به‌ڵێن به‌و شه‌هیدانه‌و سه‌رجه‌م سه‌ربه‌خۆخوازانی کوردستان به گشتی وڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی ده‌دا، که خه‌باتی پارتیمان تا سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری و دروست کردنی کوردستانێکی سه‌ربه‌ست و دیمۆکرات و یه‌کسانی کۆمه‌ڵگا له به‌شی ڕۆژهه‌ڵات به‌رده‌وام ده‌بێت،
به‌یاننامه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ! له یادی 61مین ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونی یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کورد پێشه‌واو قازی موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی.

کوردستانیانی هێژا،
بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان،
61 ساڵ پێش پێشه‌وای هه‌رگیز نه‌مر قازی موحه‌ممه‌د سه‌رۆکی کۆماری کوردستان، حه‌مه حوسێن خانی سه‌یفی قازی‌و ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی وه‌زیرانی کۆماری کوردستان له مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد له سێداره‌دران، دادگای داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌مان له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا، پێشه‌واو هه‌ڤاڵانیان به تاوانی دروست کردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان وهه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستانیان له سێداره‌دان. مه‌زنی ولێهاتووی پێشه‌وای هه‌رگیز نه‌مری گه‌لی کورد وه‌ک وانه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی له مێژووی کوردا، ئه‌وه‌مان وه‌بیردێنێته‌وه که گه‌لی کورد له مێژساڵه خه‌باته‌که‌ی ته‌رخان کردوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی یه‌کجاری، هه‌رگیز گه‌لی کورد ئاماده نه‌بووه بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی پایته‌ختی داگیرکه‌ران.
به‌هه‌زاران په‌رتووکی جیهانی وکوردستانی له سه‌ر مه‌زنی و لێهاتووی ئه‌و پێشه‌وا که‌م وێنه‌ی کوردستان نوسراوه و له لاپه‌ڕه ی زێرینی مێژوودا تۆمارکراون، کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕێژیمی ده‌سه‌ڵاتداری شاهه‌نشایی ئێرانیش،له نووسینی بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆیاندا به سه‌رسوڕمانه‌وه باسیان له دڵسۆزی و ڕاستگۆیی ئه‌و پێشه‌وایه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵک ونیشتمانه‌که‌ی کردووه.

کوردستانیانی وڵات داگیرکراو!
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له‌م ڕۆژه خه‌مناک ومێژوویهدا: سه‌ری ڕێز و نوازش بۆ به‌رزی و گه‌وره‌یی و نه‌ته‌وه‌یی بوونی پێشه‌وا قازی وسه‌رجه‌م هه‌ڤاڵانی له کۆماری کوردستان نه‌وی ده‌کات، به‌ڵێن به‌و شه‌هیدانه‌و سه‌رجه‌م سه‌ربه‌خۆخوازانی کوردستان به گشتی وڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی ده‌دا، که خه‌باتی پارتیمان تا سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری و دروست کردنی کوردستانێکی سه‌ربه‌ست و دیمۆکرات و یه‌کسانی کۆمه‌ڵگا له به‌شی ڕۆژهه‌ڵات به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د به یه‌که‌مین شه‌هید و سه‌رۆکی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی کوردستان پێناسه ده‌کات،
هاوکات بانگێشه‌ی گشتی کوردستانیان به تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین، که با هه‌موومان یه‌کده‌نگ ڕیزه‌کانی خه‌باتمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی وده‌وڵه‌تی کوردستان ته‌رخان بکه‌ین، با له‌پاش61 ساڵ به سه‌ر شه‌هیدبوونی سه‌رۆک کۆمارمان خه‌باته‌کانمان چیدیکه له به‌هانه‌ی نه‌بوونی کات وهه‌ل ومه‌رج بۆ سه‌ربه‌خۆیی دوورخه‌ینه‌وه، با ڕێگای ڕاستی و خواستی خه‌ڵک بکه‌ین به ئامانجی سه‌ره‌کی خه‌باتمان.
سه‌ربه‌رزی و سهرفرزازی بۆ شه‌هیدانی هه‌رگیز نه‌مر پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێبازی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.
سه‌رکردایه‌تی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، 10 ی خاکه‌لێوه‌ی 270 ی کوردی.
www.psk2006.org