چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر خۆپێشاندان و ناره‌زای خه‌ڵکی به‌رامبه‌ر نه‌بوونی سوته‌مه‌نی، کاره‌باو خزمه‌تگوزارێکان هه‌ندێ له شار‌و شاروچکه‌کانی ناوچه‌ی گه‌رميانی گرته‌وه که ده‌بوايه لێپرسراوانی حکومی و غه‌يره حکومی پێشبينيان بکردايه. جه‌ماوه‌ر هه‌ميشه له‌سه‌ر هه‌قه‌و چاوه‌روانی خزمه‌تگوزاری و دابين‌کردنی پێويستێکانێتی، لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتی سياسی که له‌لايه‌ن خه‌ڵکيه‌وه هه‌ڵبژێردراوون ئه‌رکی سه‌ر شانيانه هه‌موو ئه‌و پێويستيانه‌ی خه‌ڵک دابين بکه‌ن. گله‌يیکردن يان تاوانبارکردنی ئه‌موو ئه‌و له کاتی رووداوه ده‌ڵته‌زێنيکان، به‌تايبه‌ت کاتێ خه‌ڵکی ده‌رژێنه سه‌ر جاده‌کان بۆ ناره‌زای ده‌ربريين به‌رامبه‌ر که‌می خزمه‌تگوزاری و پێويستێکان دووره له تێگه‌يشتن له راستێکان و هه‌وڵدانه بۆ خۆ دزينه‌وه له به‌رپرسيارێتی به‌رامبه‌ر ئه‌و کێشانه.
به‌شێکی گرنگ له کاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سياسی و حکومی دابين‌کردنی هه‌موو پیويستێکانی خه‌ڵکه، به‌تايبه‌ت ئه‌و چينه خه‌ڵکه‌ی که خاوه‌ن ده‌رامه‌دی نزمه‌و ناتوانێت وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند پێويستێکانی رۆژانه‌ی له رێگای توانا ئابورێکانه‌وه دابين بکات. خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند هيچ کاتێک تووشی کیشه‌ی له‌و جۆره‌ی هه‌ژاران نابێت و ده‌توانێت له زۆر رێگاوه ئه‌و پێويستيانه‌ی خۆی دابين بکات، هه‌رچی خه‌ڵکی هه‌ژاره چاوه‌روانی ده‌سه‌ڵاته سياسی و حکومێکه‌يه که ئه‌و کارانه‌ی بۆ ئه‌نجامبدات.
له کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نێکان که ده‌سه‌ڵات له رێگای هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه حوکمرانی وڵات ده‌کات هه‌ميشه به‌رپرسياره به‌رامبه‌ر کێشه‌و پێويستێکانی خه‌ڵک و ده‌بێت پيلانی درێژخايانی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنيان. هه‌ندێ جار کێشه‌ی سروشتی يان سياسی دێته پێشه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات که ناکرێت وا به‌ئاسانی پێشبينی بکری بکرێت يان رێگای لێبگرێت، به‌ڵام ده‌سه‌لات و لێپرسراوانی سياسی هه‌وڵده‌ده‌ن له ماوه‌ێکی کورت چاره‌سه‌ری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته قه‌يرانێکی سياسی گه‌وره‌و نه‌بێته هۆی ناره‌زاێکی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ر دژ به‌رامبه‌ر کاره‌کانی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته سياسێکه.
ئه‌مرۆ کوردستان دووچاری کێشه‌ی سووته‌مه‌نی و نه‌بوونی کاره‌باو ئاو بووه، ئه‌م کێشانه‌ش هه‌نووکه‌ی نيين، به‌ڵکو چه‌ند ساڵێکه هه‌ن و تاکو ئێستا ده‌سه‌ڵاته سياسێکه‌ی کوردستان نه‌يتوانييوه چاره‌سه‌رێکی بنه‌ره‌تی بۆ بدۆزێته‌وه. مانه‌وه‌و خراپتر بوونی ئه‌م کێشانه ناکریت ته‌نها به رووداوه‌کانی ناو عيراق و ناوچه‌که ببه‌سترێته‌وه، به‌ڵکو به‌شێکی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نه‌بوونی پڵانی ستراتيجی و پێشبينی لای ده‌سه‌ڵاته سياسێکه‌ی ئه‌مرۆی کوردستان. به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سياسی و لێپرسراوانی حکومی هه‌ميشه پلان و مامه‌له‌کردنيان له گه‌ڵ رووداو و قه‌يرانه‌کان رۆژانه‌يه‌و تاکو ئێستا ستراتيجيه‌تێکی درێژخايه‌ن يان دووربين به‌رجاو ناکه‌وێت له کاره‌کانيان بۆ رێگا گرتن له‌و جۆره کێشانه‌ی که ئه‌مرۆ له کوردستان هاتوونه‌ته پیش.
پیش ئازادی عيراق هه‌موو کێشه‌کان ده‌خرايه ئه‌ستۆی رژێمی به‌عس، ئه‌مه‌ش زۆر راسته چونکه ده‌بوايه بۆ هه‌ر کارێک يان پرۆژه‌ێک ره‌زامه‌ندی حکومه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگيرايه، به‌ڵام ئه‌وا بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ ده‌چێت ئه‌و رژێمه له‌ناوچووه‌و کوردستانيش له هه‌موو ئه‌و کێشه‌و مه‌ترسيانه‌ی به‌رامبه‌ری رزگاری بووه. له‌م ماوه‌ی سێ ساڵی رابردووه ده‌کرا زۆر له‌و پێويستيانه‌ی خه‌ڵکی چاره‌سه‌ر بکرايه، ده‌بوايه ده‌سه‌ڵاته سياسێکه‌ی به‌غدا، که کورد به‌شێکی گرنگێتی ناچار بکرايه که ئه‌و پێويستيانه‌ی کوردستان دابين بکات و رێگاش به‌و لايه‌ن و که‌سانه نه‌داريه که رۆژانه کیشه‌و پلان دژ به خه‌ڵکی کورد داده‌رێژن. هه‌ندێ لايه‌نی عه‌ره‌بی و غه‌يره عه‌ره‌بی هه‌ن که رۆژانه ئاسته‌نگ ده‌خه‌نه رێ هه‌موو ئه‌و رێکه‌وتنامانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و کورد مۆريانکردوه به ئاشکراش هه‌ڵوێست و کاره‌کانيان ده‌رده‌برن دژ به کورد.
راسته هه‌ندێ له وزاره‌ته‌کان وه‌ک وزاره‌تی ئاو وکاره‌با يان نه‌وت ناوه‌نديه‌و هه‌موو کار‌و برياره‌کان له‌وێوه دکرێت و ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ئێمه‌ی کورد به‌شێکی گرنگی ئه‌و حکومه‌ته ناوه‌نديه‌ين. کورد نوێنه‌رو لێپرسراوی زۆری له‌و وزاره‌ت و دامووده‌زگانه‌ی به‌غدا هيه‌و، جێبه‌جی کردن يان چاره‌سه‌رکردنی هه‌ر کیشه‌ێکی خزمه‌تگوزاری که په‌يوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی به‌غداوه هه‌بێت ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی لێپرسراوان و نوێنه‌رانی کورد له ناوه‌ند. ده‌بوايه هه‌ماهه‌نگی و په‌يوه‌ندێکی رۆژانه له نیوان ئه‌و لێپرسراو نوێنه‌رانه‌ی کورد له لاێک وه ئه‌و کێشانه‌ی رۆژانه بۆ خه‌ڵکی له کوردستان دێنه پێشه‌وه هه‌بوايه. ده‌بوايه ئه‌و لێپرسراوه کوردانه‌ی به‌غدا فشارێکی زۆريان بخستايه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداو ناچاريان بکه‌ن که هه‌موو ئه‌و پێويستيانه‌ی کوردستان که په‌يوه‌ندی به‌وانه‌وه هه‌يه دابين بکه‌ن، ئه‌گه‌ر بيانووی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا سه‌رقاڵيان بێت به ره‌وشه ئه‌منيه خراپه‌که‌ی ناوه‌راست که رێگايان نادات ئه‌و پێويستيانه‌ی کوردستان دابين بکه‌ن ئه‌وا ده‌کرێت له رێگای ئه‌و بوودجه دياریکراوه بۆ هه‌رێم داوای جياکردنه‌وه‌ی به‌شه‌که‌ی کوردستان بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆی هه‌ڵسیت به دابين‌کردنی پێويستێکانی خه‌ڵکی.
ئه‌مرۆ ره‌وشی ئه‌منی ناو عيراق، به‌تايبه‌ت به‌غدا رۆژ به‌رۆژ روو له خراپتر ده‌کات، له‌وانه‌شه له دوارۆژ زۆر خراپتڕيش بێت. به‌رپابوونی شه‌رێکی ناوخۆ له نێوان سوونه‌و شيعه نزيکترده‌بێته‌وه، بۆيه ده‌بێت لێپرسراوانی کورد هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه بخه‌نه به‌رجاو بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی سووته‌مه‌نی و کاره‌با له کاتی روودانی هه‌ر جۆره شه‌رێکی ناوخۆ بۆ ئه‌وه‌ی رێگا له هه‌موو ئه‌م کێشانه‌ی ئێستا بگيرێت.
به‌ستنه‌وه‌ی تۆره‌کانی کاره‌با يان به‌ستنه‌وه‌ی پێويستێکانی سووته‌مه‌نی کوردستان به به‌غداوه ده‌توانێت له دوارۆژ کێشه‌ی زۆر گه‌وره بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان بێنێته پێشه‌وه، دووريش نيه له دوارۆژ بکرێته به‌شێک له فشاره‌کانی لايه‌نی عه‌ره‌بی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و ناچارکردنی ده‌سه‌لاتی کوردی بۆ دسه‌تبه‌ردان له چاره‌سه‌رکردنی زۆر له‌و کێشانه‌ی وه‌ک مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک که تاکو ئێستا چاره‌سه‌رنکراوه. هه‌ندێ له وڵاتانی ناوچه‌که هه‌ن پيلان و به‌رنامه داده‌رێژن بۆ رێگاگرتن له رۆڵ و ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی کورد بۆيه هه‌موو قه‌يرانێکی له‌و جۆره‌ی ئه‌مرۆ ده‌قۆزنه‌وه بۆ ئاڵۆزترکردنی ره‌وشه‌که،
کێشه‌ی سووته‌مه‌نی يان کاره‌با له کوردستان ده‌که‌نه به‌شێکی ئه‌و به‌رنامه‌و پيلانه‌يان بۆ دوورخسنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له ده‌سه‌ڵاتی کوردی و تێکدانی ره‌وشی سياسی و ئه‌منی له کوردستان. هه‌ندێ له وڵاتانی ده‌وروپشت ئاره‌زووی هاتنه پێشه‌وه‌ی کێشه‌ێکی له‌و جۆره‌ی ئێستای کوردستانن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له رێگای خه‌ڵکانی خۆيان ره‌وشه‌که ئاڵۆزتر بکه‌ن و کارێک بکه‌ن که متمانه‌ی نیوان خه‌ڵکی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌ره‌و خارپه به‌رن بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی بتوانن هه‌موو ئه‌و به‌رنامه‌و پيلانانه‌ی خۆيان دژ به کورد ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌وه‌ی که پیويسته له‌سه‌ر ده‌سه‌لاتی سياسی و حکومه‌تی کوردستان ئه‌نجامی بده‌ن کارکردنه بۆ ناجارکردنی به‌غدا که ئه‌و رێژه پاره‌ی بۆ جاره‌سه‌رکردنی کیشه‌ی سووته‌مه‌نی و کاره‌بای کوردستان ته‌رخانکراوه راستیه‌وخۆ بدرێته حکومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی به زووترين کات ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکرێت. ده‌بێت ميدياکانی کوردی له گه‌ڵ لێپسراوانی ته‌کنيکی و سياسی کوردستان هه‌موو ئه‌و راستيانه ئاشکرا بکه‌ن که بووته هۆی به‌رپابوونی ئه‌و قه‌يرانه‌ی ئێستا.
له هه‌مووی گرنگتر که ده‌بێت ده‌سه‌لاتی کوردی بيری لێبکاته‌وه مافی ته‌واوی خه‌ڵکيه که ناره‌زايی و گازنده‌ی خۆی به شێوه‌ێکی شارستانی و ئاشتيانه ده‌ربرێت به‌رمابه‌ر هه‌موو ئه‌و که‌مووکۆريانه‌ی پێويستێکانی ژيان و ئه‌و خزمه‌تگوازريانه‌ی که ده‌بێت بۆ خه‌ڵکی ئه‌نجام بدرێت. ده‌ربرينی ناره‌زايی له رێگای خۆپێشاندانه‌وه زۆر له کێشه‌کانی ناو وڵات ئاشکرا ده‌کات و په‌رده‌ش له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و که‌سانه لاده‌دات که پۆسته‌کانی سياسی و حکومی خۆيان به‌کارده‌هێنن بۆ به‌رژه‌وه‌نديه ته‌سکه‌کانيان. نه‌بوونی ناره‌زايی و گازه‌نده‌ی خه‌ڵک به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵی و کێشه‌کانه بۆيه ده‌بێت به چاوێکی شارستانی و زانستيانه بروانيينه ئه‌و جۆره خۆپێشاندان و ناره‌زايانه. خۆپێشاندان و ناره‌زايی به‌رامبه‌ر که‌مووکۆرێکان ده‌بێت دووربیت له هه‌موو جۆره تووندوتيژێک له‌لايه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه، پێچه‌وانه‌شی ته‌نها گومانه‌کان زياتر ده‌کات بۆ ده‌ستيوه‌ردان و پيلان دارشتنی دوژمنان له تیئکدان و شێواندنی ئه‌و جۆره ناره‌زايانه.
[email protected]