ئه‌مڕۆکه پێویسته که گه‌لی کوردستان ئه‌م نه‌خشه‌ی خواره‌وه بایکۆت کات!
ئه‌یوب ره‌حمانی
ئالێره‌دا جیی خۆیه‌تی که خه‌ڵک بپرسن که ئایا سه‌رکرده‌کانی کوردستان له به‌ینی سێڤێر و لۆزاندا که سێ ساڵ به‌ینیان بو خه‌ریکی چی بون و بۆ حکومه‌تێکیان ڕانه‌گه‌یاند? خۆ کورده‌کان ده‌بو به دوا سێڤێڕ ئیتر ڕانه‌وه‌ستانایه
ئه‌مڕۆکه پێویسته که گه‌لی کوردستان ئه‌م نه‌خشه‌ی خواره‌وه بایکۆت کات!
له میژوی مرۆڤایه‌تیدا زۆرن ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که به ناوی جێنۆسایدی نه‌ته‌وه‌کانه‌وه ناسراون و دیاره زۆربه‌ی ئه‌و کاره‌ساتانه له سه‌ریان نوسراوه، هه‌ر وه‌ک کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی ئه‌رمه‌ن به ده‌ست تورکه که‌مالیسته‌کان، کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی جوله‌که‌کان به ده‌ست ڕژیمی نازی ئاڵمان، به‌شێکی که‌م له کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی کوردان به ده‌ست هه‌مو داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه و کوشتاره‌کانی ئه‌فریقا و زۆری تریش که ئه‌گه‌ر بێت و مرۆڤایه‌تی باس له تێکڕای ئه‌م به‌سه‌رهاتانه و ئه‌وانه‌ی میژوی کۆنتریش بکات، ئه‌وا پێویسته که ده‌یان و سه‌دان کتێبی هێشتا نه‌نوسراو له چاپ بدرێنه‌وه و بڵاو بکرێنه‌وه.
ئه‌م پێش ده‌رهاته‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆیه باس لێ کرد، بۆ ئه‌وه‌ی که بزانین که کاره‌ساته جێنۆسایدی و ڕه‌گه‌ز کوژیه‌کانی مرۆڤایه‌تی له لایه‌ن تاقه ڕژیمه تۆتالیتێره‌کان، ئه‌گه‌ر چی ناته‌واو، به‌ڵام که‌م و زۆر ناسراون و له سه‌ریان نوسراوه و هێشتاش ده‌کرێت زۆریان له سه‌ر بنوسرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که که‌مترین باسی له سه‌ر کراوه و له سه‌ری به ده‌گمه‌ن نوسراوه، باسی کوشتن و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ێکه له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان و ته‌نیا به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی هێندێک زلهێزی جیهانی و نۆکه‌ره ناوچه‌ییه‌کانیان، به‌س ته‌نیا به دانی بڕیارێک، به بێ ئه‌وه‌ی دڵسۆزیکی ئه‌و نه‌ته‌وه له کاتی ئیمزا کردنی بریاره‌که‌دا له‌وی بوبێت، بێن و نه‌ته‌وه‌ێک بکوژن، ناوی بسڕنه‌وه، ئه‌م شار له‌و شار بکه‌ن، ئه‌م گوند له‌و گوند بکه‌ن و ئه‌م بنه‌ماڵه له‌و بنه‌ماڵه بکه‌ن و ئه‌ویش به شێوه‌ێکی ڕه‌سمی و هه‌مه لایه‌نه و زۆر نامه‌سئولانه!
