پشتیوانی له پێشنیاره‌که‌ی کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا و پێشنیار بۆ هه‌نگاوێکی به په‌له
عارف باوه‌جانی
ده‌بێت بیرێک له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئایا تاکه‌ی به‌و شێوه‌یه درێژه به خه‌بات و تێکۆشینی دوور له خواستی خه‌ڵک بده‌ین? ئایا کاتی ئه‌و نه‌هاتووه که ئاورێک له رووداوه تاڵه‌کانی مێژووی ڕابوردومان بده‌ینه‌و
پشتیوانی له پێشنیاره‌که‌ی کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا و
پێشنیار بۆ هه‌نگاوێکی به په‌له
نووسینی: عارف باوه‌جانی
له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕه‌کانی 4ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه، نووسینێکی به‌ڕیز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی 'پارتی ئازادی کوردستان' م به‌رچاو که‌وت، له ژێر ناوی دامه‌زراندنی 'ئه‌نجوومه‌نی هه‌ماهه‌نگیی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان'، پێشنیارێک بۆ گفتوگۆ. له‌و نووسینه‌دا کاک حسه‌ین ئاماژه‌ی به هیندێک هۆکارو خاڵی گرنگ کردوه، چه‌ند خاڵێکی پێشنیازکراویشی نووسیوه، من وێرای ده‌ستخۆشیی له‌و هه‌نگاوه، بۆچوونی خۆم و هاوبیرانم له پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، له‌و باره‌وه ده‌رده‌بڕم، هاوکات چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش له که‌سانی دیکه‌ی خه‌مخۆر و دلسۆزی ڕیزه‌کانی یه‌گکرتووی کوردستانیی ده‌که‌م، که به نووسین و ناردنی بۆچوونه‌کانیان درێژه به‌م باسه بده‌ن و، هانده‌ر بن بۆ نێزیکبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له یه‌کدیی.
بۆ هه‌موو لایه‌کمان ڕوون و ئاشکرایه که ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ره‌وڕووی بووه‌ته‌وه، چ له ئاست نێوخۆی وڵات و چ له ئاست دابران و لێکترازانی پارت و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه، بووه‌ته هه‌وێنی خه‌مێکی قوڵی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و زار به زار له گونده‌وه بۆ شار ده‌گوازرێته‌وه، و بێزاری و په‌ژاره‌یان له کرده‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ئاشکرا ده‌رده‌بڕن. وێده‌چێت هیندێک لایه‌نی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به نووسینی ئه‌م ڕاستینه‌یه زیز بن وپێیان ناخۆش بێت و، له‌و باوه‌ڕه‌دان که به شاردنه‌وه‌ی که‌موکورتییه‌کان، ده‌توانن ببن به ده‌مڕاستی سیاسیی گه‌لی بنده‌ستی کورد له رۆژهه‌ڵات. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه، وا ده‌بینین به‌رخۆدان و خه‌باتی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی خه‌ڵک، له سه‌ره‌وه‌ی تێکۆشینی خه‌باتی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی پارت و لایه‌نه سیاسیه‌کانه. که‌وابوو، ده‌بێت بیرێک له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئایا تاکه‌ی به‌و شێوه‌یه درێژه به خه‌بات و تێکۆشینی دوور له خواستی خه‌ڵک بده‌ین? ئایا کاتی ئه‌و نه‌هاتووه که ئاورێک له رووداوه تاڵه‌کانی مێژووی ڕابوردومان بده‌ینه‌وه? ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه به چاوی خۆمان ببینین که له سه‌رده‌می شه‌ڕی براکوژیدا باشوری کوردستان‌مان له چ قه‌یرانێکدا ده‌بینی و، ئێستا که پێکه‌وه ئاشت و هاوکارن چه‌نده گۆڕانکاری و پێشکه‌وتن له ئاست ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی نۆیی ئێراق و ڕوانگه‌ی نێۆنه‌وه‌ته‌وییدا دروستبووه، وێرای ئه‌وه‌ی که زۆر خاڵی گرنگتر ماوه پێی بگه‌ن، به‌ڵام 90% له سه‌رده‌می شه‌ڕی براکوژی زیاتر پێشکه‌وتوون و گۆڕانکارییان دروستکردوه، ئه‌وه‌تا ده‌بینین سه‌رکۆماری گه‌وره‌ترین و زلهیزترین وڵاتی جیهان پێشوازیی له سه‌رۆکی کوردستان ده‌کات.
ئایا کاتی نه‌هاتووه که ئێمه‌ش بیرێ له‌وه بکه‌ینه‌وه که با 15 تا 20 ساڵێک به ناکۆکی وناخۆشی ده‌ست پێنه‌که‌ین، با هه‌ر له ئێستاوه له خه‌می دروستکردنی به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش و پوخته له نێوان لایه‌نه‌سیاسییه‌کان وکه‌سانی پسپۆڕ وشاره‌زابین، بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره گۆڕانکاری ڕێژیمی ئیستای ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌ستێکی پڕ و ئاماده‌وه بگه‌ڕێینه‌وه نێۆ خه‌ڵک و خاکه‌که‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین شاندێکی به توانا‌و یه‌کگرتووی کوردی بکه‌ین به نۆێنه‌ری خه‌ڵکه‌که‌مان، که هه‌م له تاران و هه‌م له ئاست نێۆ نه‌ته‌وه‌ییدا وڵامده‌ری داخوازییه‌کانی گه‌له‌که‌مان بێت.
له‌و نووسینه‌دا کاک حسه‌ین وێرای ئاماژه‌کردن به چه‌ندین خاڵی دروست و پێویست، له شۆێنێکدا باس له‌وه ده‌کات: 'که پێشتر دیدار‌و چاوپێکه‌وتنی زۆر هه‌بووه له سه‌ر دروستکردنی به‌ره‌یه‌ک بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڵام له‌و دیدار و وتووێژانه‌دا، هیچ لایه‌نێک نکۆڵیی له‌پێویستی‌و زه‌رووره‌تی هاوکاریی له‌نێوان حیزبه سیاسییه‌کاندا نه‌کردووه. ئێمه هه‌موومان یه‌ک له‌یه‌ک گه‌رموگوڕتر له‌و باره‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌دوێین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێگری هاوکاریی به‌کرده‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌کانه، ئاکام‌و ئاسه‌واره‌کانی جیابوونه‌وه له‌ریزه‌کانی دوو هێزی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. پرسی « ناو»، سه‌ره‌کیترین له‌مپه‌ری کۆبوونه‌وه‌ی هه‌مووانه له‌ده‌وری یه‌ک مێز'.
من له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه له نووسینه‌که‌ی به‌رێز کاک حسه‌یندا نیم، ده‌ڵێم پێش دابڕان یان له‌تبوونی هیندێک له پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، مه‌سه‌له‌ی پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی زۆر به گه‌رمی له گۆڕدابوو، که به‌رێز دوکتۆر سامان شاڵی وه‌ک سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نیشتمانیی کورد له ئه‌مریکا، له‌و به‌ینه‌دا بوو، په‌یتا په‌یتا دیدار و چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرد، ئه‌و کاتانه‌ش هه‌ر یه‌ک حیزبی دیمۆکرات و یه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان هه‌بوو، به‌ڵام مخابن ئاماده نه‌بوون به ئاکامێکی دڵخۆشکه‌ر بگه‌ن، ئه‌و کات شه‌ڕی ناو نه‌بوو، بگره شه‌ڕی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که چه‌ند % به‌ر کام لایه‌ن بکه‌وێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌ند لایه‌نه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و کاتانه‌وه خه‌مخۆرانه به ده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ی کۆنگره‌ی نیشتمانیی کورد بهاتبایه‌ن، ئێستا به ده‌یان له‌تبوون و لێک‌دابڕانیش ئه‌و به‌ره‌یه‌ی تێکنه‌ده‌دا و ئاکامه‌که‌شی نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌مڕۆ که ده‌یان گرێکۆێره‌ی هاتووه‌ته سه‌ر ڕێ.
ئیستاش گه‌لۆ: هه‌ر کاتی ئه‌وه ماوه که هه‌نگاوێکی به په‌له بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ک هه‌ڵگرین. ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان به‌و په‌ڕی دڵسۆزی و ڕاستگۆیانه و به‌رپرسانه له ئاست خواستی خه‌ڵکه‌که‌مان پشتیوانی له‌و پێێشنیازه‌ی به‌رێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا ده‌که‌ین، که ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ی به‌رێزیان وه‌ک بۆچوونی خۆی بێت، یان وه‌ک بۆچوونی پارتی ئازادی کوردستان بێت، ئێمه ئاماده‌یی خۆمان بۆ ئه‌و هه‌نگاوه له گشت بوارێک‌دا ده‌رده‌بڕین،
هاوکات پێویسته ئاماژه‌ش به‌وه بکه‌ین که له پاش ئه‌وه‌ی ئاکامی دیداره‌کانی 2 ساڵ پێشی کاک دوکتۆر سامان شاڵی سه‌رۆکی KNC له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له باشوری کوردستان که به هۆی ڕێنه‌که‌وتنیانه‌وه سه‌رینه‌گرت، ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی بانگه‌واز وهه‌روه‌ها پێوه‌ندیی به چه‌ندین پارت و رێکخراوه‌وه، ئاماده‌یی خۆمان بۆ درێژه‌دانی ئه‌و باسه له ڕێگه‌ی به‌ستنی کۆنفرانسێک له ژێر ناوی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ لێکنزیکبوونه‌وه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئوروپا ده‌ربڕی.
ئیستاش به‌و په‌ڕی هه‌ستکردن به به‌رپرسایه‌تی له ئاست ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی خۆمان نۆیده‌که‌ینه‌وه که ئه‌گه‌ر لێمان قبووڵ بکه‌ن و به ده‌م بانگه‌وازه‌که‌مانه‌وه بێن، بۆ به ئه‌ستۆگرتن و ئاماده‌کاری سه‌باره‌ت به به‌ستنی کۆنفرانسێکی گشتی له‌مه‌ڕ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ک و ئاوردانه‌وه‌یه‌ک له دواڕۆژه چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له یه‌کێک له وڵاتانی ئوروپایی. ئه‌م بابه‌ته 3 مانگ پێش له‌گه‌ڵ چوار لایه‌نی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا باسکراوه، که به هۆی چاوه‌ڕوانی هیندێک هه‌نگاوی نۆی له باشوری کوردستانه‌وه دواخرا. دیاره جێی خۆیه‌تی ئاماژه به هه‌وڵ و دڵسۆزی چه‌ندین لایه‌نی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بکه‌ین، که هه‌نگاوی دڵسۆزانه‌یان هه‌ڵهێناوه، به‌ڵام مخابن هه‌ر لایه‌نه‌و به هۆکارێکه‌وه هه‌نگاوه‌که‌ی بۆ نه‌چووه‌ته پێشه‌وه.
زۆر به‌داخه‌وه، ده‌بێت ئه‌م وته‌یه دووپات بکه‌ینه‌وه که ڕێکخراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر به ئاسانی له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نی بێگانه ئه‌گه‌ر 2 که‌سیش بن ڕێکده‌که‌ون و ڕێکخراو و ئه‌نجومه‌نی به په‌له‌یان له‌گه‌ڵدا پێکدێنن، به‌ڵام کاتێک دێته سه‌ر خاڵی گرنگ و پێویست بۆ لێکزیکبوونه‌وه و، کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی وڵاتی خۆمان، که‌چی به ده‌یان بڕوبیانووی جۆراوجۆر ده‌بینینه‌وه و، له‌و نێوه‌دا هه‌وڵ و تێکۆشین و ماندووبوونی ده‌یان که‌سی خه‌م خۆر‌و دڵسۆزیش به فیڕۆ ده‌ڕوات. من مه‌به‌ستم له‌م نووسینه‌دا بێریزی یان که‌م نرخکردنی خه‌بات وتێکۆشینی هیچ لایه‌نێکی کوردستانی نییه، ته‌نیا مه‌به‌ستم ئاماژه‌کردنه به که‌موکورتی و هه‌ڵه‌کانه. پێویسته بیرێک له‌و که‌مته‌رخه‌مییانه‌ی پێشوومان بکه‌ینه‌وه‌و، هه‌نگاوی به په‌له هه‌ڵگرین بۆ شادمانکردنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان، با ئه‌وکه‌موکوڕتییانه‌ی که پێشتر هه‌مانبووه نه‌یانهێڵین و قۆڵی به‌رپرسایه‌تی و شه‌فافیه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌ڵکه‌ین و جیاوازی بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی بخه‌ینه لاوه و به هه‌موومانه‌وه پرۆژه‌یه‌کی پێویست بۆ ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بخه‌ینه گه‌ڕ و کاری له سه‌ر بکه‌ین.
با ئه‌و لایه‌نانه‌ی که باوه‌ڕیان به‌م پێویستییه هه‌یه، بێدواخستن بێنه پێشه‌وه و پێکه‌وه ده‌ستبکه‌ن به ئاماده‌کردنی ئه‌م ئه‌رکه پیرۆزه، بانگێشتی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش بکه‌ن، هه‌ر لایه‌نێک له‌و پرۆژه گرنگه‌دا به‌شدارینه‌کات، ئه‌وا بۆخۆی له ئاست مێژوو و خه‌ڵکه‌که‌یدا به‌رپرسیاره، به‌ڵام دواخستنی ئه‌م پێویستییه وامان لێده‌کات که هه‌موومان له ئاست خه‌ڵک و مێژووماندا به‌رپرسیار بین، نابێت چیدیکه له به‌ر ڕازیکردنی دڵی ئه‌م لایه‌ن وئه‌و لایه‌ن، ئه‌م پرۆژه‌یه دوابخرێت و، گه‌له‌که‌مان به ماندوویی وخفه‌تباری وچاوی پڕ له چاوه‌ڕوانییه‌وه بهێڵینه‌وه.
با بیرێک له‌وه بکه‌ینه‌وه که کۆنگره‌ی یه‌کده‌نگی لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دروست بکه‌ین، با یاسایه‌کی کاتی بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانکاریییه‌ک له ئێران بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دروستبکه‌ین، با واز له ڕق و کینه و یه‌کدی به‌کمزانین بهێنین، با بزه‌ی شادی بخه‌ینه سه‌ر لێوی دایک و باوکی شه‌هیدان و که‌سانی خه‌م خوۆر و دڵسۆزی نیشتمانه‌که‌مان.
با له بیری ئه‌وه‌دابین که یه‌کگرتووانه نه‌هێڵین ئه‌و شار‌و ناوچانه‌ی که ته‌ماحی نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی له‌سه‌ره له ده‌ستی بده‌ین، با له ئه‌زموونی کێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان‌مان که‌ڵکوه‌ربگرین، به یه‌کگرتوویی له هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه و دۆکۆمێنت بین بۆ پاراستنی ناوچه‌کانمان.
منیش هیوادارم که له ئاست ئه‌م پێشنیازه دروسته‌ی کاک حسه‌ین بێده‌نگ نه‌بین، خاوه‌ن بۆچوونه‌کان به پێنووسه‌کانیان ئه‌م بابه‌ته بورووژێنن و داوای هه‌نگاوی به‌په‌له‌ی بۆ بکه‌ن، دواکه‌وتنی ساڵ به ساڵ و به‌جێمانمان، هیچ سه‌رکه‌وتنێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌دواوه نییه‌و بگره له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریییه‌کانی ڕۆژدا به جێماندێڵێت. پێویسته هه‌نگاوی خێرا و، رێچاره‌ی بابه‌تانه و زانستانه‌ی بگرینه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان له مه‌ترسیی پاکتاوی ره‌گه‌زی و، تاڵان‌کردنی سامانی نیشتمانه‌که‌ی دوور خه‌ینه‌وه.
ماوه‌ته بڵێم:
هه‌ر شه‌کاوه بێت خه‌باتی یه‌کگرتووانه و دڵسۆزانه بۆ کوردستانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ!
با بۆ هه‌میشه ڕیشه‌کێش بکرێت ناکۆکی و ناته‌بایی نێوخۆ له کوردستانی داگیرکراومان!
15 ی گڵاڕێزانی 2708 ی کوردی. 4.11.2008 زاینی.
2008-11-06 08:41:42
17 ساڵ و 3 مانگ و 20 کاتژمێر و 31 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان