ده‌زگای سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌مه‌به‌ستی ترساندنی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و هزره نه‌ته‌وه‌ییه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستی له نێۆ شار‌و ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا شاڵاوی ترس و پڕوپاگانده‌ی ژه‌هراوی درێژه پێدا، حه‌تا له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگاکانی وڵاتی نۆرویژیش زۆر پڕوپاگه‌نده و هه‌ڵس و که‌وتی نابه‌جێیان له دژماندا ده‌کرد، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به خۆراگری و ئیمانی پته‌ومان بۆ سه‌رخستنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان درێژه‌مان به تێکۆشان داوه‌و درێژه‌ی پێده‌ده‌ین.
به‌ڕێزان نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران
به‌ڕێزان نوێنه‌رانی پارت و لایه‌نه‌کانی ئوڕوپایی
خۆشه‌ویستان! کوردستانیانی وڵات داگیرکراو،
هاوبیران و لایه‌نگرانی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان،
سه‌ربه‌خۆخوازان و ئازادیخوازانی هێژا،
ئاماده‌بووانی مه‌راسیمی 2 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستی کورستان، رێگه‌م بده‌ن به‌ناوی خۆم و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی سه‌کردایه‌تی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستانه‌وه به‌خێرهاتنان لێبکه‌م وو پێتان بڵێم که به‌شداریتان له مه‌راسیمی ساڵیادی دامه‌زراندنی پارته‌که‌مان جێگه‌ی سوپاس و پێزانینه، به هاتنتان سه‌رفرازو به‌خته‌وه‌رین.
به‌ڕێزان! لاتان شاراوه نیه که له ئاکامی یه‌که‌مین جه‌نگی جیهانیدا و به‌پیلانی زلهێزانی ئه‌و کاته نیشتمانی کورد دابه‌شکرا، به زۆره‌کی به وڵاتانی دیکه‌وه لکێنرا و مافی سه‌ربه‌خۆیی له نه‌ته‌وه‌ی کورد زه‌وت کرا، ئیتر له‌وکاته‌وه تا ئێستا کوردستان به ژێرده‌سته‌یی ماوه‌ته‌وه‌و له‌ژێر سته‌می داگیرکاری‌دا ده‌ناڵێنێ، هه‌ر به‌وهۆیه‌وه بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له 28ی رێبه‌ندانی 2705ی کوردی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان، وه‌ک پارتێکی سه‌ربه‌خۆخواز بوونی خۆی راگه‌یاندو هاته کۆڕی خه‌بات و تێکۆشانه‌وه، ئه‌مه‌ش موژده‌یه‌کی بۆ کوردستانیان ئومێدبه‌خش بوو، هه‌ر بۆیه به گه‌رمییه‌وه پێشوازی لێ‌کرا.
به‌ڕێزان! زێده رۆییمان نه‌کردووه ئه‌گه‌ر بڵێین که پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان له رۆژگارێکی زۆر پێویست و گونجاو‌دا دامه‌زرا، چونکه له‌و کاته‌دا له‌ژێر کاریگه‌ری گۆڕانکاری و رووداوه‌کانی ناوچه‌که‌دا کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری خوازیاری پارتێکی سه‌ربه‌خۆخوازی له‌و شێوه‌یه بوو. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه گۆڕانکاریه‌کانی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین شه‌پۆلیان ده‌دا، نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که‌ش وه‌خۆ که‌وتبوون و خۆیان بۆ داهاتووی پڕشنگدار ئاماده ده‌کرد، هه‌ڵبه‌ت خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه گشتگیره‌دا پێویستی به ره‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆخواز هه‌بوو. هه‌روه‌ها به‌هۆی رووخاندنی رژێمی به‌عسی دیکتاتۆر له عێراق ده‌روازه‌یه‌کی له‌بار بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد کرابۆوه، له نێوه‌نده نێو ده‌وڵه‌تیه‌کاندا دۆزی کوردستان باشتر ناسرابوو، ئێش و ئازاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد خۆیان به سه‌ر شانۆی نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌یاندبوو، له‌رێگه‌ی مێدیاکانه‌وه ئێش و ئازاری نه‌ته‌وه‌که‌مان له ده‌رگه‌ی گه‌لان و وڵاتانی دابوو، ئه‌مه‌ش هیوا ئومێدی سه‌ربه‌خۆیی له دڵی کوردستان گه‌شترکردبۆ‌وه.
به‌ڕێزان! زۆر راشکاوانه ده‌ڵێین که بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له یه‌ک که‌سه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد، پاشان به‌هۆی ئاڵ وگۆڕ و شرۆڤه کردنی له‌گه‌ڵ چه‌ندین کوردی نیشتمانپه‌ره‌وه‌ر وسه‌ربه‌خۆخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، هه‌روه‌ها له ئاکامی راوێژ‌و راگۆڕێنه‌وه له‌گه‌ڵ نیشتمانپه‌روه‌رانی کوردستان و هه‌نده‌راندا، پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان دامه‌زرا.
پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان به‌هیوای خوڵقاندنی ره‌وتێکی نوێخواز له‌نێو جولانه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌مه‌به‌ستی زیاتر ناساندنی جوگرافیای ئه‌و به‌شه‌و دیاریکردانی سنووری نیشتمانه‌که‌مان، له پێناو به‌جیهانیکردنی ره‌وشی په‌نابه‌ران و ناساندنی کاره‌ساته‌کانیان، هه‌روه‌ها له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی ژنان و زۆر کێشه‌ی دیکه دامه‌زراوه، به‌وهۆیه‌شه‌وه پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان، پارتی هه‌موو چین و تۆێژێکی دانیشتووی کوردستانه، خۆی به پارتێکی سه‌نتراڵ و ئاواڵه ده‌بینێ بۆ بنبڕکردنی هه‌موو شێوه جیاوازیه‌کی ئایینی و ڕه‌گه‌زی تێده‌کۆشی، له پێناو پێکهێنانی کوردستانێکی دیمۆکرات و یه‌کسان و سه‌ربه‌خۆیدا خه‌بات ده‌کات.
کوردستانیانی هێژا! ئێستا ئێمه به‌بۆنه‌ی دووه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستانه‌وه لێره کۆبووینه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێک که‌سی ناحه‌زو نا تێگه‌یشتوو له کێشه‌ی کوردستان پێیانوابوو که پارتی سه‌ربه‌ستی توانای ئه‌وه‌ی نابێ چه‌ند مانگێک خۆی رابگرێ و بمێنێته‌وه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌زگای سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌مه‌به‌ستی ترساندنی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و هزره نه‌ته‌وه‌ییه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستی له نێۆ شار‌و ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا شاڵاوی ترس و پڕوپاگانده‌ی ژه‌هراوی درێژه پێدا، حه‌تا له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگاکانی وڵاتی نۆرویژیش زۆر پڕوپاگه‌نده و هه‌ڵس و که‌وتی نابه‌جێیان له دژماندا ده‌کرد، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به خۆراگری و ئیمانی پته‌ومان بۆ سه‌رخستنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان درێژه‌مان به تێکۆشان داوه‌و درێژه‌ی پێده‌ده‌ین.
به‌ڕێزان! ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان ته‌نیا دوو ساڵه، به‌ڵام له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا به پێوه‌ندییه دیپلوماتییه‌کانی توانیویه‌تی تا راده‌یه‌کی باش له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا خۆی بناسێنێ، به ده‌یان دیداری گرنگی له‌گه‌ڵ پارت و په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ت و باڵۆیزخانه‌و کومپانیا و ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتداری دیکه‌ی جیهانی ئه‌نجام داوه. هاوکات له چه‌ندین کۆنفرانسی گرنگی جیهانی وه‌ک کۆنفرانسی یه‌کێتی ئوروپا‌و په‌رله‌مانی که‌نه‌دا و چه‌ندین کۆنفرانسی گرنگی کوردستانی له ئه‌مریکا و وڵاتانی ئوروپایی به‌شداری چالاکانه‌ی هه‌بووه. جێگه‌ی شانازیمانه که له‌و دیدار‌و کۆبوونه‌وانه‌دا توانراوه به‌شێوه‌یکی پێویست ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وکورته مێژووه‌که‌ی به جیهان بناسینین، ئه‌و سته‌م و نابه‌رابه‌رییه بخه‌ینه به‌رچاوی جیهانیان، به تایبه‌تی ئه‌و زوڵم و زۆریانه‌ی که حکومه‌تی ئێستای تاران دژ به کوردستانیان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
هاوڵاتیانی به‌ڕێز.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دژه ئازادییه که پێی ده‌گوترێت کۆماری ئیسلامی ئێران ، 5 ڕۆژ پێش 29 ساڵی ته‌واو به‌سه‌رکارنه‌مه‌ی ته‌مه‌نی پڕ له شه‌رم و دیکتاتۆری قه‌تڵ و عام وێرانکاری خۆی تێپه‌ڕ کرد، له ماوه‌ی ئه‌و 29 ساڵه‌دا نه‌یتوانیوه بۆ یه‌کجاریش چاودێرانی بواری مافی مرۆڤ بگه‌یه‌نێته قه‌ناعه‌تێکیه‌وه، که توانی بێتی بۆ یه‌ک جاریش په‌یڕه‌وی له یاسا‌و مافه‌کانی مرۆڤ بوبێت، بگره هه‌میشه له لیستی ئه‌وه‌ڵی وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ دابووه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه کێشه‌ی ناوه‌کی ئه‌و رژێمه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا مه‌ترسیدار بووه، رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که نه‌هێڵێ ئه‌و رژێمه ده‌ستی به چه‌کی ناوه‌کی رابگات، به‌وهۆیه‌شه‌وه له‌ژێر گوشار راگیراوه، بۆیه کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و رێژیمه به شاردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌کانیان له شۆینه ئه‌منه‌کان دا سه‌رقاڵ و خه‌ریکن، ده‌یانه‌وێ سه‌رمایه‌کانیان بپاریزن و له کاتی هێرش و په‌لاماردا ده‌ستیان به سه‌ردا نه‌گیرێت. هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وه‌ک هه‌ر دیکتاتۆرێکی دیکه شانازی به چه‌کی ناوه‌کی ده‌کات و هه‌ڕه‌شه له وڵاتان ده‌کات، به‌ڵام خه‌یاڵی خاوه، چونکه پێشتر سه‌دام حسین، دیکتاتۆری عێراقیش خۆی تاقیکردبۆوه، هه‌مووشمان چاره‌نووسی ئه‌ومان بینی، بێگومان چاره‌نووسی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له هی سه‌دام باشتر نابێ. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌بێ ئه‌و راستیه ببینین که ئێستا حکومه‌تی مه‌زهه‌بی تاران له‌به‌رده‌م گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تیدا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌گه‌ری هێرش و په‌لاماردانی له‌سه‌ر مێزی و گفتوگۆی وڵاتانی زلهێزی جیهان گه‌وره‌تر بۆته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ست له پیتاندنی یۆرانیۆم هه‌ڵنه‌گرێ و داخوازیه‌کانی نێوه‌ده‌وڵه‌تی په‌سند نه‌کات، داهاتووێکی نادیار چاوه‌ڕوانی ده‌کات.
کوردستانیانی هێژا! هه‌موومان ده‌بینین که داگیرکه‌رانی کوردستان له کاته سه‌خته‌کانیشدا دژایه‌تی کردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌بیر ناکه‌ن، ناکۆکیه‌کانی خۆیان وه‌لا ده‌نێن و له‌سه‌ر لێدان و دوژمنایه‌تی کردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان و به بنده‌ست هێشتنه‌وه‌ی هاوڕامان و هاوهه‌ڵوێست و هاوکاری له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌که‌ن، ده‌ی که‌واته زۆر گرنگ و پێویسته که ئێمه‌ی کوردستانیش هێزو توانای خۆمان یه‌کبخه‌ین و لێبڕاوانه له‌به‌رانبه‌ر پیلانی داگیرکه‌ران رابوه‌ستین و پوچه‌ڵیان بکه‌ینه‌وه. ئێستا وێڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌نکارا هاوپه‌یمانی ئه‌مریکایه‌و تارانیش به ناحه‌ز و رکابه‌ری ئه‌مریکا ناسراوه، که‌چی هه‌ردوولایه‌ن بۆ لێدانی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان هاوپه‌یمانێتی دروست ده‌که‌ن و هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ر سێ رژێمی به‌غداد و تاران و ئه‌نکارا دژ به خواستی گه‌له‌که‌مان رێکده‌که‌ون و پلانی ژه‌هراوی داده‌ڕێژن، به‌ڵام ئێمه له پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستاندا پێمانوایه که ئاکام هاوپه‌یمانێتی ئه‌وان هه‌ره‌س دێنێ و له‌به‌رده‌م خواسته‌کانی گه‌لی کوردستان به چۆک دادێن، چونکه نه‌ته‌وه‌ی کورد تینووی رزگاری و سه‌ربه‌ستیه، له‌پێناو رزگاری خۆی و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانه‌که‌ی ده‌ریاێک خوێنی پێشکه‌ش کردووه، خۆی له‌هاوشانی نه‌ته‌وه سه‌ربه‌خۆکاندا ده‌بینێته‌وه و له‌پێناو پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیدا تێده‌کۆشێ.
به‌ڕێزان! له دووه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان دا جه‌خت له‌سه‌ر پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی ده‌که‌ینه‌وه، ئاماده‌یی خۆمان بۆ کار‌و چالاکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردستان به گشتی و لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی دووپات ده‌که‌ینه‌وه، ئێمه هێزو توانای کوردستانیان له یه‌کێتی ریزه‌کانی پارت و لایه‌نه سیاسیه‌کان دا ده‌بینینه‌وه، پێوه‌ندی پته‌وی نێوان جه‌ماوه‌رو هێزه سیاسیه‌کانیش به سه‌نه‌دی سه‌رکه‌وتن لێکده‌ده‌ینه‌وه‌و شێلگیرانه خه‌باتی بۆ ده‌که‌ین.
شکۆدار بێ 28ی رێبه‌ندان، ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان
سه‌رکه‌وتوو بێ خه‌بات له پێناو سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.