له نوسراوه‌ێکی ماوه‌ێک له‌مه پێشمدا باسم له بڕیارنامه‌ێک به ناوی Sykes-Picot کردبو که له ڕێکه‌وتی 16.05.1916 به نهێنی له به‌ینی بریتانیا و فه‌ڕانسا ئیمزا کرابو. ئه‌و دو وڵاته ئیستیعمارگه‌ره بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرموسته‌عمه‌ره‌کانی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی که تازه به تازه، بۆنی نه‌وتیان کردبو ده‌هاتن له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که کوردستانیش ڕێک له‌وێ هه‌ڵکه‌وتوه شه‌ڕ و هه‌ڵایان ساز ده‌کرد، یه‌کیان له‌ویتر به‌رده‌دا، له ئاکامدا شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیان هه‌ڵگیرساند و دوای ماوه‌ێک شکستیان به عوسمانیه‌کان له تورکیا هێنا و عوسمانیه‌کانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و تورکیاشیان له ئیمپێڕاتورێکی ئیسلامی زۆر به‌هێز کرده تورکیه‌ێکی بچوک. ئه‌وه بو که له تورکیا که‌سێک هه‌بو که هه‌ستی ناسیونالیستی گه‌له‌که‌ی بجوڵێنێت و توانی به سێ ساڵ درێژه‌دان به شه‌ڕ به‌شێکیتر له ناوچه‌که به زۆر به خاکی وڵاته‌که‌ی زیاد بکات که له‌وانه به‌شێک له خاکی کوردیشی، دیاره به هه‌زاران فرت و فێڵ و که‌ڵه‌ک، به خاکی خۆی زیاد کرد. کورده‌کان هه‌ر وه‌ک زۆر جار باسی کراوه، به پێی په‌یمانی کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌م واته سێڤێر، ده‌بو وڵاتێکی یه‌کگرتوی یه‌کپارچه‌ی کوردستانیان دابمه‌زراندایه، به‌ڵام ئه‌وه بو دوای سێ ساڵ ئه‌و په‌یمانه له لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه و بڕیارێکی نوێ له لۆزان هاته گۆڕێ که هه‌مومان ئاکامه‌که‌ی که دابه‌ش کرانی خاکی هه‌زاران ساڵه‌ی کورده‌کان بو به سه‌ر چه‌ند وڵات‌دا، ده‌زانین.
ئالێره‌دا جیی خۆیه‌تی که خه‌ڵک بپرسن که ئایا سه‌رکرده‌کانی کوردستان له به‌ینی سێڤێر و لۆزاندا که سێ ساڵ به‌ینیان بو خه‌ریکی چی بون و بۆ حکومه‌تێکیان ڕانه‌گه‌یاند? خۆ کورده‌کان ده‌بو به دوا سێڤێڕ ئیتر ڕانه‌وه‌ستانایه و ماتڵیان نه‌کردبایه و ده‌وڵه‌تیی کوردیان دابمه‌زراندایه. ئه‌م نه‌کردکاریانه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر ده‌خات که کورد ئه‌وه‌ی زۆر بۆی گرینگ نه‌بوه له‌و کاته‌دا، یه‌کپارچه‌یی خاکه‌که‌ی بوه! بۆ ئه‌وه‌ی که کورد هه‌ر به دوای شۆڕشی بچوک بچوکه‌وه و خێڵ و خێڵ بازی و حیزب حیزبێنێ بوه! واته من پێم وایه که ئه‌و شۆڕشه بچکۆلا‌نه که هه‌بون و له به‌رانبه‌ر بریتانیا به‌و زلهێزیه‌ی و تورک و فارس و عه‌ڕه‌ب ڕاده‌وه‌ستان و ماوه‌ێک شۆڕ‌شیان ده‌کرد و ئه‌وجار به‌رگه‌یان نه‌ده‌گرت و هه‌ڵده‌وه‌شانه‌وه، له گه‌ڵ ڕێزم بۆیان، ته‌نیا خه‌میان ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی خۆیان بوه و نه‌ک هه‌مو کوردستان! ئه‌و شۆڕشه بچکۆلا‌نه، ئه‌گه‌ر چی به ناوی شۆڕشی کورده‌کانه‌وه ناویان هه‌یه، به‌ڵام هه‌مو بۆ پاراستنی گوندێک، میرێک، خانێک، مزگه‌وتێک، حیزب و ڕێکخراوێک یا خۆ شارێک بون و به‌س. ئه‌مه ده‌ری ده‌خات که کورد هه‌ر زۆر له مێژه که هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و یه‌کگرتویی و یه‌کپارچه‌یی تێدا نه‌بوه. ئه‌وه‌ی هه‌بوه و هه‌یه، پاراستنی شتێکی بچکۆله یا خۆ به‌رژه‌وه‌ندیێکی کورت ماوه یا خۆ ده‌سه‌ڵاتێکی ناوچه‌یی بوه. ئه‌م دیارده هه‌ر ئێستاکه‌ش له به‌ر چاوه و ئاڵ و گۆڕێکی ئه‌وتۆی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه و حیزب حیزبێنێ هه‌ر به‌رده‌وامه و بگره توندتریشه له جاران! دیاره ئێمه ده‌بێت کۆماری کوردستان له‌م قاعیده جیا بکه‌ینه‌وه و نابێت ڕۆڵی به‌ڕێز قازی محه‌مه‌د، که حکومه‌تی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتی دامه‌زراند و ئاڵای کوردستانی به‌رزکرده‌وه و سرودی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ کورد دانا له به‌ر چاو نه‌گرین. ئه‌م حکومه‌ته خشپیلانه‌ی به‌ڕێز قازی محه‌مه‌د، ئه‌گه‌ر چی به‌س ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی له خۆ ده‌گرت، به‌ڵام زۆر که‌سایه‌تی کوردی له هه‌مو کوردستان تێدا جێگا کرابونه‌وه که له‌وانه ده‌کرێت ڕۆڵی گرنگی به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فا بارزانی که به دوای سه‌رکوتی کۆمار، خۆی شۆڕشێکی له باشور (دیاره ئه‌ویش ناوچه‌یی و چکۆله) دامه‌زراند له به‌ر چاو بگیرێت. به داخه‌وه ئه‌و حکومه‌ته (کۆماری کوردستان) که له‌و کاته‌دا بنه‌ماێکی دێمۆکڕاسی به عه‌قڵیه‌تی ئه‌و کاتی تێدا به‌دی کرابو، زۆر درێژه‌ی نه‌خایاند و دوای یازده مانگێک سه‌رکوت کرا و سه‌رکرده‌کانی له به‌ر چاوی نه‌ته‌وه‌که‌یدا له کاتێکدا که خۆیان ته‌سلیم کردبوه‌وه و دیل بون، له سێداره دران و دوژمنانی گه‌لی کورد له‌وانه ڕه‌زا خانی په‌هله‌وی به‌و کاره‌یان به‌ڵێنی درێژه‌دان به دوژمنایه‌تیان له گه‌ل گه‌لی کوردستان و درێژه‌دان به داگیرکاریه‌کانیان و سه‌رکوته خوێناویه‌کانیان دوپات کرده‌وه. بۆیه کورد قه‌ت دڵێکی خۆشی له عه‌جه‌م نه‌بوه! دیاره مه‌به‌ستم حیزبه‌کان نیه، بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به بی "ئوپوزیسیونی ئێرانی" و "به‌رژه‌وه‌ندی موشته‌ره‌ک" نایانکرێت!
هه‌ر لێره‌شدا پیویسته که ئاماژه‌ێکیش به‌مه بکه‌م که دیاره حیزبه‌کان به هۆی تێکنۆلۆژیای که‌می ئه‌و کات و ساتانه، و هه‌روه‌ها دست‌درێژی بێگانه‌کان له ناو کار و باریاندا، ئه‌گه‌ریش بیانویستایه، نه‌یانده‌توانی شۆڕش بۆ هه‌مو کوردستان بکه‌ن، یا خۆ کێشه‌ی زۆر گه‌وره‌یان ده‌بو! به‌ڵام ده‌کرێت هه‌ر لێڕه‌شدا بپرسین، که ئه‌ی چۆن بو که مسته‌فا که‌ماڵی تورک هه‌ر له‌و کاتانه‌دا که شێخ مه‌حمودی به‌رزه‌نجی له سلێمانی شۆڕشی له دژی ئینگلیسیه‌کان ده‌کرد، ئه‌و کابرا تورکه فاشیسته توانی شۆڕشی گه‌له‌که‌ی خۆی سه‌رانسه‌ری کاته‌وه و له دوا ئه‌و شکه‌سته گه‌وره‌ش که له شه‌ڕی یه‌که‌م خواردبویان، ئه‌و توانی گه‌له‌که‌ی خۆی و بگره کوردیش له گه‌ڵ خۆی یه‌کگرتو کات? ئێستا له‌مه ده‌گوزه‌رێین و با بمێنێته‌وه بۆ مێژو، به‌لام ئه‌وه‌ی که جێگای ئاماژه‌یه، ئه‌مه‌یه که کورده‌کان ده‌یانتوانی له سیاسه‌تی ڕاگه‌یندراوی خۆیاندا، بۆ هه‌مو کوردستان قسه‌یان بکردایه و بیری نه‌ته‌وایه‌تی و یه‌کڕیزی و یه‌کپارچه‌یی کوردستانیان په‌ره پێ بدایه و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانیان ڕه‌چاو بکردایه و ئه‌گه‌ر به قسه‌ش بوبێت و نه‌ک به کرده‌وه، به‌ڵام وازیان له به‌رژه‌وه‌ندی کورت و چکۆله‌ی به‌رته‌سکی حیزبی بێنایه و له بڵاوکراوه‌کانیان باسی هه‌مو کوردستانیان بکردایه و دژی هه‌مو داگیر که‌ران ڕاوه‌ستابایه‌ن و نه‌ک ئه‌وه‌ی که له ترسی داگیر که‌ری فارس په‌نایان بۆ داگیر که‌ری تورک و عه‌ڕب بێنایه و به پێچه‌وانه له ترسی داگیرکه‌ری عه‌ڕه‌ب، په‌نایان بۆ داگیر که‌ری فارس و توک و هه‌روه‌تر بهێنایه! ئیشکالی شۆڕشی ڕزگاریبه‌خشی کورده‌کان ڕێک ئا لێره‌دا بو، واته دو خاڵی گرینگ و ڕه‌ش له مێژوی شۆڕشی کورده‌کاندا ئه‌مانه‌ن، که یه‌که‌م ناوچه‌یی و خێڵ و خێڵ بازییان ده‌کرد و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه و دوهه‌م ئه‌وه‌ی که کورده‌کان له چوار پارچه‌ی کوردستان به جێگای متمانه به یه‌کتر، یه‌کگرتن له گه‌ڵ یه‌کتر و هاوپه‌یمانی له گه‌ڵ یه‌کتر و پشتیوانی له یه‌کتر، ئه‌میان ڕایده‌کرده عێڕاق و ئه‌ویشیان ڕایده‌کرده ئێڕان و ئه‌یتریشیان ڕایده‌کرده سوریه و هه‌تا ئاخر!! واته له ترسی گورگ په‌نایان بۆ تیمساح ده‌هێنا و تیمساحیش فرمێسکی بۆ کێشه‌کانیان ده‌ڕشت!!
بڕیار بو ئه‌م بابه‌ته باس له بایکۆتی ئه‌و نه‌خشه‌یه بکات که ئێران و عێڕاق و سوریه و تورکیه و ئه‌رمه‌نستان و ئه‌وانه‌ی تیایه که به باڵاێکی به‌رز ڕاوه‌ستاون، به‌ڵام کوردستان که له به‌ینی هه‌ر پێنجیاندایه ناوی نیه و ناوی سڕاوه‌ته‌وه و ئێمه‌ی کوردیش قه‌ناعه‌تمان به‌و نه‌خشه‌یه هێناوه و زو زوش له سه‌ر ماڵپه‌ڕ و تلویزیونه‌کانمان دای ده‌نێین به بی ئه‌وه‌ی که ئه‌م پرسیاره له خۆمان بکه‌ین که به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کوردیش خۆمان ڕه‌سمیه‌ت بده‌ین به‌و نه‌خشه درۆینه‌یه، ئیتر بۆ داگیر که‌ره‌کانمان زه‌حمه‌تی دژایه‌تی ئێمه به‌ن به خۆیان? خۆ ئێمه به به‌ره‌سمیه‌ت ناسینی ئه‌و نه‌خشه درۆینه خۆمان دژی خۆمانین و کاری داگیرکه‌رانیشمان ئاسانتر کردۆته‌وه!
کورده‌کان به قه‌بوڵ کردنی ئه‌و نه‌خشه، به شێوه‌ێکی خۆویست نه‌زمی جیهانی دوای شه‌ڕی یه‌که‌م په‌سه‌ند ده‌که‌ن. ئه‌و نه‌زمه‌ی که به پێی بڕیاری نهێنی Sykes-Picot له به‌ینی بریتانیا و فه‌ڕانسا له ساڵی 1916 ئیمزا کرا و دواتر په‌یمانه شومه‌که‌ی لۆزانی لێ په‌یدا بو که له ساڵی 1923 وڵاتی کوردانی دابه‌ش کرد به سه‌ر پێنج وڵات‌دا و ناوی کوردستانی تا به ئه‌مڕۆش له سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافی و ئه‌تڵه‌سی جیهان سریوه‌ته‌وه و کورده‌کانیش نازانستیانه ئه‌و نه‌خشه له سه‌ر ماڵپه‌ڕ و تلویزیونه‌کانیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ڕه‌سمیه‌تی پێ ده‌ده‌ن!
کورد به هه‌مو چین و توێژه‌کانیه‌وه پێویسته که هه‌ر نه‌خشه‌ێک که وڵاتێک به ناوی کوردستانی تێدا نه‌بێت، بایکۆتی بکات و زه‌ربێکی سوری به سه‌ردا بکێشێت و نه‌خشه‌ێک دابنێت که وڵاتێک به ناوی کوردستانی تێدا بێت. ئه‌م کاره پێویسته که نه ته‌نیا حیزبه کوردیه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ناسیونالیسته‌کان به رێوه‌ی به‌رن، به‌ڵکو چه‌په ئیتێرناسیوناله کورده‌کان و هه‌مو چه‌په‌کانی جیهانیش پێویسته که به ڕێوه‌ی به‌رن، بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی وته‌کانی مارکس و ئێنگێڵس، نازانستیانه نه‌زمی نوێی جیهانی سه‌رمایه‌داری و ئیمپێڕیالیستی دوایی شه‌ڕی یه‌که‌میان په‌سه‌ند کردوه و ئه‌وانیش باسێک له کوردستان ناکه‌ن، که ئه‌مه خۆی دژی مارکسیستیه و ناو نه‌هینان له نه‌ته‌وه‌ێکی زیندوی 42 میلیونی به به‌هانه‌ی مه‌رز نه‌ناسین، ژێر پێ نانی مافه سه‌ره‌تایه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه گه‌وره بێ کیانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ر عه‌رزه و هیچ یارمه‌تیێک به ئایدۆلۆژی ئه‌وان ناکات، به‌ڵکو زه‌ربه‌ی لێده‌دات. هه‌ر وه‌ک چۆن که ئه‌گه‌ر باس له فه‌ڵه‌ستین و کۆسۆڤۆ و بولیڤی و بۆسنی و هێرزۆگۆڤین و هیتر نه‌که‌ن، زه‌ربه ده‌خۆن، ئه‌میشیان عه‌ینی شته و هیچ یه‌ک و دوی ناوێت، کورد نه‌ته‌وه‌ێکه که پیویستی به مافی خۆ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه و چاره‌ی خۆ نوسین هه‌یه و کورد یه‌ک وڵاته و یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و یه‌ک خه‌باتیشی هه‌یه و ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه. نه خودموختاری، نه فیدڕالیزم، نه یه‌کگرتن له گه‌ڵ نه‌ته‌وه غه‌یری کورده‌کان له ئێران و له عێڕاق، و نه هیچ شۆڕشێکی په‌راکه‌نده چاری کورد حه‌ل ناکات، به‌ڵکو ته‌نیا خه‌باتی یه‌کگرتو بۆ سه‌ربه‌خۆیی چاری کێشه‌کانی کورده. یه‌کنه‌گرتن له گه‌ڵ نه‌ته‌وه غه‌یری کورده‌کان به‌و مانایه ناڵێم که دوژمنیان بین، به‌ڵکو به‌و مانایه که ئه‌وانیش کێشه‌کانی خۆیان ده‌بێت له چوار چێوه‌ی خۆیاندا حه‌ل بکه‌ن و کورد دۆستیانن و نه‌ک دوژمنیان و نه‌ک هاوخه‌باتیان بۆ ئێران یا عێڕاقی فیدڕاڵ، به‌ڵکو کورد خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت بکات و ته‌واو.
وه‌ک له سه‌ره‌تاوه باسم لێ کرد، کۆمه‌ڵکوژیه‌کان ناسراون و ناویان لێ نراون وه‌ک هالۆکاست، جێنۆساید، ئه‌نفال و هیتر، به‌ڵام سڕینه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی کوردستان له سه‌ر ئه‌تڵه‌سی جیهان هیچ ناوێکی تا ئێستا لێ نه‌نراوه، سڕینه‌وه‌ی وڵاتێک به ناوی کوردستان هه‌ر ئه‌وه‌نده و بگره زیاتریش تاوانه که ئه‌حمه‌دینیژاد سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران داوای سڕینه‌وه‌ی ئیسڕائیل له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان ده‌کات و هه‌مو دنیاش و له‌وانه کوردیش له دژی ڕاوه‌ستاون. به‌ڵام بۆ که‌س له سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ناوی کوردستان له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان تا ئێستا وه‌جواب نه‌هاتوه، به‌ڵام هه‌مو ته‌نانه‌ت کورده‌کانیش بۆ ئیسڕائیل سنگی خۆیان ده‌دڕن? بۆ ئه‌وه‌ی که کورد خۆی قه‌ت به شوێن ئه‌مه‌وه نه‌بوه و دایمه کێشه‌ی تری هه‌بوه. کورد خۆی وڵاتی نیه، به‌ڵام باسی فه‌ڵه‌ستین و هوتو و توتزیه‌کانی ئه‌فریقا و بۆسنی و هێرزۆگۆڤین و هه‌زار شتی تر ده‌کات! که‌س ناڵێت ئه‌وانه پێویست نین، به‌ڵام ئه‌ی خۆمان بۆ له بیر چۆته‌وه که ئه‌وه ده‌چێت بۆ 85 ساڵه که هیچ مافێکمان وه‌ک مرۆڤی کورد له ناو خاکی خۆماندا نیه و ناوی وڵاته‌که‌سمان سڕاوه‌ته‌وه? بۆیه پیویسته که ئه‌م کرده‌وه قه‌بێح بکڕێت و ناوێکی لێ بنرێت و گه‌وره بکڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که له دواڕۆژدا بۆ مێژو بمێنێته‌وه.
من نه مافناسم و نه زمانزانم و نه پسپۆڕی جوگرافیا، به‌ڵام وه‌ک مرۆڤێکی کورد هست ده‌که‌م به‌م که‌م و کوڕیه و به‌م ماف خوراویه. هه‌ر بۆیه من ئه‌م کێشه ناوده‌نێم "بێ حورمه‌ت" کردنی گه‌لی کورد. ئه‌و کاره که له لۆزان کراوه و نه‌خشه‌ی کوردستان سڕاوه‌ته‌وه سوکایه‌تیه به گه‌لی کوردستان، بۆیه پێویسته که هه‌مو گه‌لی کوردستان به تێکڕای ده‌نگ داوای حه‌یسیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بکه‌نه‌وه له خه‌ڵکی جیهان و ئه‌و کرده‌وه‌ش به ده‌نگێکی دلێر و یه‌کگرتو قه‌بێح و ڕسوا بکه‌ن.
شیوه‌نی من شیوه‌نی ئینسانیه
شینی ئازادی و گڕۆی یه‌کسانیه
شیوه‌نی من شینی کوردی بێ به‌شه
ئه‌و که‌سه‌ی حاشا ده‌که‌ن لێی و هه‌شه!
((نه‌مر مامۆستا هێمن))
15ی سه‌رماوه‌زی 2707
2007-12-06 14:50:32
18 ساڵ و 2 مانگ و 12 کاتژمێر و 39 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان