ته‌قمینی مایا چیه و ئایا ڕاسته که ده‌ڵێن کۆتاییه‌که‌ی به مانای له ناوچونی سه‌یاره‌ی عه‌رزه?!
ئه‌یوب ڕه‌حمانی
هێندێک که‌س پییان وایه که ئێمه‌ی مرۆڤ له که‌هکه‌شان به ته‌نیا نین و مرۆڤی دیکه‌ش له ده‌ور و به‌ری زه‌وی واته سه‌دان یا هه‌زاران ساڵی نوری دورتر له ئێمه ده‌ژین، ئه‌گه‌ر چی ئێمه ئه‌وان
ته‌قمینی مایا چیه و ئایا ڕاسته که ده‌ڵێن کۆتاییه‌که‌ی به مانای له ناوچونی سه‌یاره‌ی عه‌رزه?!
به دور له‌وه‌ی که ئایینه‌کانی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی له سه‌ر بون و نه‌بون چی ده‌ڵێن و چۆن ده‌دوێن، ئه‌و باوه‌رانه بۆ هۆگرانی ئایینه‌کان پارێزراون و که‌س بۆی نیه که ئیهانه‌ت به باوه‌ڕه‌کانی ئه‌و مرۆڤه ئایینیانه بکات. به‌ڵام هاوکات بۆ ئه‌و ده‌سته مرۆڤانه‌ی که هۆگری زانیاری زیاتر له‌مه‌ڕ مرۆڤایه‌تین و دایمه به شوێن ئه‌م جۆره پرسیارانه‌دا وێڵن که ئایا "ئێمه کێین? له کوێوه هاتوین? بۆ کوێ ده‌چین? و ئایا پاش مردن چیمان به سه‌ر دێت? و ئایا بوونی خودا ڕاسته یا خۆ ئه‌فسانه‌یه? ئه‌م که‌هکه‌شانی که‌ون و یه‌کونه چۆن خوڵقاوه? ئایا که‌سێک یا خۆ که‌سانێک به ڕێوه‌ی ده‌به‌ن"? و ده‌یان و سه‌دان پڕسیاری گرنگی له‌م جۆره که هێشتا مێشکی مرۆڤ تیایاندا سری سوڕ ماوه و به هیج چه‌شنه قه‌ناعه‌تیکی زانستی نه‌گه‌ییوه، پێویسته که ته‌قمینی مایا (Maya calender) و مه‌هدی ته‌مه‌دونی مایاکانیش بخوینینه‌وه، ڕه‌نگه چراێک له سه‌ر ڕێگای تاریکی ئه‌و پرسیارانه‌دا هه‌ڵکرێت و بۆخۆمان به هێندێک وڵام بگه‌ین و ڕه‌نگه‌یشه به پێچه‌وانه بێت و ئه‌م باسه‌ش هیچ قه‌ناعه‌تێک به که‌س نه‌هێنێت، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی زه‌ره‌ری نابێت و خۆ هه‌ر هیچ نه‌بێت زانیاریێکمان له‌م بابه‌ته‌وه پێ گه‌ییوه!
له وڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا که بۆچی من هاندرام بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته، ده‌توانم 2 هۆ ناو لێ به‌رم که یه‌کیان ئه‌مه‌یه که منیش خۆم له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که به شوێن زانیاری مێژوویی و مرۆڤ ناسیه‌وه‌م، هاوکات به شوێن ناسینی خۆشمه‌وه‌م و هیوایه‌تمه که بزانم مه‌به‌ست له ژیان چیه و ئایا هۆێکی هه‌یه که گیان له‌به‌ر ئه‌ژی? بۆ نمونه من خۆم مرۆڤێکی گۆشت خۆرم، به‌ڵام پێم وایه که ئه‌گه‌ر ژیانی گیان له‌به‌ر هۆی تایبه‌تی هه‌بێت و ژیان به مه‌به‌ست دروست کرابێت، که‌واته خواردنی گۆشتی حه‌یوان و باڵنده و ماسی و ئه‌مانه که مرۆڤ ده‌یان کوژێت و ده‌یان خوات، ده‌بێت وه‌ک کوشتنی مرۆڤ له دادگا مه‌حاسه‌به بکرێت و بکوژی حیوانیش سزای ببێت و له ڕێی یاسایه‌وه به‌ر به گۆشت خواردن بگیرێت!! ئه‌مه نمونه‌ێکه و نامه‌وێت ترس بخه‌مه دڵی گۆشت خۆره‌کان و خۆیشمه‌وه، به‌ڵام هێندێک که‌س هه‌ن که هه‌ر به‌م مه‌به‌سته گۆشت ناخۆن و به شێوه‌ی وێگێتاری یا وێجێتاری واته گیاخۆر ده‌ژین و ڕاده‌ی ئه‌مانه ئه‌مڕۆکه که‌م نین.
دووهه‌مین هۆ بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌مه‌یه که له‌م ڕۆژانه‌دا له سه‌ر ماڵپه‌ڕه ئاڵمانیه‌کان بابه‌تێک سه‌رنجمی راکێشا که خه‌ڵکانێکی زۆر باسی ده‌که‌ن و به جیدی مه‌ناقه‌شه‌ی له سه‌ر ده‌که‌ن و ئه‌ویش ڕێکه‌وتی 21.12.2012یه!
ئه‌م ڕێکه‌وته، ڕێکه‌وتی کۆتایی هاتنی ده‌وره‌ێکی ته‌قمینی مایایه که له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌م ده‌وره‌ی مایاکان کۆتایی پێ دێت و بۆ هێندێک که‌س ئه‌مه کۆتایێکی سروشتی و عادیه و له‌واندا هیچ شتێک یا خۆ هیچ پرسیارێکی غه‌یره سروشتی په‌یدا نه‌بوه و به بی کێشه دریژه به ژیان و کاری ڕۆژانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن، به‌لام هاوکات ئه‌م ڕێکه‌وته بۆ هێندێک که‌س بۆته پرسیار و هه‌ر که‌سه‌ی به شێوه‌ێک له سه‌ری ده‌دوێت. دیاره بۆ منیش ئه‌م ڕێکه‌وته سروشتیه و پرسیارێکی ئه‌وتۆی بۆ دروست نه‌کردوم، جگه له‌وه‌ی که خوێندنه‌وه‌ێکم بۆ ته‌قمینی مایا ببێت و حه‌زم کرد ئه‌م ته‌قمینه بناسم و بابه‌تێکی له سه‌ر بنوسم و هیندێکیش زانیاری به کورد زمانان له‌م باره‌وه بگه‌ێنم. به‌ڵام وه‌ک باسم کرد زۆر که‌س شتی سه‌یر و سه‌مه‌ر له‌مباره‌وه باس ده‌که‌ن و بۆ نمونه هێندێک که‌س باس له ته‌واو بونی ژیان له‌م ڕۆژه‌دا ده‌که‌ن!!
ته‌قمینی مایا له 11.08.3114ی پێش زایین واته 5122 ساڵ له‌مه پێش ده‌ست پێ ده‌کات و له 21.12.2012 ده‌وره‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت. بۆیه که‌سانێک ده‌ڵێن که له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌و حادیسه‌ی که 28500 ساڵ له‌مه پێش ڕوی داوه، واته ئاڵ و گۆڕ هاتن به سه‌ر زه‌ویدا دوباره ڕوده‌داته‌وه! هێندێک که‌س ده‌ڵێن که نه‌خێر له‌و ڕۆژه‌دا ده‌وره‌یکی نوی له ڕۆژ یا ڕۆشنایی یا نور ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه. که‌سانێکی تر ده‌لێن که له‌و ڕۆژه‌دا مرۆڤ خۆی له کات و شوێن (Raum und Zeit) ڕزگار ده‌کات، واته مرۆڤ وابه‌سته به زه‌مان و مه‌کان نامینێت. هێندێک ده‌ڵێن که له‌و ڕۆژه‌دا چواره‌مین ده‌وره‌ی ته‌قمینی مایا کۆتایی پێ دێت و پێنجه‌مین ده‌وره ده‌ست پێده‌کات و به‌م هۆیه‌شه‌وه جیهان نه‌زمێکی نوی ده‌ست پی ده‌کات. هێندێ باسه‌که ڕه‌بت ده‌ده‌نه‌وه به داستانی که‌له سه‌ره کریستاڵیه‌کان، که پێم وا بیت له‌م ئاخرانه‌شدا هۆلیوود داستانه‌که‌ی کردووه به فیلمی ئیندیانا جۆنز. www.ika2012.de.vu . که‌سانێکیش ده‌لێن که له‌م ڕۆژه‌دا ده‌وره‌ی 26000 ساڵه‌ی سیسته‌می خۆری و ڕێگای شیری ئال و گۆڕی به سه‌ر دا دێت، به‌ڵام نه‌یان وتوه که ئایا ئێمه له خۆر دور ده‌که‌وێنه‌وه یا لیی نزیک ده‌که‌وینه‌وه، که دیاره هه‌ردوکیان زیان بارن بۆ ئێمه، به یه‌کیان ده‌سوتێین و به یه‌کی دیکه‌یان ڕه‌ق هه‌ڵده‌گه‌ڕیین!!
هێندێک که‌س پییان وایه که ئێمه‌ی مرۆڤ له که‌هکه‌شان به ته‌نیا نین و مرۆڤی دیکه‌ش له ده‌ور و به‌ری زه‌وی واته سه‌دان یا هه‌زاران ساڵی نوری دورتر له ئێمه ده‌ژین، ئه‌گه‌ر چی ئێمه ئه‌وان ناناسین، به‌ڵام ئه‌وان ئێمه ده‌ناسن و به که‌ڕات سه‌ردانیان کردوین، هه‌ر وه‌ک باسی بوشقاب په‌ڕه‌نده که ڕه‌نگه زۆرمان له‌م بابه‌ته‌وه شتمان بیستبێت و شتمان خوێندبێته‌وه. هێندێک که‌س واوه‌تریش ده‌ڕۆن و پێیان وایه که به‌ڵی کاتی خۆی که مرۆڤ له سه‌ر عه‌رز هێشتا مرۆڤ نه‌بوه و ئه‌قڵی نه‌بوه و له جه‌نگه‌ڵه‌کاندا وه‌ک حه‌یوان ژیاوه یا خۆ هه‌ر ڕێک حه‌یوان بوه، ئه‌م دراوسێیانه‌ی سه‌یاره‌ی عه‌رز که گۆیا زۆریش پێشکه‌وتون سه‌ردانی عه‌رزیان کردوه و ڕابیته‌ی سیکسییان له گه‌ڵ ئه‌م حه‌یوانانه‌ی سه‌ر عه‌رز به‌ر قه‌رار کردوه و ڕویشتون و کاتێکیش که دواتر له سه‌ر عه‌رز منداڵ به دنیا هاتون، هێندێک ئه‌قڵیان بوه و گۆیا سه‌رچاوه‌ی مرۆڤی ئاقڵی ئه‌مڕۆ له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. (وه‌ک ئه‌فسانه‌ی تارزان)! هێندێک پێیان وایه که ئه‌وان ئاگایان له هه‌مو شتێکی ئێمه‌یه و چاوه‌دیریمان ده‌که‌ن و له هه‌ندێک هه‌ڕه‌شه‌ش ده‌مان پارێزن و گۆیا ئایینیش هه‌ر ئه‌وان بۆیان داناوین و سه‌رچاوه‌ی وه‌حی ئاسمانیش و کتێبه ئاسمانیه‌کانیش هه‌ر ئه‌وانن!! ئه‌وه‌ی که مرۆڤ به خودا و هێزێکی مافه‌وق ده‌یناسێت گۆیا هه‌ر له‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و ته‌قمینی مایاش که وه‌ک باسم کرد سه‌ره‌تاکه‌ی 11.08.3114ی پێش زایینه هه‌ر ئه‌وان دایان ناوه و ده‌وترێت که ئه‌م ده‌وره‌ی تاقی کردنه‌وه‌یان که له 21.12.2012 ته‌واو ده‌بێت، ئیتر له‌و ڕۆژه‌دا که کۆتایی ته‌قمینی مایایشه سه‌ردانی عه‌رز ده‌که‌نه‌وه و دێن خۆیانمان پێ ده‌ناسێنن!!!
دیاره خوێندنه‌وه و باس کردنی ئه‌م شتانه که ئه‌مڕۆکه له ماڵپه‌ڕه‌کان زۆرن، ڕه‌نگه بۆ ئایین په‌ره‌ستان کفر بن و باس کردنیشیان باش نه‌بێت، به‌ڵام بابه‌ت گه‌لێکن که هه‌م ته‌خه‌یولی و به دور له ڕاستی دیارن و هه‌میش جێگای تێڕامانن و ناکرێت هه‌ر وا لێیان ڕه‌ت بین و پشت گوێیان خه‌ین.
کاتێک که ئێمه بیر له گه‌وره‌یی که‌هکه‌شان بکه‌ینه‌وه و به شه‌رتێک بۆ خۆمانی موجه‌سه‌م که‌ین که ئه‌م گه‌وره‌ییه چه‌نده زۆره که به خه‌یال نایات، ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕی که ده‌کرێت له‌م که‌هکه‌شانه به‌م عه‌زه‌مه‌ته‌دا که ئه‌م زه‌ویه‌ی ئێمه تییدا ته‌نیا به قه‌ده‌ر مێروله‌ێک ده‌بێت و ئه‌گه‌ر بۆ نمونه له سه‌ر سه‌یاره‌ی مانگه‌وه بڕوانینه زه‌وی، له‌وێوه زه‌وی به قه‌ده‌ر هه‌ر ئه‌و مانگه ده‌بێت که ئێمه له عه‌رزه‌وه ده‌یبینین، ڕه‌نگه به که‌مێک فه‌رقه‌وه و ئه‌گه‌ر بتوانین بچینه سه‌ر خۆر (که ناتوانین) و له‌وێوه سه‌یری عه‌رز بکه‌ین، عه‌رز به‌س به قه‌ده‌ر ئه‌ستێره‌ێک ده‌بێت که ئیمه‌ش شه‌وانه هه‌زاران ئه‌ستێره ده‌بینین له ئاسمان، که هه‌ر یه‌که‌یان ڕه‌نگه له زه‌وی و مانگ و خۆر چکۆله‌تر یا گه‌وره‌تر بن. که واته ئه‌م زیهنیه‌ته بۆ من دروست ده‌بێت، که ئایا ئیوه‌ش پێتان وانیه که ئه‌م که‌هکه‌شانه عه‌زیمه به ته‌نیا بۆ ئێمه‌ی مرۆڤ، زۆر گه‌وره‌یه و ده‌کرێت زینده‌وه‌ری دیکه‌ش بونیان هه‌بێت و ده‌شکرێت له ئێمه ئاقڵتر بن و یا ڕه‌نگه ئاقڵتر نه‌بن، به‌لام من پێم وایه ته‌نیا ئێمه نین که له سه‌ر عه‌رز ده‌ژین، به‌ڵکو بونه‌وه‌ری دیکه‌ش ده‌کرێت دورتر له ئێمه و له سه‌یاره یا ئه‌ستێره‌ێکی دیکه‌دا یا له چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی دیکه‌دا بونیان هه‌بێت.
ته‌نیا سه‌یری گه‌وره‌یی خۆر که‌ن، 4.5 میلیارد ساڵه ده‌سوتێت، له هه‌ر ساته سانیه‌ێکدا 4.2 میلیون تۆن ده‌سوتینێت و به‌م حاڵه‌ش تا ئێستا له‌م ماوه دور و درێژه‌دا ته‌نیا 0.03% له وه‌زنی خۆر که‌م بۆته‌وه! ئیتر ئه‌بێت گه‌وره‌یی که‌هکه‌شان، که خۆر ته‌نیا 1 ئه‌ستێره‌یه تییدا، چه‌نده بێت? و ئایا ئه‌م گه‌وره‌ییه ته‌نیا بۆ 5 میلیارد مرۆڤی سه‌ر عه‌رز بونیان هه‌یه? ئه‌گه‌ر وابێت ئێمه فه‌زاێکی زۆر له ئاسماندا خه‌سار ده‌ده‌ین و به کاری ناهینین!!!
مایاکان، خاوه‌نی ته‌قمینی مایا، کێن و له کوی ئه‌ژین?
مایاکان کۆمه‌ڵێک له سور پێسته‌کانی نێوه‌راستی ئه‌مریکان که له باشور و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاتی مه‌کزیکۆ (Yucatan) هه‌ر وه‌ها له چه‌ند به‌شێک له گواتێمالا و هوندوڕاس و بێلیز له به‌رایێکی 350 هه‌زار کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌دا ده‌ژین. یه‌که‌مین ئاسه‌واره‌کانی مایاکان که له بێلیز دوزراونه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌یان له سه‌ر کراوه باسی ژیانی ئه‌م گه‌له له 3 تا 4 هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌که‌ن واته 5 تا 6 هه‌زار ساڵ له‌مه پێش. له سه‌ر مێژوی ئه‌م گه‌له زۆر شت نوسراوه و من له باس کردنیان خۆ ده‌بوێرم به‌س ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که له ساڵه‌کانی 250 تا 600ی دوای زایین دو قه‌ومی گه‌وره‌ی ئه‌م گه‌له واته کالاکمول و تیکاڵ له گه‌ڵ یه‌کتر به شه‌ڕ دێن و ئه‌مه ده‌بێته هۆی کۆچ و دور که‌وتنه‌وه‌یان له یه‌کتر.
گه‌لی مایا له ساڵی 1492 دوای زایین به هۆی دۆزینه‌وه قاڕه‌ی ئه‌مریکا له لایه‌ن کریستۆف کولۆمبه‌وه، له ئه‌مریکا ناسران، که پێشتر نه ئه‌وان زانیاریان له‌مه‌ڕ بونی مرۆڤی دیکه له‌و په‌ڕی زه‌ریاکان هه‌بو و نه ئوروپی و ئاسیایه‌کانیش هه‌واڵی بونی ئه‌م گه‌له‌یان هه‌بو. کاتێک که مایاکان دۆزرانه‌وه خۆیان خاوه‌نی ته‌مه‌دون و ئایین و کولتورێکی به‌رز و ڕێک و پێکی سه‌رده‌می خۆیان بون، واته به بێ ده‌ست تێوه‌ردانی گه‌لانی دیکه‌ی ئوروپی که به‌ره‌و ئه‌مریکا هاتبون، خۆیان خاوه‌نی کولتور و ریازیات (ماته‌ماتیک) و حیساباتی خۆیان بون. هه‌روه‌ها مایاکان خاوه‌نی دڕێژترین و پڕ ڕه‌مز و رازترین ته‌قمینن که به ته‌قمینی مایا ناسراوه. ته‌قمینی مایا ئه‌گه‌ر چی به شێوه‌ی سیمبول و ڕه‌قه‌م داڕێژراوه و زۆربه‌ی هۆڕۆسکۆپه‌کان (تاڵع بینی مانگ و ئه‌ستێره‌کان له سه‌ر مرۆڤ) و زۆر شتی ئه‌ستێره ناسی و که‌هکه‌شان ناسی له ڕوی ئه‌م ته‌قمینه‌وه ناسراون، به‌ڵام هه‌نۆکه‌ش پسپۆڕانی شاره‌زای ئه‌م بواره سه‌ریان له هه‌موی ده‌ر ناچێت و کۆد و سڕ و ڕازه‌کانیان به ته‌وای بۆ نادۆزرێته‌وه.
ته‌قمینی مایا چیه و چۆنه و چۆن به کار ده‌هێنرێت?
ته‌قمینی مایا وه‌ک گه‌وره‌ترین ته‌قمینی ئه‌ستێره ناسی و له ڕوی نه‌زمی مانگ و خۆره‌وه، مێژوییترین ته‌قمینه که مرۆڤ دروستی کردبێت. مایاکان خۆیان هه‌م به مه‌به‌ستی شه‌خسی و هه‌م بۆ بۆنه ئایینه‌کانیان له چه‌ند ته‌قمین له پاڵ یه‌کدا که‌ڵک وه‌رده‌گرن، که پشتیوانی له ڕۆژژمێری سیسته‌می بیستی یا (Vigesimalsystem)ده‌که‌ن. سیسته‌می بیستی به شێوه‌ێک له سیسته‌می عه‌ده‌دی ده‌ڵێن که عه‌ده‌دی بیست وه‌ک بنه‌ما داده‌ندرێت. تێگه‌یشتن له‌م سیسته‌می بیستیه ئاسان نیه و خویندنه‌وه‌ێکی ماته‌ماتیکی و شاره‌زایی له‌م بواره‌دا پێویسته، ته‌نیا ته‌وزیحێکی ساده که بۆ ئه‌م جۆره بژاردنه کراوه که هه‌مو که‌س تێی بگات ئه‌مه‌یه که مایاکان بۆ بژاردن بێجگه له قامکی ده‌سته‌کانیان، قامکی قاچه‌کانیشیان به کار هێناوه!
یه‌کێک له ته‌قمینه‌کانی مایاکان ته‌قمینی بۆنه ئایینیه‌کانی مایاکانه که ناوی (Tzolkin)ه و به مانای "بژاردنی ڕۆژه‌کان"ه. له‌م ته‌قمینه‌دا هه‌ر ڕۆژێک (Kin) به هۆی عه‌ده‌دێکی ته‌رکیبیه‌وه (Ton) له 1 تا 13 به ناوی یه‌کێک له 20 دانه خوداکانی پاراستنیان و یا (ناوی ڕۆژه‌کان) ناو نراون. به‌م جۆره ڕێکه‌وتێکی (Tzolkin) ڕۆژێکی دیاریکراو نیشان ده‌دات له ده‌وره‌ێکی یه‌ک ساڵه‌ی 260 ڕۆژیدا و بۆ نمونه به 6 (Edznab) حیساب ده‌کرێت!
به یه‌کێکی دیکه له ته‌قمینه‌کانیان که به ته‌قمینی خڕڕ کراوش (Kalenderrunde) ناو ده‌بردرێت، ته‌قمینی هاب (Haab-Kalender) ده‌ڵێن. له‌م ته‌قمینه‌یاندا یه‌ک ساڵ که 365 ڕۆژه به‌م شێوه خڕڕ ده‌که‌نه‌وه، واته ( یه‌ک ساڵ لای ئه‌وان 18 مانگه که هه‌ر مانگه‌ی 20 ڕۆژه و 5 ڕۆژی باقیه‌که‌یشی سه‌ر ده‌خه‌ن). مایاکان ته‌قمینی هاب که 365 ڕۆژه له گه‌ڵ ته‌قمینی تزۆلکین که وتمان 260 ڕۆژه پێکه‌وه خڕڕ ده‌که‌نه‌وه و سه‌رجه‌م 18980 ڕۆژ به ده‌ست دێنن، که ده‌کاته 52 ساڵی هابی و یا 73 ساڵی تزۆلکینی.
دیاره مایاکان ئه‌و کات واته پێنج تا شه‌ش هه‌زار ساڵ له‌مه پێش ئه‌م خڕڕ کردنه‌وه‌یان واته 365 و 260 به شیوه‌ی جه‌بری یا (Algebra) له ماته‌ماتیکدا به ده‌ست هێناوه و ئه‌م جۆره خڕڕ کردنه‌وه به ئالمانی پێی ده‌ڵێن (kleinste gemeinsame Vielfache (kgV)) که به داخه‌وه کورد هیچی پێ ناڵێن و ئه‌م وشانه‌مان به له سه‌ر یه‌ک خراوی نیه و ته‌نیا ده‌توانم وشه به وشه وه‌ریگێڕمه‌وه که ماناکه‌ی له ده‌ست ده‌دات، که ده‌بیته (چکۆله‌ترین چه‌ندباره‌ی پێکه‌وه) یا شتێکی له‌م بابه‌ته!! دیاره ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێک حه‌ز به چۆنیه‌تیه‌که‌ی بکات, ده‌توانێت له ئینتێڕنێت له‌م باره‌وه زانیاری ته‌واو وه‌ربگرێت، بۆیه من ناچمه قولایی ئه‌و باسه و ڕه‌نگه زۆربه‌ی خوێنه‌ران تاقه‌تی جه‌بر و ڕیازییاتیان نه‌بێت!
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌مه‌یه که ئه‌خیر ده‌وره‌ی ئه‌م ته‌قمینه خڕڕ کراوه که باسم کرد، له چوار ساڵی دیکه‌دا واته له کۆتایی ساڵی 2012 کۆتایی پێ دێت. به گوێره‌ی ئه‌و نوسراوانه‌ی که له‌م باره‌وه بلاو ده‌کرێنه‌وه ئه‌م ڕێکه‌وته پێشتر له ئینجیل و ته‌وڕاتیشدا ناوی لی بردراوه، که من له راستی و دروستی ئه‌مه ئاگادار نیم.
له کۆتاییدا هیوادارم که به بی پێشداوه‌ری ئه‌م ڕێکه‌وته مان له بیر بمێنێت و به ئاواتی ئه‌وه‌ی که له‌و ڕۆژه به دواوه، هه‌ر وه‌ک هیندێک که‌س پێیان وایه که ئه‌شق و خۆشه‌ویستی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر عه‌رز و بۆ لای مرۆڤایه‌تی، ئه‌مه‌یان ڕاست بیت و به‌ر ده‌رگای هه‌مو مرۆڤێک پڕ بێت له گوڵ و گوڵزار و پێکه‌نین و خۆشه‌ویستی!
28ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 2708
سه‌رچاوه‌کان: ئینتێڕنێت
2008-11-18 23:48:58
17 ساڵ و 3 مانگ و 3 کاتژمێر و 43 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان