ئاخۆ ڕۆژگار چی به‌سه‌ر هاتبێ? وا ناسکییهکان ده‌مرن و هه‌سته‌کان ده‌خنکێندرێن و په‌پوله‌کان شه‌هید ده‌کرێن.....!!! چییه ئه‌م ڕۆژگاره بۆ وای به‌سه‌ر هاتووه? بۆ باڵی ڕه‌شی تاوان ئاسمانی ڕۆح و ناخی ئه‌م مرۆڤانه‌ی داگیر کردووه? چییه خودایه? ئه‌مه‌ش دیارده‌ی ئاخیر زه‌مانه? ئه‌ی خودایه چۆن ڕێگات به‌و په‌نجانه دا ئه‌و به‌رده ڕه‌قانه به جه‌سته‌ی ناسکی په‌پوله‌یه‌کدا بکێشن? ئاخر چۆن? سه‌رم سوڕماوه، نازانم چی بنوسم، نازانم جۆن بدوێم، سه‌رم لێ شێواوه.....من سه‌ر ده‌رناکه‌م له‌م نهگریسییه، تێ ناگه‌م له‌م ڕهشپۆشییهی دڵی مرۆڤ و له‌م بێ ویژدانییه. ئاخر ئه‌ی یه‌زدان، تۆ به‌ردت بۆ ڕه‌سخ کردنی شه‌یتان دروست کردووه? یان بۆ شه‌هید کردنی فریشته‌کان? ئه‌ی هاوار....به‌م پرسیارانه‌وه ڕو له کوێ که‌م? چی له‌م دیمه‌نه دڵته‌زێنه‌ی به‌رچاوم که‌م? هه‌ر که دییه‌کانم هه‌ڵدێنم، بلوسه سوره‌که‌ی ده‌بینم که وێنه‌ی گوڵاڵه سوره‌یه‌کی سه‌ر چیاکانی کوردستانی پێ به‌خشی بو، پرچه ڕه‌شه‌که‌ی دێته به‌رچاوانم، که به خه‌مناکی شه‌وه‌زه‌نگ ده‌چوو، ئای دوعا گیان.......ئێستا چۆن دوعا بکه‌م تا دوعاکانت گیرا بن? له‌گه‌ڵ ڕۆشتنت، له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ت، دوعاش واتای نه‌ما، شه‌هید بونت دوعاکانایشی شه‌هید کرد.....چیت بۆ بنوسم گوڵاڵه سوره‌ی ئه‌م به‌هاره ڕه‌شه? چیت بۆ بنوسم? وشه‌ش ئه‌مڕۆ زویر بووه، گریانی دێ، ڕازی نییه ده‌ستی سه‌رۆ و دێڕه‌کانی ناخم بگرێ.
ئای دوعا گیان، ئه‌وا ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ نوسینه‌وه‌ی ئه‌م وشه بێزارانهدا، ئازارێکی ئاوها یه‌خه‌ی گرتوم، که به وشه نادرکێندرێ، به په‌ڕۆیه‌کی سوری خوێن ئاسات، توند توند ناوچه‌وانم به‌ستووه، زۆر ڕقم له‌م ناوچهوانهم ده‌بێته‌وه، چونکه منیش کچم، ناوچه‌وانی من و تۆ ته‌نها نه‌هامه‌تی لێ نوسراوه ئازیزه‌که‌م، ناوچه‌وانی من و تۆ ته‌نها بۆ تفی بۆگه‌نی پیاو و شه‌یتان دانراوه، وا ئه‌زانن جه‌سته ناسکه‌که‌ی ئێمه، بۆ به‌ردی ده‌ستی خوێناوی ئه‌وان دروست کراوه...نه‌فره‌ت له‌م ناوچهوانهمان ئه‌ی په‌پوله شه‌هیده‌که‌ی ئه‌وین، به‌خوا بڕوات هه‌بێت شاشههیدی ناسکییهکان، له ڕوم نایه ناوی عیشق بێنم، من هه‌ر وتومه عیشق ژیانه،
عیشق خۆشی و شادییهکانه، که‌چی عیشق بوه شه‌هید بونی گوڵێکی وه‌ک تۆ، من دڵنیام ئێستا عیشقیش شیوهنیهتی، بۆ تۆ ده‌گری.
ئای دوعا گیان...تۆ ئێستا هه‌ر په‌پوله‌یت، له‌سه‌ر ده‌ستی فریشته‌یه‌ک سه‌ما ئه‌که‌ی، ئه‌بیته مانگه‌شه‌وی ئاسمانی ئه‌وین و به ڕۆحی عاشقانا گوزه‌ر ئه‌که‌ی....جوانی و ناسکی بۆ تۆ و نه‌مری بۆ تۆ و، ڕوڕهشیش بۆ وه‌حشه‌کانی سه‌ر زه‌مین، سه‌رشۆڕی بۆ زوحاکه‌کانی به‌هار.
سه‌فه‌رت خێر ، سه‌فه‌رت خێر ئه‌ی چرا شه‌هیده‌که‌ی ئه‌وین، سه‌فه‌رت خێر، دڵنیابه گوڵم من و تۆی کیژ ئا له‌م وڵاته و له‌م دونیا جه‌نگه‌ڵ ئاسایه جێ‌مان نابێته‌وه، من و تۆ هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانمانه‌وه ده‌بێ چاوه‌ڕوانی مه‌رگ بکه‌ین و مه‌رگ بکه‌ینه دهستگیرانمان....
ههنسکهکهم خۆ بۆ شێخی سه‌نعان ئاسایی بو، بۆ کچه گاورێ له ئیسلام وهرهگهڕێ، ئه‌وا هه‌ر پیاویشه ئێستا به فه‌خره‌وه شیعری بۆ ده‌ڵێ، به‌ڵام بۆ من و تۆ نابێ، عیشقمان ده‌بێ مه‌رگی خۆمانی به‌دوا بێ.
سه‌فه‌رت خێر ئازیزه‌که‌م، تۆ ههنوک له‌و دونیایهدای که شایه‌نی خۆته، تۆ ئێستا له بهههشتای، فریشته ده‌تخه‌وێنێ، تریفه‌ی مانگ پرچت دادێنێ، گزنگی خۆر به نه‌رمه ماچ به ئاگات دێنێ.
هیچ خه‌م مه‌خۆ ئازیزی من، ڕۆژێ دادێ به‌رد خۆی هار بێ و له ده‌سته پیسه‌کانی ئه‌و نه‌فس نزمانه بێزار بێ و، تۆڵه‌ی تۆیان لێ بسه‌نێ، دڵنیابه شاناسکی به‌هار، په‌نجه بۆ خۆی سڵ له ده‌ستیان ئه‌کاته‌وه و یه‌ک به یه‌کیان خۆی له قه‌دی ڕزیوی ده‌ستیان ئه‌وه‌رێنێ.
مه‌ترسه ده‌لالا من، هیچ کات بیر له زه‌مین و ژین نه‌که‌یته‌وه، بۆ خۆت هه‌ر به ئاسمانی به‌ریندا بفڕه و له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌دا گه‌مه بکه و ته‌نها به‌رگی خه‌نده له‌به‌ر خۆت که.
ئای دوعا گیان، سڵاو له‌و ڕۆحه پاک و بێ گهردهت، هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌و جه‌سته ناسک و نێرگزییه‌ت، هه‌زار سڵاو گوڵاڵه گیان هه‌زار سڵاو له‌و دڵه پڕ عیشق و ترس و حهسرهتهت.
چیتر بنوسم? چیترت بۆ بنوسم دوعا گیان? هه‌رچی ئه‌که‌م وشه‌کانی ناخم نایه‌نه گۆ و چاویان کردوه به زریان...بۆ کوێ بڕۆم? ڕو له کوێ که‌م? پرسیاره‌کان خه‌ریکه ڕۆح و دڵم له‌ت له‌ت ده‌که‌ن.
خۆ من ناشتوانم دوعا بکه‌م یه‌زدان مه‌رگ بنێرێته به‌ر قاپی ڕۆحم، تازه دوعا سه‌فه‌ری کرد هاوشانی مه‌رگت، به‌ڵام ئه‌بێت هه‌ر له‌و شوێنهیهی جه‌سته‌ی تۆیان کرده په‌یکه‌ری مه‌رگ، په‌یکه‌ری عیشق دروست بکرێ، له هه‌مو جیهان هه‌ر باس بکرێ، ئه‌بێت ئه‌م کوشتنی دوعایه له لایه‌ن نه‌وه‌کانی داهاتوشمان ڕسوا بکرێ.
ئه‌مه چ سه‌ده‌یه‌که? چ ڕۆژگارێکه? ده یه‌کێ بێت و وه‌ڵامم بداته‌وه، با که‌سێ بێ و ڕۆحی من و هه‌زاران دوعا ژیر کاته‌وه.....پێمان بڵێن چۆن فریشته ڕه‌سخ ئه‌کرێ? چۆن حۆرییه‌ک شه‌هید ئه‌کرێ? پێمان بڵێن، به چ شهرعێ عیشق حه‌رام ده‌کرێ? چۆن په‌پوله به‌ردباران ده‌کرێ? چۆن دوعایه‌ک له خوێن ئهپرژێندرێ? چۆن دوعایه‌ک له جه‌نگی عیشقێکی بێ وێنه، به ده‌ستی پیسی جه‌للاد شه‌هید ده‌کرێ????
تێبینی: من وه‌ک کچه کوردێک له ناخی حهسرهتبارمهوه ئه‌م کاره نا مرۆڤایه‌تییه ڕسوا ده‌که‌م و داوا له ده‌سته‌ڵاتداران ئه‌که‌م که له ناوچه‌ی به‌عشیقه و له شوێنی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌دا په‌یکه‌رێک بۆ دوعا خان دروست بکرێت به ناوی په‌یکه‌ری دوعای عیشق.
کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی