ئالیانسێکی کوردستانی چۆن له ڕۆژهه‌ڵات پێک دێت?
22ی جۆزه‌ردان 2707
چه‌ند دێڕێک بۆ به‌ره
به‌ره، ئیتیحاد، یه‌کگرتن، ئیئتیلاف، ئیتیفاق، هاوپه‌یمانه‌تی یا خۆ ئالیانس, کۆمه‌ڵه ناوێکی هاومانان که به بیستنیان، وزه‌ێکی نوێ و تین و ته‌وژمێک و ئومێدێکی نوێ ده‌که‌وێته له‌شی هه‌مو ئه‌وانه‌ی که به دڵ ئاره‌زوی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له بیر و مێشکیاندایه، خوێنی له‌شی هه‌ر هه‌مو ئه‌و دایک و باوکی شه‌هیده چاوه‌ڕوانانه، که هه‌نۆکه ماتڵن،
به‌رهه‌می خوێنی ڕۆڵه‌کانیان ببینن، ته‌ز و هیواێکی نوێی دێته‌وه ناو و هاوکات به بیستنی نه‌هاتنه دی به‌ره، پێیان وایه که ڕه‌نگه خوێنی ڕۆڵه‌کانیان به هه‌ده‌ر بچێت و ڕه‌نگه هه‌رگیز به چاوی خۆیان ئه‌م به‌ره و وه‌دی هاتنی ئاواته به‌رزه‌کانی ڕۆڵه‌کانیان نه‌بینن، نا حه‌قیشیان نیه!
به پێچه‌وانه، باس له ئالیانسی کوردستانی هه‌مو دوژمنانی سوێند خواردوی کوردستان ده‌خاته ترس و له‌رزه‌وه و دایمه و ده‌رهه‌م و به شێوازی جۆر به جۆر حه‌ول ده‌ده‌ن که شتێکی له‌م بابه‌ته هه‌ر نه‌شێته سه‌ر زاری هیچ حیزبێک و هیچ تاکێکه‌وه و کات و سه‌رمایه‌ی بۆ ده‌خه‌نه گه‌ڕ که وه‌ها بیرۆکه‌ێک هه‌رگیز سه‌ر نه‌گرێت و نوسه‌رانی ده‌سته‌مۆی خۆیانی بو ده‌خه‌نه کار که له دژی به‌ره بنوسن و له به‌ر چاوی خه‌ڵک ڕه‌شی که‌ن و هیچ نه‌بێت، دانێک یان دوان له حیزبه‌کان ڕازی بکه‌ن به‌وه‌ی که به به‌هانه‌ی جۆراوجۆر خۆ له‌م به‌ره نه‌ده‌ن و خۆشیان به هه‌مو شێوازێک دژایه‌تی ده‌که‌ن.
ئه‌م هه‌موه دژایه‌تیه له پێناو چیدا و بۆ چی?
به دوا دابه‌شکردنی جیهان له پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له لایه‌ن زلهێزه شه‌ڕ که‌ره‌کانه‌وه و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی کۆلۆنیالیسته کۆنه‌کان و سه‌رمایه‌داره نوێکان، بلیتێکی نه‌حس بۆ کوردستان و کورد ده‌رچو که تاکو ئێستاش ئاسه‌واره خراپه‌کانی هه‌ر ماون و گۆیا قه‌راریشه هه‌ر بمێنن. وڵاته ده‌رگیری شه‌ڕه‌کان به دوا ئه‌وه‌دا که به شه‌ڕ نه‌یان توانی شتێکی ئه‌وتۆ بۆ خۆیان وه‌ده‌ست خه‌ن و به دوا ماندو بون له شه‌ڕ، وازیان له شه‌ڕ هێنا و هه‌مو پێکه‌وه که‌وتنه دابه‌شکردنی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هاتن و به دوا وه‌رگرتنی ئیمتیاز له ده‌وڵه‌تی عوسمانی تورک و هه‌ر به پیلانی تورکی عوسمانیش، نه‌خشه یا خه‌ریته‌ی هه‌مو ناوچه‌که‌یان گۆڕی. ئه‌م بلیته نه‌حسه که 84 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به ناوی کورده‌وه ده‌رچوبو له 1 ی گه‌لاوێژی 2623ی کوردی واته 24.07.1923 زایینی (1302 هه‌تاوی) له وڵاتی سویس و له قه‌سری ئوشی Ouchy له شاری لۆزان، له به‌ینی بریتانیا و فه‌رانسا و ئیتالیا و یونان و تورکیه و چه‌ن وڵاتێکی تریش ئیمزا کرا. به پێی ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه و ژێرپێ نانی ئاشکرای مافی کورد و ئه‌رمه‌ن له‌م په‌یمانه شومه‌دا، کورد له به‌ینی 5 وڵاتی ناوچه‌که و به بێ پرس و ڕا له‌م گه‌له و بێ شه‌رمانه دابه‌شکرا، ئه‌گه‌ر چی کورد له په‌یمانی ئاشتی سێڤێر Sèvre که له برواری19ی گه‌لاوێژی 2620 واته 10.08.1920 زاینی یا (1299 هه‌تاوی) بۆ کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی به‌شداری کردبو و هێندێکیش، نه‌ک زۆر، سه‌ربه‌رز لێی هاتبوه ده‌ر، به‌ڵام له لۆزان ته‌نانه‌ت یه‌ک نوێنه‌ریشی له‌و کۆبونه‌وه‌دا نه‌بو، کورد تورکه‌کانی کردبو به نوێنه‌ری خۆی! له‌م په‌یمانه‌دا که تورکه‌کان به هه‌یئه‌تێکی 27 که‌سی به سه‌رپه‌ره‌شتی عیسمه‌ت پاشا تێیدا به‌شداریان کردبو، زۆرترین قازانجیان لێکرد. له‌م په‌یمانه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که کوردستان دابه‌ش کرا و به‌شی زۆری درا به تورکه‌کان، به‌شێک له ئه‌رمه‌نستان و ڕۆژهه‌ڵاتی تڕاکین (به‌شه ئوروپایه‌که‌ی تورکیه) و هه‌روه‌ها شاری سمیرنا که له ئاسیای بچوک بو و هی یونانیه‌کان بو، درا به تورکه‌کان، ئه‌م شاره ئه‌مڕۆ تورکه‌کان پێی ده‌ڵێن ئیزمیر. به‌شی ڕۆژئاوای تڕاکین دراوه به یونانیه‌کان.

هه‌یئه‌تی تورکه‌کان له لۆزان به سه‌رپه‌ره‌شتی عیسمه‌ت پاشا.
به‌سه‌رهاتی په‌یمانی سێڤێر و ئاکامه‌کانی
3 ساڵ پێش په‌یمانه شومه‌که‌ی لۆزان، په‌یمانی ئاشتی سێڤێر له برواری19ی گه‌لاوێژی 2620 واته 10.08.1920 زاینی یا (1299 هه‌تاوی) له نه‌تیجه و به‌رهه‌می کۆمه‌ڵه په‌یمانه‌کانی پاریس له نێوان هاوپه‌یمانانی شه‌ڕی یه‌که‌م و ئیمپێڕاتوری عوسمانیه‌کان بۆ کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ئیمزا کرا. (هاوپه‌یمانه‌کان که به ئێنتێنته ناویان ده‌ر کردبو ئه‌مانه بون: بریتانیا، کانادا، ئۆستڕالیا، نیوزله‌ند، ئه‌فریقای باشور، هێند، فه‌ڕانسا، ئیتالیا، ژاپۆن، ئه‌رمه‌نستان، بلژیک، یونان، حیجاز، له‌هێستان، پورتوگال، ڕۆمانی، یوگۆسلاوی و چێک و سلۆڤاکی.) په‌یمانی سێڤێر له لایه‌ن سوڵتانی عوسمانیه‌کان که دۆڕاندبوی و به‌س به ته‌ما بو ئیمپێڕاتوریه‌که‌ی خۆی ڕابگرێت، ئیمزا کرا، به‌ڵام هاوکات له لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی تورک به ڕێبه‌ری مسته‌فا که‌ماڵ (ئه‌تا تورک) له ناو تورکیه ره‌ت کرایه‌وه. مسته‌فا که‌ماڵ ئه‌م په‌یمانه‌ی کرد به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که خۆی ده‌وڵه‌ت له تورکیه ڕابگه‌ێنێت. ناو براو به دانانی سیسته‌می کۆماری له ئانکارا، سیسته‌می مۆنارشی پاشایه‌تی له ئیستانبوڵ ڕه‌ت کرده‌وه. ئیمپێڕاتوری عوسمانی به پێی په‌یمانی سێڤێر به‌شێکی زۆر له خاکه‌که‌ی له ده‌ست داب‌و، له‌وانه: حیجاز (که ئێستا به‌شێک له خاکی سعودیه‌کانه) و هه‌روه‌ها وڵاتانی ئه‌رمه‌نستان و کوردستان ده‌بو نیوه سه‌ربه‌خۆ بن و بکرێنه کۆلۆنی بریتانیا. به پێی په‌یمانی سیڤێر و به پێی ئه‌و ته‌عریفه‌ی که له کۆلۆنیالیزم هه‌یه، به‌ڵام زلهێزه‌کان خۆیان پێی ده‌ڵێن وه‌کاله‌ت یا نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌کان (Voelkerbundmandate)، ناوچه‌ی میزۆپۆتامیا (کوردستان و عێڕاق) و فه‌له‌ستین ده‌دران به بریتانیا، سوریه و لوبنان بۆ فه‌ڕانسه‌ویه‌کان و تڕاکین و سمیڕنا بۆ یونانیه‌کان که له ئه‌سڵیشدا هه‌ر هی خۆیان بو. هه‌ر به پێی ئه‌م په‌یمانه ده‌بو ته‌نگه یا خۆ به‌حره ته‌نگه‌کان و ده‌ریای مه‌ڕمه‌ڕه له به‌ینی تورکیه و یونان نێونه‌ته‌وه‌یی بکرێته‌وه و له سه‌رباز و هێزی نیزامیش خاڵی بکرێنه‌وه. حکومه‌تی ئانکارا (مسته‌فا که‌ماڵ) ئه‌م په‌یمانه‌ی به ته‌واوی ره‌ت کرده‌وه و له به‌رانبه‌ر هێڕشی نیزامی یونانیه‌کان بۆ تورکیه، به‌رگریێکی سه‌خت و توندیان له خۆیان نیشان دا .
ئاکامی شه‌ڕی 3 ساڵه له به‌ینی یونان و تورکیه له به‌ینی ساڵه‌کانی (1919 “ 1923) بو به هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یمانی سێڤێر و هاتنه ئارای په‌یمانی لۆزان. په‌یمانی لۆزان به ته‌واوی به قازانجی تورکه‌کان کۆتایی پێهات و به دژ و زه‌ره‌ری کورد و ئه‌رمه‌نی ته‌واو بو.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته پێشه‌وه که چۆنه کورد له‌م هه‌مو ئاڵ و گۆڕه‌دا ناوی نیه و ئاوا به ئاسانی ئه‌م نه‌ته‌وه گه‌وره دابه‌ش ده‌کرێت? وڵامه‌که‌ی دیار و ڕۆشنه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که کورده‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌دا به ته‌واوی پاڵیان داب‌و به تورکه عوسمانیه موسوڵمانه‌کانه‌وه و به ناوی برایه‌تی ئیسلامی کڵاوێکی هێنده گه‌وره چوه سه‌رمان که ئه‌وه 84 ساڵه ئێمه نه‌تیجه‌که‌ی ده‌بینین. برایه‌تی کورد و عوسمانی، به ناوی برایانی موسوڵمان وای کرد له کورد که له ئه‌و په‌ڕی بێ مه‌سئولیه‌تیدا، له ئه‌وپه‌ڕی ساده دڵی و خۆشباوه‌ڕیه‌وه، تورکیان وه‌ک نوینه‌ری خۆیان به ناوی برایانی موسوڵمانمان به نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بۆ لۆزان نارد و ئه‌وانیش له لۆزان له نه‌بونی کورددا، وه‌ک مار به کوردیانه‌وه دا.
ئایا مارکسیسته‌کان به‌و تێڕوانینه‌ی ئێستایانه‌وه، ده‌توانن کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردستان حه‌ل که‌ن?
یه‌کێک له هۆیه‌کانی ئه‌وه‌ی که بۆچی کۆمه‌ڵێک له مارکسیسته‌کان له‌مه‌ڕ پرسیاری نه‌ته‌وایه‌تی که‌م قسه ده‌که‌ن، هۆی چۆنیه‌تی تێگه‌یشتن و هه‌روه‌ها بڕوای مارکسیستی ئه‌وانه به ڕزگاری و گه‌یشتن به سوسیالیزم و به‌رپا کردنی نیزامێکی کۆمۆنیستی به هێزی پڕۆلێتاریای جیهان و به‌رقه‌راری دیکتاتۆڕی پڕۆلێتاریا بۆ گه‌یشتن به کۆمۆنیزم. ئه‌م تێئۆریه، به تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی که ده‌قاوده‌ق تێئۆری و ڕێنوێنیه نوسراوه‌کانی مارکس ڕه‌چاو ده‌که‌ن، وا له‌وان ده‌کات که باوه‌ڕیان به نه‌ته‌وه، مه‌رز، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌مانه نه‌مێنێت! دوهه‌م کێشه که له سه‌ر ڕێگای ئه‌م جۆره مارکسیستانه‌یه ئه‌وه‌یه که کاتێک که مارکس له 23ی ڕه‌شه‌مه‌ی 2583 (1261ی هه‌تاوی) ماڵئاوایی له‌م جیهانه ئاڵۆزه کرد، هێشتا شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی (1914 “ 1918) ده‌ستی پێ نه‌کردبو و کاڕڵ مارکس به هۆی تێگه‌یشتویی له باری فه‌لسه‌فه و ئابوریه‌وه، هێشتا شتێکی ئه‌وتۆی له سه‌ر نه‌ته‌وه نه‌وتبو. شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی31 ساڵ دوای مردنی مارکس و ڕوداوی ڵۆزان ڕێک 40 ساڵ به دوا مردنی ئه‌و که‌ڵه پیاوه ڕویداوه. به دوا ئه‌ودا لێنین ڕێبه‌ری مارکسیستی بولشویکه‌کان، که به دوا شۆڕشی ئۆکتوبه‌ری ڕوسیه و هاوکات له گه‌ڵ شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی هێزی گرتۆته ده‌ست، مافی چاره‌ی خۆ نوسین تا کو جیایی بۆ نه‌ته‌وه‌کان پێشنیار کردوه. به‌ڵام ئه‌مڕۆکه زۆربه‌ی مارکسیست - لێنینیسته‌کان ئه‌م باسه‌یان لێ بۆته تابو و حه‌ز ناکه‌ن زۆر له سه‌ری بڕۆن. ئه‌م جۆره مارکسیستانه ئه‌مڕۆ زۆرتر چاو له کول ده‌که‌ن و جوزء نابینن. سێهه‌م کێشه، نه‌بون یا نه‌هاتنی تێئۆریسیه‌ن، مارکسیست یا خۆ لێنینێکی دیکه‌یه بۆ حه‌لی کێشه و قه‌یرانه‌کانی ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داری جیهان، بۆ ئه‌وه‌ی که چه‌په‌که‌ن گوێی بۆ ڕایه‌ڵ که‌ن. ئاخر لێنین ئیمپێڕیالیزمی پێناسه کرد و به جوانی ناساندی، به‌ڵام تا ئێستا که‌س سه‌رمایه‌داری جیهانی و گڵۆبالیزمی، به واقیعی و پڕ به پێستی خۆی نه‌ناساندوه، که به بڕوای من ده‌بێت و لازمه که جیهان ماتڵی تێئۆریێکیتر و تێئۆریسیه‌نێکیتر بێت، تا ئه‌م دێوه‌زمه نوێیه بۆ مرۆڤی ئه‌مڕۆ ته‌عریف بکات و هه‌روه‌ها تا بتوانێت ڕێنوێنیه‌کانی کاڕڵ مارکس که له سه‌ر نه‌ته‌وه به ناته‌واوی به جێ ماون، ته‌کمیل کات و پێویستیشه که کۆمۆنیسته‌کان، ئه‌گه‌ر هات و که‌سێکی وا په‌یدا بو، ئێعتیمادی پێ بکه‌ن و گوێی بۆ ڕایه‌ڵ که‌ن. ئاخر بابه کو واده‌بێت، ئێوه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی وا مارکس باوه‌ری پێی بو، تێئۆریه‌کانی مارکس بکه‌نه ئایاتی موقه‌ده‌س و مارکس بکه‌نه پیغه‌مبه‌ری سه‌ده‌ی نۆزده و نوسراوه‌کانی ته‌قدیس بکه‌ن و باوه‌رتان به که‌سی تر نه‌بێت، ئاوا له ماتریالیزمی دیالێکتیک گه‌یشتوین?!!!
هه‌ر بۆیه به بڕوای من ئا به‌م هه‌مو سه‌رلێشێواویه‌ی که ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه زۆربه‌ی مارکسیسته‌کان، خۆیان توش خۆیانیان کردوه، ناکرێت کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کان حه‌ل بکه‌یت. تۆ نا‌توانیت، له‌گه‌ڵ ڕێزمدا، به شێوه‌ی دوگماتیستیانه بڵه‌ی که بابه من باشترین ڕێگه حه‌لم پێیه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و داوای ئه‌وه ده‌که‌م که با کورد خۆی چاره‌نوسی خۆی هه‌ڵبژێرێت تا سه‌ربه‌خۆیی، و دوایش بڵه‌ی، ئێمه ئه‌م ڕێگای جیا بونه‌وه به زه‌ره‌ر ده‌زانین بۆ چینی کرێکاری ئێران! بابه مه‌گه‌ر غه‌یری ئه‌وه‌یه که 90 تا 96 ده‌رسه‌دی کورد ده‌یه‌وێت جیا بێته‌وه? ناکرێت میله‌تێک بیری سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستی خۆی بخواته‌وه و بیکاته‌وه ناو سکی خۆی و باسی لێ نه‌کات، ئه‌مه چیه به زه‌ره‌ری چینی کرێکاری مه‌سه‌له‌ن ئێرانه? ئاخر خۆ واش نیه. ئه‌گه‌ر بێت و وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کوردستان دروست بکرێته‌وه، ئه‌وجار چینی کرێکاری کوردستان به فه‌ڕاغی باڵه‌وه هاوپشتی چینی کرێکاری ئێرانیش و عێڕاقیش و تورکیه‌ش و پڕۆلێتاریای جیهانیش ده‌که‌ن. بۆ ئێمه به زۆر له‌م 5 وڵاته ماره کراوین و حه‌قی ته‌ڵاقیشمان نیه? ئایا ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ره مارکسیسته‌کان زیندو بونایه و ئه‌مه‌یان به چاوی خۆیان دیبایه، وه‌ک چه‌پی ئێستا بیریان ده‌کرده‌وه? ئایا کاک فوادی مسته‌فا سوڵتانی و دوکتور سدیقی که‌مانگه‌ر که له دوای شۆڕشی ئێران له گه‌ڵ هه‌یئه‌تی موزاکیره‌ی گه‌لی کورد، دانیشتنیان له گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی کرد، باسی چینی کرێکاریان کرد له‌وێ یا خۆ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی مه‌نته‌قه‌یی یا هیچ نه‌بێت خودموختاری? من به دڵنیایه‌وه ده‌ڵێم که ڕێبه‌ره مارکسیسته‌کان هه‌رگیز وه‌ک ڕێبه‌رانی ئێستا بیریان نه‌ده‌کرده‌وه، به‌ڵکو تێده‌کۆشان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به سه‌رفه‌رازی بژیت، ئاخر خۆ زه‌مانی به زۆر به شودانی کۆن نه‌ماوه، ئێستا ئێمه به قسه له مۆدێڕنیزمدا ده‌ژین و هه‌نگاو به‌ره‌و پۆست مۆدێڕنیزم هه‌ڵده‌گرین. هه‌ر بۆیه چه‌پی ئێستا ده‌توانێت به‌ڵام نایه‌وێت کێشه‌ی کورد حه‌ل کات!! و ئه‌وان ئه‌مڕۆ ئه‌مه قه‌رزدارن به کورد و به مڕۆڤایه‌تی و به هومانیتێت!
بۆچی به‌ره تاکو ئێستا سه‌ری نه‌گرتوه?
حیزبه کوردستانیه‌کان تا قۆناغێک پێش ئێستا واته ئاخری هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردو، مێژوێکی دور و درێژیان له خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی مافی گه‌له‌که‌یان پشت سه‌ر خستوه و قۆناغێکی پڕ له شانازیان بۆ خۆیان له‌م بابه‌ته‌وه تۆمار کردوه (به که‌م و کوڕیه‌کانیشیه‌وه و فارغ له چۆنیه‌تی بیر کردنه‌وه‌کانیان). به‌ڵام به شایه‌دی هه‌مو که‌س، جیهان له ساڵی 1990 به دواوه قۆناغێکی نوێی ده‌ست پێکردوه و جیهان ته‌ک قوتبی بۆته‌وه و مڕۆڤایه‌تی توشی گێژه‌ڵۆکه و سێڵاوێکی سیاسی و ئابوری له هه‌مو جیهان بوه، سه‌رمایه‌داری گۆڕانی به سه‌ردا هاتوه، باسی گڵۆبالیزاسیۆن و جیهانیکردن، باسی به جیهانی کردنی سه‌رمایه، باسی نه‌زمی نوێی جیهانی، باسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره، باسی ڕوخانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی و ستالینیزم و به واتاێکیتر ڕوخانی کۆمۆنیزمی ڕوسی و هه‌روه‌ها تموحی زلهێزه‌کان بۆ کۆنتڕۆڵی نوێی جیهان و ده‌ست به سه‌ر چاڵه نه‌وتیه‌کاندا گرتن و زۆر شتی تر هاتنه گۆڕه‌وه. هه‌مو حیزبێکی مه‌سئول، ئوسولی و خه‌ڵکی و باوه‌ڕ به خۆ ده‌بو له گه‌ل ئه‌م ئاڵ و گۆڕه جیهانیانه، ئه‌وانیش ئاڵ و گۆڕ به سه‌ر خۆیاندا بێنن. زۆربه‌ی حیزبه گه‌وره‌کان له پێنج قاڕه‌ی جیهان ئه‌م کاره‌یان کرد، واته ئاڵ‌وگۆڕیان له خۆیانا پێک هێنا و به خۆیاندا چونه‌وه، هێندێکیان تێیدا سه‌رکه‌وتو بون، به‌ڵام زۆریشیان که‌وتنه گێژاو و ئینشیعابات و خۆ ون کردن و گیرۆده‌ی بڕوای سێکتاریستی و هتد بون و هێندێکیشیان خۆیان به ته‌واوی دۆڕاند. ئه‌م سێڵاو و گێژه‌ڵۆکه جیهانیانه، سروشتیه که کوردستانیشی وه‌ک به‌شێکی حاشا هه‌ڵنه‌گری جیهان له خۆی گرت و حیزبه کوردستانیه‌کانیش به چه‌پ و ڕاسته‌وه توشی ئه‌و سێڵاو و گێژه‌ڵۆکه جیهانیانه بون، به شێوه‌ێک که ئه‌وانیشی به عام توشی قه‌یران کرد. حیزبه‌کانی کوردستان که‌متر ئاماده‌ی هاتنی گێژه‌ڵۆکه و سێڵاو پێکه‌وه بون و هه‌وا ناسی (ئایه‌نده‌نیگه‌ری لێزانانه‌ی سه‌رۆکی حیزبه‌کان) ئه‌وانی ئاگاداری ئه‌م سێڵاو و گێژه‌ڵۆکه نه‌کردبو‌وه و ئه‌وه بو که که‌متر به‌رگه‌یان گرت. توشی هه‌وڵی و ترس و خۆف بون و حه‌ولیاندا که ده‌ستیان به کڵاوه‌که‌یانه‌وه (پاراستنی حیزب) بگرن که گێژه‌ڵۆکه نه‌یبات. به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانزانی که ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن که‌مه، ده‌بێت له به‌رانبه‌ر ئه‌م هێڕشه جیهانیه‌دا نه ته‌نیا به هۆی گێژه‌ڵۆکه کڵاوه‌که‌یان با نه‌یبات، به‌ڵکو ده‌بێت سێڵاویش نه‌یانبات و ده‌ور و به‌ریشیان (شعوری به‌رزی خه‌ڵک) له بیر نه‌که‌ن و ئه‌وه بو که تێکڕا توشی قه‌یران بون. تا هاتن که ئاڵ و گۆڕ بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به ناواقیعی لێکیانداوه توشی ئینشیعاب بون و ورده‌ورده هه‌م دوژمنیان پێ خۆش بو، هه‌م خه‌ڵکیان تا حه‌دێک لێ تۆرا و هه‌م له ناوه‌وه‌ی خۆیاندا توشی دو جۆر کێشه بون. کێشه سه‌ره‌کیه ده‌سته یه‌که‌مه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت له کوردستان که حیزبه‌کان به عام توشی بون، ئه‌مانه بون: بیری ته‌سکی حیزبایه‌تی، ته‌شدیدی شێوه‌ی هیڕارخی بونیان، تێنه‌گه‌یشتن یا خۆ بێ باوه‌ڕبون به ئازادی و دێمۆکڕاسی به تایبه‌ت ناوخۆیی و له به‌رانبه‌ر هاوڕێ هاوسه‌نگه‌ره‌کانیاندا، که‌متر بونه‌وه تا حه‌دی ون بونی ئیحساسی مه‌سئولیه‌ت له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکدا، و شێوه‌ی به‌ڕێوه چونی سێنتڕالیزمی نادێمۆکڕاتیک. کێشه ده‌ستی دوهه‌مه‌کان: خۆ به گه‌وره زانین، نا واقیعی بون و ماتڵ بون له سه‌ر هاتنی هێزێکی سه‌ره‌کی بۆ جوڵاندنی وه‌زعه‌که‌یه. دیاره ئه‌م کێشانه له هه‌مو حیزبه‌کاندا وه‌ک یه‌ک نین و له هێندێکیاندا زۆرتره و له یه‌کیتریانا که‌متره و له هێندێکیانا ئه‌وه‌نده زۆرن که کردویانی به سێکت له کۆمه‌ڵگادا و به ته‌واوی دورخراونه‌وه و به بیر و بڕوا له کوره‌ی مریخ ده‌ژین و له بیریان نه‌ماوه که ئێره کوره‌ی عه‌رزه!
ئه‌م قه‌یرانانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ر وه‌ک میغناتیسه‌که‌ی سێ گۆشه‌ی بێڕمودا، تاکه‌کانی کوردیشی گرتۆته‌وه و مێشکیانی توشی شتی خراپ کردوه، به جۆرێک که هێندێکیان پێیان شه‌رمه بڵێن من کوردم، هێندێکیان به کوردی قسه ناکه‌ن و منداڵه‌کانیان له‌م زمانه به‌ر حه‌زه‌ر و بێبه‌ش ده‌که‌ن، هێندێکیان گاڵته به زمان و فه‌رهه‌نگ و خواردن و کولتوره‌که‌ی خۆیان یا هی کورد ده‌که‌ن و هه‌مو قاره‌مانه‌تیه‌کانی رابردوی کورد له بیریان چۆته‌وه، ته‌نانه‌ت له بیریان چۆته‌وه که چۆن خه‌ڵکی کوردستان به شاری و به دێهاتیه‌وه، گیانی خۆیان و ژن و منداڵیان ده‌خسته مه‌ترسی و ئه‌مانیان حه‌شار ده‌دا که دوژمن نه‌یان دۆزێته‌وه. هه‌مو ئه‌مانه بۆ ئه‌وه‌ی که گۆیا ئه‌وان ئینتێرناسیونالیستن! "ئینترناسیونالیست بون به شه‌رتێک که ده‌ست له چوار چێوه‌ی ئێران نه‌درێت!" هێندێکیشیان هێنده به کوردایه‌تیدا ڕۆ چون که به حه‌دی جنون و شێتی کێشراون و به ئاشکرا بونه‌ته نه‌ژاد په‌ره‌ست و خه‌ڵکی تر و هه‌مو حیزبه‌کانیتریان پێ که‌متره له خۆیان! دیاری حیزبی تریشمان هه‌ن که هیچ نه‌بێت، هاتونه‌ته پێش و ئاماده‌ی گوفتوگۆن، که هیوادارم نمونه‌یان زۆر بێت.
ئه‌وه‌یه که تا کو ئێستا هیچ به‌ره‌ێک، سه‌ره‌ڕای بانگه‌واز بۆ کردنی، سه‌ره‌رای لزومی پێکهاتنی، سه‌ره‌رای حه‌یاتی بونی، سه‌ره‌رای داوای گشتی خه‌ڵک، سه‌ره‌رای خواستی حیزبه‌کان خۆیان و هتد، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر له قالبی پرسیارێکدا ماوه و ئیتر که‌س باسیشی ناکات، ئه‌له‌ی هه‌مو ماتلن که ئه‌مریکا بێت و بۆیان دروست کات!! له گه‌ڵ ڕێزی بێپایانمدا، به‌ڵام وادیاره "تا نباشد چوب تر" لازمه!
باشه پان ئێرانیسته‌کان و پان ئازه‌ربایجانیه‌کان و حیزبه به‌لوچ و عه‌ره‌به‌کان، له خۆمان فه‌رزترن? بۆ به‌ره‌ی گه‌لانی ئێرانی فه‌رزتره له به‌ره‌ی کوردستانی? دیاره به داخه‌وه ئه‌م ماسته‌ش بێ خه‌وش نیه!
له وه‌ها حاڵه‌تێکدا به‌ره چۆن پێک دێت?
چه‌ند ڕێگا هه‌یه بۆ وه‌دیهاتنی به‌ره:
1یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که حیزبه‌کان خۆیان به‌م قه‌ناعه‌ته مێژویه بگه‌ن، خۆیان به ئیراده و مه‌یل، یا به نه‌سیحه‌ت و موشاوه‌ره‌تی که‌سایه‌تیه سیاسی و ئابوریه لێزان و پسپۆڕه‌کان، به‌م ڕاستیه بگه‌ن که ئیتر کاتیان نه‌ماوه و کاته‌کان هه‌تا دێت زیاتر به فیڕۆ ده‌چن و هه‌مو به پیر به‌ره‌وه بچن.
2.به دروست کردنی حیزبی نوێ، حیزبێک به دور له سێکتاریزمی ڕاستگه‌رایی ئه‌بله‌هانه و چه‌پ گه‌رایی منالانه و به دور له بنه‌مای ئایینی ، به شه‌رتێک که تێکۆشه‌رانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، ڕۆشنبیرانی هه‌ردولا، نوسه‌ران، خوێندکاران، لاوان، تاکه‌کان و به عام گشت کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک گڕێیان خواردبێت پێکه‌وه و به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له تێکنۆلۆژی نوێ بۆ په‌ره پێدانی بیری نوێ له ژێر سێبه‌ری وه‌ها حیزبێکدا تێ‌بکۆشن. ئه‌م حیزبه نوێیه، ئه‌گه‌ر خۆی فریا به‌ره‌ش نه‌که‌وێت، به‌ڵام ده‌بیته هۆی پاڵپێوه‌نان بۆ ڕێککه‌وتنی حیزبه‌کان بۆ دروست کردنی به‌ره. من دڵنیام که ده‌شتوانێت هێنده گه‌وره بیته‌وه که وزه‌ی سه‌ره‌کی حکومه‌تێکی دێمۆکڕاتیک و سه‌به‌خۆ و مۆدێڕنی داهاتو له کوردستان پێک بێنێت.
3.فشاری خه‌ڵک بۆ سه‌ر حیزبه‌کان له ده‌ره‌وه و له ناوه‌وه، ئه‌وان وادار ده‌کات که واز له لوت به‌رزی بێنن و پێکه‌وه بۆ داڕشتنی گه‌ڵاله‌ێ به‌ره‌ێکی یه‌کگرتو، به دور له سێکتاریزم، حه‌ول بده‌ن. هیچ نه‌بیت، هه‌مویان ده‌لێن به‌ره، به‌ڵام بۆ پێک نایه‌ن که دانیشتن بکه‌ن. دیاره به فشار هێنان له لایه‌ن هه‌مو توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه ناچار ده‌کرێن، ئه‌گینا هه‌ر سبه‌ی ڕۆژ، ئه‌مریکا پێکیان دێنێت و له واشنگتۆن له ده‌وری خۆی کۆیان ده‌کاته‌وه!
4.ڕێفڕاندۆم، یه‌کێکی دیکه له ڕێگه حه‌له‌کان ده‌بو، ئه‌گه‌ر ئێمه له وڵاتی خۆماندا بوینایه، یا خۆ ئه‌گه‌ر رژیمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان هه‌وێنی زه‌ڕه‌ێک ئازادیان بۆ که‌مینه‌کان دابین کردبایه، که به داخه‌وه نیانه، ده‌توانرا له‌م ڕێگه‌وه فشار بۆ حیزبه‌کان بهێندرێت.
چی بکه‌ین?
ده‌بێت هه‌مومان بۆ وه‌دیهاتنی به‌ره‌ێکی گه‌وره‌ی یه‌کگرتوخواز و پێشکه‌وتوخواز و هه‌روه‌ها بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی تێ‌بکۆشین. قۆلی هیمه‌ت هه‌ڵمالین، خۆمان ته‌یار که‌ین، بخوێنین و بخوێنینه‌وه، له هه‌مو گرنگتر ئه‌وه‌یه که هه‌مو، ئه‌وه‌نده‌ی له تواناماندایه بنوسین و ڕای گشتی خه‌ڵک له مه‌به‌سته‌کانمان ئاگادار که‌ینه‌وه. ڕۆشنگه‌ری زیاتر بکه‌ین و جارێکی‌تر بروا به خۆمان په‌یدا که‌ینه‌وه و له بی هێزی و ته‌نبه‌ڵی و ئه‌فسورده‌گی بینه ده‌ره‌وه و به چاوێکی نویتره‌وه بڕوانینه ده‌ور و به‌رمان و کۆمه‌ڵگاکه‌مان. کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی کوردستانیش زۆر گۆڕاوه، زۆر کراوه‌تره، مۆدێڕنتره، ئازادیخوازتره و تینوی ئازادیه. کۆمه‌ڵگای ئێمه، کۆمه‌ڵگاێکی لاوه، نوێیه، مودیڕنه، سه‌ربه‌خۆ خوازه و سه‌ربه‌ستی ده‌وێت. هیچ نه‌بێت با له‌م نه‌سڵه نوێیه‌وه ده‌ست پێ بکرێت بۆ وه‌دیهاتنی سه‌ربه‌خۆیی. با سه‌ربه‌خۆ و سه‌رئه‌فراز بین و با هه‌مو پێکه‌وه ماڵه‌که‌مان و خانوه‌که‌مان ئاوه‌دان که‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه‌ی په‌یمانی سێڤێر: Know Library